لە یادی کوردستانی نوێ دا

سەكۆ دیجیتاڵییەكان ئەو بەهەشتە نین كە خەونی پێوە دەبینین!

12:06 - 2025-01-12
لەشکر حەمە ساڵح
116 خوێندراوەتەوە

بۆچوونە زاڵەكە وایە كە رۆژنامە و بڵاوكراوەی كاغەزی لە پاشەكشەدایە، لە راستیشدا  زۆر وا نییە! چونكە سەكۆ دیجیتاڵییەكان ئەو بەهەشتە نین كە هەندێك خەونی پێوەدەبینن، بەتایبەتی لە رووی سیاسییەوە.
ئەو كەسانەی لە سەكۆ دیجیتاڵییەكاندا كاردەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی رۆژانە سەروكاریان لەگەڵ كۆت و بەندەكان، خاوەندارێتی و كۆپی پەیست، سانسۆر و وشە قەدەغەكراوەكاندا هەیە باشتر لەوە تێدەگەن كە ئێستا لە بواری میدیادا چی روودەدات؟ بۆیە ئێستا لەسەر ئاستی جیهانی مشتومڕی زیاتر هەیە لەسەر دۆخی میدیای دیجیتاڵی و ئەگەری گەڕانەوە بۆ میدیای كاغەزی كە سانسۆر كەمتر و سنووردار تر بوو.
بۆ ئەوەی روونتر بێت، كاتێك سەكۆ دیجیتاڵییەكان، بۆ نموونە سەكۆیەكی وەك فەیسبووك، دەكەوێتە ژێر هەژموونی سیاسی و ئیداریی وڵاتانەوە، بەتایبەتی ئۆفیسە ئیقلیمییەكانی، وشە و وێنە و ڤیدیۆ بە هۆكاری سیاسی قەدەغە دەكات، بەشێكی زۆری ئەوەی رۆژانە لەسەر سێرڤەری ئەو سەكۆیانە بڵاودەكرێتەوە، دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
بۆچی وشەیەك، ناوێك، كەسایەتییەك، حزبێك، لۆگۆیەك، دەستەوەژایەك بەهۆكاری سیاسی دەچێتە لیستی رەشی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سەكۆ دیجیتاڵییەكانەوە؟ كێ و چۆن ئەو بڕیارە دەدات؟ بۆچی ناوهێنانی داعش و شەڕی غەزە و دەیان و سەدان ناوی تر قەدەغە بن؟ كێ ئەو بڕیارەی داوە و بۆچی داویەتی؟
دیارە هەندێك لە قەدەغەكراوەكان، شایانی قەدەغەكردنن، وەك دیمەنەكانی كوشتن و بڕین و بابەتی پەیوەست بە تیرۆر و توندوتیژی و ... هتد، بەڵام زۆربەی جار قەدەغەكردنەكان، ستەمكارانەن. 
ناكرێت بەهیچ هۆكارێك ناوی هێزەكانی سوریای دیموكرات و سەركردە و فەرماندەكانی قەدەغە بن! هەروەك ناكرێت هەواڵی پەیوەست بە شەڕی غەزە و بزووتنەوەی حەماس قەدەغە بن و سانسۆر بكرێن یان ئەوەی لەبارەی ئۆكرانیا و هێرشی روسیاوە بڵاودەكرێتەوە.
وەك دەركەوتووە ئەو قەدەغەكراوانە زۆربەی جار جێگیرن و كەمتر گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، زیاتریش لە ئۆفیسە هەرێمایەتییەكانی سەكۆ دیجیتاڵییەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ئەگەری زۆریش ئەوەیە ئەو ئۆفیسانە ناچنە ناو وردەكاریی داواكاریی وڵاتان بۆ دانانی قەدەغە لەسەر هەر وشە و ناو و وێنەیەك، بەڵكو ئاسانتر سازش بۆ وڵاتان و كۆمپانیاكان و رێكخراو و دامەزراوەكان دەكەن.
ئەوەشی زیاتر مایەی سەرنجە، ئۆفیسە ئیقلیمییەكان، بۆ نموونە فەیسبووك، لە توركیا و دوبەی و وڵاتانی تر، ئەركی جێبەجێكردنی قەدەغە و سانسۆكراوەكان لە دەست هێزی مرۆیی دەسەنێتەوە و بە زیرەكیی دەستكرد و رۆبۆتە ئەلكترۆنییە زیرەكەكانی دەسپێرێت.
ئەگەر بازنەكە فراوانتر بكەین، دەردەكەوێت كە قەدەغەكراوەكان تەنها لایەنی سیاسی ناگرنەوە، بەڵكو زۆرجار سكاڵای جددی هەیە لەسەر قۆرخكاریی ئابووری و بازرگانی. دروستكردنی كاریگەریی لەسەر هۆشیاریی كڕیار بۆ هەڵبژاردنی براندێكی دیاریكراو كە پارەیەكی زیاتر لە رێگەی سپۆنسەرەوە دەداتە سەكۆ دیجیتاڵییەكان. 
هەروەك هەمان مەسەلە بەرامبەر میدیاكانیش جێبەجێ دەكرێت، بۆ نموونە كۆت و بەندی جۆراوجۆر بۆ دامەزراوە میدیاییەكانی روسیا و چین لەسەر سەكۆ دیجیتاڵییەكان دروست دەكرێت و دەرفەتیان پێنادرێت بابەتەكانیان بگاتە فۆڵۆوەرس و وەرگرەكانیان.
كوردستانی نوێ و ئەو میدیا كاغەزیانەی لە كوردستان ماون، ئەگەر كۆت و بەندە سیاسییەكان، ستراتیجی سیاسی و حزبی خۆیان ئەپدەیت بكەنەوە، دەرفەتی باشتری گەشەكردن و بەهێز بوونەوەیان لە بەردەستدایە و لە رووی بابەتیشەوە گونجاون.

وتارەکانی نوسەر