ئەیاز محەمەد سەلیم هەرکی
هه‌رێمی شەهبا جوگرافیایه‌كی بچووک و ئاڵۆز پێکدەهێنێت لە نێوان حەلەب و ئەعەزاز و عەفرین، شەهبا یەکەیەکی ئیداریی سەربەخۆیە لە باکوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا.
شەهبا له رووی كارگێڕییه‌وه بەشێکە لە پارێزگای حەلەب، دەکەوێتە دووری 15 کیلۆمەتر لە باكووری شارەکەوە، لە ساڵی 2016 بەشێک لە هه‌رێمی شەهبا بە هۆی راپەڕینی کوردەوە له رۆژئاڤای كوردستان ئازاد کرا.
هەرێمەکە له چوار ناحیه‌ی سه‌ره‌كی پێكهاتووه وه‌ك، (ته‌ل ره‌فعه‌ت - فافین- ئه‌حداس- ئه‌حره‌س)، تەل ره‌فعەت گەورەترین شارۆچکەی هه‌رێمی شه‌هبایه و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 20 هەزار کەسە، هه‌روه‌ها رۆژانه لە ژێر بۆردومانی بەردەوامی سوپای تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەدایە، زیاتر لە 50 گوندی كوردی و 13 گوندی عه‌فرین هەن كە لەلایەن تورکیا و میلیشیاکانەوە داگیرنەكراون.
ژمارەی دانیشتوانی شەهبا به ئاوارەکانی عەفرینەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی زیاتر لە 300 هەزار کەس دەبن، لە سەرەتای ساڵی 2018 هەزاران کەس له خەڵکی عەفرین ناچاربوون لە هه‌رێمی شەهبا نیشتەجێ بن.
بە پێی هەندێك ئاماری فەرمی، رێژه‌ی كورد 74 % به پەنابەرانی عه‌فرینیشه‌وه پێکدەهێنن، عەرەبی سوریا 15 %، توركمان 5 %، مەسیحییەكان 2 %ی هەرێمەکەن.
ئاوارەکانی عەفرین لە شەهبا
لە ده‌ڤه‌ری شه‌هبا پێنج کەمپی سەرەکی هەیە کە دووانیان لە دیوی شێراوایه کە ئاوارەکانی عەفرینی تێیدا نیشته‌جێیە، لە هەر کەمپێکدا زیاتر لە 10 هەزار کەس دەژین و لە بارودۆخێکی سه‌ختدان.
خەڵکی شه‌هبا بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و کاری کشتوکاڵی، بژێوی ژیانیان دابین دەکەن و ناوچه‌یه‌كی كشتوكاڵییه و زەوییەکانیان به‌رفراوان و ته‌ختایی و ده‌شتە، كشتوكاڵی سه‌ره‌كی گەنم و جۆ و زەیتون و فستق و سەوزەیه و پارێزگای حەلەب به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتی پێ دەبەستێت.
بەهۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی هەژاری و بوونی هێز و گروپی جیاواز لە شەهبا و دەورووبەری، خەڵکی ناوچەکە ناتوانن وەک پێویست كار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیاندا بكه‌ن. چونكه لە ژێر گەمارۆیەکی ئه‌منیی زۆر تونددا دەژین، سوپای سوریا لە لایەکەوە گوشاری ئەمنی دروست کردووە و سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتەش، لەلایەکی دیکەوە رۆژانە خەڵکی مەدەنی له گوند و سه‌نته‌ری شاره‌كاندا دەکەنە ئامانج و له چاره‌نووسێكی نادیاردان، بۆیه دەرفەتی كار زۆر سنووردارە و رێژەی بێ‌کاری لە بەرزبوونەوەدایە کە بە نزیکەی 50 % مەزەندە دەکرێت.
شاری تەل رەفعەت لە هەرێمی شەهبا
دانیشتوانی کانتۆنی شەهبا بە گشتی پشت بەو سەبەتە خۆراکانە دەبەستن کە مانگانە بۆیان دابین دەکرێت و زیاتر لە 40 %ی خێزانەکان منداڵەکانیان نانێرن بۆ قوتابخانە، بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە 10 ساڵ زیاترە و کاری قورس و زەحمەتیان پێده‌كه‌ن بۆ دابینکردنی بژێوییان.
رووبەری گشتیی هه‌رێمی شەهبا نزیکەی 5000 هەزار کیلۆمەتر دووجایه و زیاتر لە 600 گوند و چەندین شارۆچکە و ناوچە پێکهاتووە، وه‌ك، جه‌رابولس و ئه‌لباب كه لە دەرەوەی ئیدارەی کوردیدان و به‌شی زۆری هه‌رێمه‌كه لەلایەن هێز و گروپی ترەوە داگیركراوە.
ناوچەی جێ نفوزی روسیا
بەپێی رێکەوتنێکی نێوان ئەمریکا و روسیا، عەفرین و شەهبا لە رۆژئاڤای رووباری فوڕات بووه جێی نفوزی روسیا، بەڵام تورکیا لە ساڵی 2018 رێکەوتنەکەی پێشێلکرد و چووە ناو عه‌فرینەوە کە به‌شێکی سه‌ره‌كیی هه‌رێمی شه‌هبا بوو.
ئێستا سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانیان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەی شه‌هبا چالاکن و ئاستەنگن له به‌رده‌م ئۆپه‌راسیونی سه‌ربازیی تورکیادا. هەرچەندە روسیا چەندین بنکەی سەربازیی و دەورییەی هەیە لە سنوورەکەدا، بەڵام رۆڵێکی لاواز و لاوەکی دەگێڕێت.
تاكه رێره‌وێك کە کانتۆنی شەهبا بە ئیدارەی خۆسەر لە خۆڕهەڵات و باکووری سوریاوە دەبەستێتەوە، شاری ئەلباب و پارێزگای حەلەبە. كه بەپێی رێكەوتنێكی نێوان حكومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەر هاوكارییەكان لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریاوه دەگەیەنرێنە ناوچە كوردنشینەكانی هه‌رێمی شەهبا، هه‌روه‌ها له دوای داگیرکردنی عەفرین و ده‌وروبه‌ری، كانتۆنی شەهبا بە تەواوی لە کانتۆنەکانی خۆڕهەڵاتی فوڕات دابڕاوه.
بەهۆی كۆبوونەوە و رێكەوتنەكانی پشت پەردەوە له نێوان لایەنە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییەکانی ناو سوریاوە، جارێكی دیكه رۆژئاڤای كوردستان بە تایبەتی هه‌رێمی شه‌هبا لە دۆخێكی مەترسیداردایە و رۆژانە شار و گوندەكانی سه‌ر به ئیداره‌ی خۆسەر له كانتۆنی شەهبا بۆردومان دەكرێن و ئەگەری دووبارە بوونەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لە ناوچەكەدا هەیە.
هاووڵاتیانی سنوورەکەش بۆ هەر هێرش و لەشکرکێشییەکی دیکە خەریکی ئامادەکارین.
له چوارشه‌ممه‌ی رابڕدوودا گردبوونەوەیەکی بەرفراوان لەبەردەم بنکەی سەربازیی و باڵیۆزخانەی روسیا لە قامیشلۆ به‌ڕێوه‌چوو. کە داوای هەڵوێستی روونیان له حکومەتی روسیا کرد سه‌باره‌ت به ئاینده‌ی كورد له سوریا و به‌رده‌وامیی تۆپبارانكردنی ناوچه كوردییه‌كان.
جوگرافییه‌كی هاوبه‌شی کوردی و عەرەبی
شایانی باسە شەهبا جوگرافیایه‌كی مێژوویی هاوبه‌شی کوردی و عەرەبی بووه له پارێزگای حه‌له‌ب بە رێژەیەکی هاوشێوە، به‌ڵام بە تێپەڕبوونی کات لەلایەن حکومەتەکانی سوریاوە گۆڕانكاریی له دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌دا روویداوه، عەرەب لە شوێنی گوندنشینانی كورد نیشتەجێ كراون و پێکهاتەی کوردیش وردە وردە زەوییەکانیان لە دەستداوە و لە پارێزگای حەلەبدا بوونەتە کەمینە.