لەشكر حەمە ساڵح
هەفتەی رابردوو دەقێكی ئەدەبیی سەردەمی دیجیتاڵم لە یەكێك لە سەكۆكانی سۆشیال میدیا بەرچاو كەوت، ئەو دەقە؛ گونجێنرابوو لەگەڵ تایبەتمەندییەكانی سەكۆیەكی وەك فەیسبووك، ژمارەی وشەكانی كەم و تابلۆیەكی گرافیكیی رەنگڕێژكراو بەناوەڕۆكەكەی لەگەڵدا پۆست كرابوو، زۆر جالب و كەمەندكێش بوو.
جگە لە ریاكشنە دیاریكراوەكان، هەندێك كۆمێتنی بۆ نووسرا بوو كە مایەی سەرنج بوون، یەكێكیان بە هەمان ستایل دەقە ئەدەبییەكە بوو؛ زۆر وەستایانە داڕێژرا بوو و لەسەر ریتمی دەقەكە، دەقەكەی پێچەوانە كردبۆوە!
ئەو دەقە ئەدەبییە لە ماوەی چەند سەعاتێكدا دەیان كۆمێنت و سەدان لایك و ریاكشنەكانی تری بۆ هاتبوو، چەند كەسێكی تریش شەیریان كردبوو لەسەر ئەكاونتی خۆیان یان ناردبوویان بۆ گرووپی تر و هاوڕێكانیان.
ئەو نموونەیە دەریدەخات كە ئیتر ئەدەب و بەرهەمە ئەدەبییەكانی وەك شیعر و چیرۆك و كورتە چیرۆك و هتد هەر پەلوپۆكراوی سەر كاغەزە بۆر و ناشیرینەكان و رەفەی كتێبخانەكان نین، جیهانی دیجیتاڵی، بەتایبەتی سۆشیال میدیا و ئەگەرەكانی زیرەكیی دەستكرد دەرگایەكی گەورەی بەسەر ئەو بوارەشدا كردۆتەوە، تەنانەت دەوترێت، تایپێكی نوێی ئەدەب كە شاشەی مۆبایل دەكاتە دەلاقەی گەیشتن بە وەرگر، لە بەردەرگا وەستاوە ... ئەگەر هەر نەهاتبێتە ناو كەلتوور و فەرهەنگ و جیهانەكەشمانەوە!
سەكۆ جیاوازەكانی سۆشیال میدیا دەرفەتێكی زێڕینیان بۆ ئەدەب خوڵقاندووە؛ جۆرێك لە دیموكراتیی بڵاوكردنەوەی دەستەبەر كردووە و رۆڵی دەزگا و بڵاوكراوە و خانەكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی تایبەتمەندی پەراوێزخستووە، ئێستا ئیتر هاوشانی ئەدەبی تەقلیدی، ئەدەبی ئینتەرنێتی یان ئەدەبی دیجیتاڵی لە گەشەكردنی بەردەوامدایە.
ئایا ئەوەی ئێستا لە خەمڵیندایە تا چەند پەیوەندیی هەیە بە ئەدەبی تەقلیدییەوە؟ شتێكی سەربەخۆ و جیاوازە یان پەیوەستییەكی رۆحی بە یەكەوە دەیانبەستێتەوە؟ سەرهەڵدانی دەقیی ئەدەبیی كورت و گونجێنراو لەگەڵ تایبەتمەندیی سەكۆ جیاوازەكان زیانی بە ئەدەب گەیاندووە یان بە پێچەوانەوە خزمەتی كردووە و دەوڵەمەندی كردووە؟
ئەوەی دەمێنێتەوە بەها و كوالیتی و ئاستی بەرهەمە ئەدەبییەكانە كە بەهۆی تایبەتمەندییەكانی سەردەمی دیجیتاڵەوە، ئیتر لیژنەی پسپۆڕ و كەسانی شارەزا بەردەست نین بۆ هەڵسەنگاندنی بەرهەمەكان، لەمپەرێك نەماوە، ئەو چركەیەی دەقێك لە دایكدەبێت چركەی دواتر، چركەی بڵاوبوونەوە و گەیشتنیەتی بە وەرگر. ئایا ئەمە لە مەدای دوور و نزیكدا پاشەكشەیە بۆ ئەدەب و دەقە ئەدەبییەكان یان دەرگایەكی فراوانە و كراوەتەوە و دەبێت سوودی لێوەربگرین؟