وردتر

11:31 - 2022-08-09
لەشکر حەمە ساڵح
339 خوێندراوەتەوە

لیمۆی ئەفریقی لە هەورامان

لە ئێوارەیەكی درەنگدا، چەند هاوڕێیەك لە شارۆچكەی تەوێڵە لە ناوچەی هەورامان بە دوای لیمۆدا دەگەڕان. زۆربەی دوكان و فرۆشگەكانی سەوزە و میوە داخرابوون، تەنها دوكانێكی فرۆشتنی شەربەتی فرێش داواكارییەكە مەیسەر دەكات، لەو كاتەشدا كابرای دوكاندار گلەیی دەكرد لەوەی بەشێك لەو لیمۆیەی ئێستا لە بازاڕەكانی هەرێمدا هەیە، كە لە ئەفریقاوە هاتووە، وشكە و كەمترین شەربەتی لێ دروستدەكرێت، ئەوەش زۆرجار لە بری قازانج كارەكەیان دەبێتە مایەكاری.
ئەم بابەتە، لە دوو رووەوە جێگەی سەرنجە، یەكەمیان رووی گەشتیاری و بازرگانی ناوچەی هەورامان، دووەمیشیان پەیوەستە بەباری كشتوكاڵی و بەروبوومە جۆراوجۆرەكان و دابینكردنی پێداویستی ناوخۆ لە سەوزە و میوە و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان بەشێوەیەكی گشتی.
هەورامان ناوچەیەكی جوان و دڵگیرە، بەدرێژایی وەرز و مانگەكانی ساڵ ناوچەیەكی كەمەندكێشە بۆ گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی، بەڵام هێشتا كێشە سەرەتایی و بنچینەییەكانی وەك شار و ناوەندێكی گەشتیاری چارەسەر نەكراوە، هەم بەشێكی خەڵكەكەی، هەمیش دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان نەخشەڕێگە و پلان و توانای گونجاویان نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاراندا، بەو جۆرەی هەم گەشتیارەكان كاتێكی خۆش لە ژینگەیەكی دڵگیردا بەسەربەرن، هەمیش خەڵكی ناوچەكە سوودێكی ئابووریی باشتر لە سروشتی ناوچەكەیان وەربگرن و وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات و بژێوی تەماشای بكەن.
بەڕاستی جێگەی سەرنجە كە دوكان و فرۆشگە و بازاڕی ناوچەیەكی گەشتیاریی وەك تەوێڵە و ئاوێسەر و دەوروبەری وەك ناوچەیەكی تری كوردستان بێت كە گەشتیاری نییە و بە رێكەوتیش گەشتیاران و گروپەكانیان رووی تێناكەن، هەر ئێوارە و پێش تاریك داهاتنی ئاسمان، رزقەكانیان كۆبكەنەوە و قوفڵێكی گەورە لە دەڕابەی دوكانەكانیان بدەن!
دیوی دووەمی ئەم مەسەلەیە پەیوەستە بەباری كشتوكاڵی و بەروبوومە جۆراوجۆرەكان و دابینكردنی پێداویستی ناوخۆ! مایەی نیگەرانییە كە دوای ساڵانێكی زۆر لە هەوڵ و كۆشش و لەم سەردەمی جیهانگیری و ئازادیی بازرگانییەدا بار و توانای كشتوكاڵی لە كوردستان ئەوەندە لاواز و سەرەتایی بێت كە بەروبومی كشتوكاڵی بۆ پێداویستی ناوخۆ دابین نەكات! لەوەشدا میوە و سەوزە و بەروبوومە پێویست و گرانبەهاكان دەگرێتەوە. 
مایەی سەرنجە لە كیشوەری ئەفریقاوە لیمۆیەكی خراپی وشكهەڵاتوو بگاتە شارۆچكەی تەوێڵە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەو خاكە بەپیت و فەڕەی كوردستان ئەوەندە  پشتگوێخراو بێت توانای دابینكردنی بەرهەمێكی سەرەتایی وەك تەماتە و لیمۆ و هی تر نەبێت! دیقەت لە پلان و بیركردنەوە و كاركردنی بەشی زۆری جوتیاران و كەرتی كشتوكاڵی و بەرپرسان و پسپۆڕانی پەیوەست بەم بوارە بدەن كە چەندە بێباك و خەمساردن بەرامبەر خاك و خەڵكی كوردستان، زۆر نەنگییە یەكێك لە بەرهەمە سەرەكی و گرنگەكان خەیار ( ئاروو )بێت بەڵام جوتیاران و خاوەنی كێڵگە و خانووە پلاستیكییەكان هەموو یان زۆربەیان هەر ئەوە بكەن و بیر لە (دەگمەنی) و (بەها) و (كێبڕكێ) نەكەنەوە، بەناچاری بەنرخێكی رەمزی بیفرۆشن یان وەك گلەییەك لە حكومەت لەسەر شەقام و رێگەكان فڕێی بدەن!

وتارەکانی نوسەر