هۆڵەندییەکان ئەمریکا بە هۆکاری نائارامی لە جیهان دەبینن

10:14 - 2025-05-07
وتار
39 خوێندراوەتەوە


ئا: کامەران ئەحمەد سلێمان


زۆرینەی هۆڵەندییەکان ئەمریکا تاوانبار دەکەن بە نائارامی لە جیهاندا، ئەمە بەپێی راپرسییەکی کۆمیسیۆنی ئەتلانتیک بە هاوکاری ڤێریان کە لەبەردەستی BNR دایە.

بەرپرسیارە لە نائارامی جیهان
 دوو لەسەر سێی هۆڵەندییەکان دەڵێن ئەمریکا تا رادەیەک یان بەتەواوی بەرپرسیارە لە نائارامی جیهان، ئانا ڤان زۆست، بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی ئەتلانتیک دەڵێت: «هۆڵەندییەکان کەمتر و کەمتر ئەمریکا وەک گەرەنتییەک بۆ ئاسایش و ئارامی دەبینن.»
ئەوەی جێگەی سەرنجە بە بەراورد لەگەڵ کارەکتەرەکانی تر، ئەمریکا و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە سەرووی لیستەکەدان وەک گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا، بەگوێرەی راپرسییەکە لە %15 هۆڵەندییەکان ئاماژە بەوە دەکەن و هۆکارەکەش بۆ ئەمریکا دەگێرنەوە، شەڕی ئۆکرانیاش بە لە %13بە دوای ئەوەدا دێت، لە %6 بەشداربووانیش روسیا و سەرۆک ڤلادیمیر پوتین بە هەڕەشەی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا ناودەبەن. 
 راپرسییەکە ئاماژەی بەوە داوە،  ئەمریکا ماوەیەکە گرنگی بە ئاسایشی ولاتانی ئەوروپا نادات و گۆڕاوە بەرامبەر بە ئەوروپا.
لەم چوارچێوەیەدا، زۆرینەی دەنگدەران، دەڵێن دەبێت ئەوروپا رێچکەی خۆی لەناو ناتۆدا بگرێتەبەر و پشتبەستن بە ئەمریکا کەم بکاتەوە، نزیکەی 9 لە 10 وەڵامدەر پشتگیری ئەو بانگەوازە دەکەن، سەرەڕای ئەوەش 7 لە 10ی بەشداربووان، دەڵێن پرۆژەی ReArm Europe  کە سەدان ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات لە بەرگریدا، پەرەسەندنێکی باشە.

سوپای ئەوروپا
ئارەزوو بۆ دروستکردنی سوپایەکی ئەوروپی لەنێو هۆڵەندییەکاندا زۆرە، ئەمە لەوەوە دەردەکەوێت  لە %68 بەشداربووانی راپرسییەکە سوپایەکی ئەوروپییان دەوێت، 6 لە 10 کەس پێیانوایە دەبێت وڵاتانی تری ئەوروپا، خاوەنی چەکی ئەتۆمی خۆیان بن،  فەڕەنسا و بەریتانیاش هاوبەشی بکەن، ئێستاش نهێنییەک ئاشکرابووە کە چەکی ئەتۆمی ئەمریکا لە بنکەی هێزی ئاسمانی ڤۆلکێل جێگیر کراوە.

پاره ی زیاتر بۆ به رگری
هۆڵەندییەکان ترسییان هەیە لە ئەگەری دروستبوونی جەنگ و وای دەبینن  کاریگەری زۆری لەسەر ئەوان دەبێت، بۆیە زۆرینەی خەڵکی هۆڵندا دەیانەوێت پارەی زیاتر بۆ هێزی بەرگری وڵاتەکەیان خەرج بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ناکۆکی هەیە لەسەر چۆنیەتی کۆکردنەوەی ئەو پارەیە، بۆ نموونە لە %40 پێیانوایە دەبێت لەسەر حسابی خەرجییەکانی تری حکومەت بێت، لە %8 پێیانوایە هۆڵەندا پارەی زۆر لە بەرگریدا خەرج دەکات.
زۆرینەی خەڵک پێیان وایە هۆڵەندا ئێستا وەک پێویست ئامادە نییە بۆ جەنگ. ئەمە تەنها لەسەر ئاستی نەتەوەیی نییە، بەڵکو خەڵکیش خۆیان بە ئامادەیی نازانن. بۆیە هۆڵەندییەکان زانیاری باشتریان لە حکومەت دەوێت سەبارەت بەوەی کە جەنگ بۆ ئەوان چی دەگەیەنێت.
سەرچاوە: BNR Webredactie

وتارەکانی نوسەر