كێ دارەسووتاوەكەی سووتاند؟

10:23 - 2025-04-08
لەشکر حەمە ساڵح
192 خوێندراوەتەوە

بەدەنگەوە هاتنی خێرا بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی بازاڕی دارەسووتاوەكەی سلێمانی كارێكی باشە و جێگەی دەستخۆشییە، جەختكردنەوەیە لەسەر ئەو راستییەی هۆكاری ئاگرەكە هەرچییەك بێت نابێت كاسبكاران باجەكەی بدەن و بژێوی ماڵ و منداڵیان پەكی بكەوێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا ئاگرێكی گەورە لە بازاڕی دارەسووتاوەكەی سلێمانی كەوتەوە و زیانێكی زۆری لێكەوتەوە و دەیان دوكان و كار و بازرگانیی هاووڵاتیان زیانی پێگەیشت كە بە سەدان هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت. 
ئەو رووداوە خەڵكی سلێمانیی تووڕە و نیگەران كرد، بەشێكیشیان چیرۆكی ئەو رووداوەیان هاتەوە یاد كە خۆی لە بنەڕەتدا بەهۆیەوە ناونرا دارەسووتاوەكە.
سووتانی ئەمجارەی دارەسووتاوەكە لە دوو رووەوە جیاواز بوو لە سووتان یان راست تر سووتاندنی پێشوو تر. ئەمجارە هێزەكانی بەرگریی شارستانی و لایەنی پەیوەندیدار هەر زوو بە دەم رووداوەكەوە چوون و لە ماوەیەكی پێوانەییدا ئاگرەكەیان كۆنترۆڵكرد و نەیانهێشت پەرە بسێنێت و سنوورێكیان بۆ زەرەر و زیانەكانی دانا. 

 

پێویستە ئەگەر دەستێك لەو كارەدا هەبێت ئاشكرا بكرێت و خەڵك دڵنیا بكرێتەوە لەوەی شتێكی شاراوە هەیە یان نا؟ 

 

هەروەك، لێپرسراوان و لایەنی پەیوەندیدار و خەمخۆران زوو بە زوو هاتنە سەر خەت بۆ خەمڵاندنی زیانەكان و قەرەبووكردنەوەیان. سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال و خودی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەكارییان كردووە بۆ ئەوەی زەرەر و زیانەكان بە نزیكەی یەك ملیار دینار قەرەبوو بكەنەوە وەك ئەوەی عەتا محەمەد بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانیی جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كاسبكارانی زیانلێكەوتوو و لێدوانەكانیدا ئاماژەی پێداوە.
جاری پێشوو، رژێمی بەعس لە ساڵی 1977 دا بازاڕی مەیدانی دارەكەی سووتاند بەهۆی گومانەكانی لە بەكارهێنانی لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بۆ چالاكییەكانی لە ناو شاری سلێمانیدا. ئەو سووتاندنە ئەوەندە ئازاری ویژدانی خەڵكی ئەم شارەی دا كە وەك یادگارییەك بۆ ئەوەی لە بیرنەچێتەوە و دوای ئەو هەموو ساڵە هێشتا پێی دەڵێن دارەسووتاوەكە. 
بەڵام ئەمجارە پێناچێت هیچ مەبەستێك لەو كارەدا هەبێت و ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكانیشە زوو بە زوو لێكۆڵینەوە جددی بكەن لە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە، پێویستە ئەگەر دەستێك لەو كارەدا هەبێت ئاشكرا بكرێت و خەڵك دڵنیا بكرێتەوە لەوەی شتێكی شاراوە هەیە یان نا؟ هەروەك پێویستە قەرەبووكردنەوە و نۆژەنكردنەوە زوو بە زوو تەواو بكرێت نەك وەك نۆژەنكردنەوەی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر ماوەیەكی زۆر پێبچێت، هەرنا لەبەرئەوەی ئەو بازاڕە میللیانە، بڕبڕەی پشتی بازاڕی شارەكانن و دەیان و سەدان هاووڵاتی و خێزان وەك سەرچاوەی داهات و كەسابەت و بژێوی پشتی پێدەبەستن كە ئەوەش ئەركێكی لە دواخستن نەهاتووە.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانییان لەماوەیەکی کورتدا کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن

وتارەکانی نوسەر