ئیلیان بەرزان
لە هەرێمی کوردستان کارکردنی بەشێکی زۆر لە کرێکاران لە پرۆژە جیاوازەکاندا، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر جەستەیان جێدەهێڵێت و هەندێکیشیان دەبنە قوربانی، بەهۆی دابیننەکردنی هۆکارەکانی سەلامەتی لە کاتی کارکردندا بۆیان، وەک
جلوبەرگی تایبەت بە کار، دەستەبەرکردنی ئامێرەکانی هەڵگرتن و بارکردن و گواستنەوە، دابینکردنی شوێنی خواردن و پشوودانی کرێکاران، دانانی دەرگای دەرچوون لەناو هۆڵ و باڵەخانەکاندا لە کاتی رووداوی نەخوازراو، دانانی ئامێری ئاگادارکردنەوە لە شوێنی کار بۆ ئاگادارکردنەوە لە ئەگەری هەر رووداوێکدا و دابینکردنی بنکەی فریاکەوتنی خێرا، لە گرنگترین مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کارن.
بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم، خاوەنكار بۆی نییە کار بە هیچ کرێکارێک بکات، تا ئەوکاتەی راهێنانی پێدەکات، بە شوێنی کارەکەی و جۆری ئیشەکەی ئاشنا دەکات، رێنمایی دەکات چۆن خۆی بپارێزێت و سەرجەم پێداویستییەکانی سەلامەتی کاری بۆ دابین دەکات.
هاوکات هەر خاوەنکارێک مەرجەکانی سەلامەتی و تەندروستی بۆ کرێکار دابین نەکات، یان مافەکانی پێشێل بکات، ئەوا بەپێی یاسا سزادەدرێت، بە ئاگادارکردنەوە، غەرامەکردن، خستنە لیستی رەش و لێسەندنەوەی مۆڵەتی کارکردن.
لەگەڵ سزا و دیاریکردنی مەرجەکانی سەلامەتی بەپێی یاسا بۆ کرێکاران لەکاتی کارکردندا، بەڵام بەشی زۆریی خاوەن کارەکان، سەلامەتی کار بۆ کرێکارەکانیان دابین ناکەن، ئەوەش وایکردووە رێژەی برینداربوون، کەمئەندام بوون و گیانلەدەستدانی کرێکار لە کاتی کاردا زیاتر بێت.
بەپێی ئامارێکی سەندیکای کرێکاران ساڵی رابردوو 2024، لە هەرێمی کوردستان 54 کرێكار لە کاتی کارکردندا گیانیان لە دەستداوە.
جگە لە پابەندنەبوونی خاوەنکار، زۆرینەی کرێکارانیش ئەوەندەی پەرۆش و خوازیاری دەستکەوتنی کار و دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیانن كاتێك کارێکیان دەستدەکەوێت، لە خەمی دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی کاردا نین، بۆئەوەی نەبنە قوربانی لەکاتی کارکردندا.
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پاراستنی گیان و سەلامەتی کرێکاران لە کاتی کارکردندا، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێكاری توند بگرنەبەر بەرامبەر خاوەنکاران لە کاتی سەرپێچی کردندا، هەروەها بە بەردەوامی چاودێریی پرۆژەکان بکەن و بەپێی یاسا پابەندیان بکەن بە دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتییەوە بۆ کرێکاران.
هاوکات هەر کرێکارێک لە کاتی کارکردندا تووشی رووداوێک دەبێت، یاخود گیان لە دەستدەدات، سازش لەسەر مافەکانی نەکات، لە دادگا سکاڵا تۆمار بکات و مافی خۆی لە خاوەنکار وەربگرێت.