جۆرج ریتزێر
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ئاریانا شێرزاد
شۆڕشی پیشەسازیی كە لە سەدەی نۆزدە و یەكەمین ساڵەكانی سەدەی بیستەمدا زۆربەی كۆمەڵگە خۆرئاواییەكانی هەڵتەكاندبوو، لانیكەم بە ئەندازەی شۆڕشە سیاسییەكان رۆڵیان لە شكڵ پێدانی تیۆری كۆمەڵناسیدا هەبوو. شۆڕشی پیشەسازیی هەر بە تەنیا تاكە رووداوێك نەبوو، بەڵكو كۆمەڵە گۆڕانێكی پێكەوە لكاوی جیاجیای دەگرتەوە كە دەرەنجام خۆرئاوایان لە دۆخی كشتوكاڵییەوە بۆ دۆخێكی بە تەواوی پیشەسازیی گۆڕی. لێرەوە خەڵكانێكی زۆر وازیان لە پیشەی كشتوكاڵی هێنا و روویان كردە بواری پیشەسازیی لە كارگە تازە دامەزراوەكاندا. دوایی ئەو كارگەیانەش بە هۆی كۆمەڵێك گۆڕانی تەكنیکییەوە گۆڕانیان بەسەردا هات. لێرەوە هەندێ ناوەندی بەربڵاوی بیرۆكراتی هاتنە ئاراوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی پێویست پێشكەشی پیشەسازی و سیستمی ئابووریی سەرمایەداری نوێ بكەن. ئامانجی ئەو سیستمە ئابوورییە تازەیە بنیاتنانی بازاڕێكی ئازاد بوو كە شتومەكە جۆراوجۆرەكانی تێدا ئاڵ و وێر بكرێت. لە چوارچێوەی ئەو سیستمەدا خەڵكانێكی كەم قازانجێكی زۆریان دەكرد، بەڵام زۆربەی خەڵك لە پێناو حەقدەستێكی كەمدا دەبوو چەندین كاتژمێر کار بكەن. لێرەوە سیستمی پیشەسازی و سەرمایەداری كۆمەڵێك دژكردەوەشیان بەرهەم هێنا كە دوا جار بزاڤی كرێكاری و هەندێ بزوتنەوەی توندڕەوی دیكەیان لێكەوتەوە، كە ئامانجیان ئەوە بوو سیستمی سەرمایەداری بروخێنن. كەسایەتییە سەرەكییەكانی مێژووی سەرەتاكانی تیۆری كۆمەڵناسی وەكو كارل ماركس، ماكس ڤێبەر، ئیمێل دوركهایم و جۆرج زیمێل و هەروەها هەندێ كەسایەتی دیكە كە گرنگییان كەمتر بوو لەوان، هەموویان سەرقاڵی ئەو گۆڕانكارییانە و ئەو بابەتانە بوون كە لەو رێگەیەوە بۆ هەموو كۆمەڵگا هاتبوونە پێشەوە. لێرەوە هەموویان ژیانیان بۆ موتاڵا و لێكدانەوەی ئەو بابەتانە تەرخان كرد و لە زۆر بوارەوە هەوڵیاندا بە مەبەستی چارەسەری ئەو كێشانە پرۆگرامێك دابنێن و رێگە چارەیەك بدۆزنەوە.
کارڵ مارکس
سۆسیالیزم
ئەو كۆمەڵە هەوڵەی دەیەوێ چاکسازیی لە بواری زێدەخوازییەكانی سیستمی پیشەسازی و سەرمایەداریدا پێك بێنێ، دەكرێ بە سۆسیالیزمی ناوزەد بكەین. هەرچەند هەندێ لە كۆمەڵناسەكان پێیان وابوو، سۆسیالیزم ریگە چارەیەكە بۆ چارەسەری كێشەكانی بواری پیشەسازی، بەڵام زۆربەیان لەڕووی فیكرییەوە دژایەتیان دەكرد. كارل ماركس یەكێك لەو كەسانە بوو كە پشتیوانی لە رووخانی سیستمی سەرمایەداری و دامەزراندنی سیستمی سۆسیالیستی دەکرد، هەرچەندە ماركس وەك خۆی تیۆرێكی لە بارەی سۆسیالیزم بەرهەم نەهێنا، بەڵام كاتێكی زۆری بۆ رەخنە گرتن لە رەهەندە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگای سەرمایەداری تەرخان كرد. لەوەش گەرێین، ناوبراو بە هیوای بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی سۆسیالیستی ململانێی لە گەڵ سەرجەم چالاكییە سیاسییەكانی دیکە دەکرد.
بەهەرحاڵ، ماركس لە یەكەمین ساڵەكانی گەشەی تیۆری كۆمەڵناسیدا، كەسایەتێكی تایبەت بوو. زۆربەی بیرمەندانی وەك دوركهایم و ڤێبەر دژی سۆسیالیزم بوون، بە تایبەت ئەو مۆدێلە لە سۆسیالیزم كە ماركس لایەنگری بوو. سەرەڕای ئەوەی ئەوانیش هەستیان بە گیروگرفتەكانی سیستمی سەرمایەداری كردبوو، بەڵام هەوڵیان دەدا چاكسازیی تێدا بكەن نەك وەك ماركس لە رێگەی شۆڕشەوە بیروخێنن. ئەوان لە سەرمایەداریی زیاتر لە سۆسیالیزم دەترسان، هەر ئەم ترسە، زیاتر لەو پشتیوانییەی ماركس وەك ئاڵتەرناتیڤی سەرمایەداریی لە سۆسیالیزمی دەکرد، لە شكڵ پێدانی تیۆری كۆمەڵناسیدا رۆڵی گێڕا.