رەوەز ئیسماعیل
هەموو لایەكمان ئاگارداریی رووداوەكانی ئەم دواییەی نێو یاریگای نەورۆز بووین كە لە یاریی نێوان نەورۆز و زاخۆدا روویاندا، بۆیە جارێكی تر ناچینەوە سەر رووداوەكان، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بكەین ئەنجام و كاردانەوەكانی پاش ئەو رووداوانە چی بوون، كێ زەرەر مەندیی یەكەم بوو، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كێ سوود لەم جۆرە پشێوی و هەڵچوون و توڕە بوونی هاندەرانە وەردەگرێت، پاشان ئەو شەڕو ئاژاوانە كێ باجەکەی دەدات و زەرەر مەندیی یەكەم دەبێت؟.
بۆ وەڵامدانەی ئەم پرسیارانە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە چەند هاندەرێكی هەڵەشە و بێ باكراوندی رۆشنبیری وەرزشیی كە هیچ لە جوانییەكانی وەرزش نازانن و لە ئەلف و بێی وەرزش تێناگەن، دەبنە ئاگر خۆشكەر و تێکدەریی كەشی ئارامی یاریگاكان، ئەمانە كاتێكیش هەڵچوون و توڕە بوونیان ئارام دەبێتەوە و ئەو شەڕ و نائارامییەی دروستیان كردووە دادەمركێتەوە، وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن، وەك ئەوەی نە بایان دیبێت نە باران، مێش میوانیان نییە، بەڵام ئەوەی زیانە گەورەكەی بەردەكەوێت، یەكەم تیپەكەیە، پاشان یانەكە، دواتریش هاندەرانی دڵسۆز و خەمخۆری یانەكەن كە ئەوان هەرگیز حەز بەو جۆرە رەفتارە نەشیا و پشێویانە ناكەن كە لە یاریگاكاندا دروستدەبن.
چەند رۆژێك پاش تەواو بوونی یارییەكە و پاش ئەوەی لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكانی یارییەكە دروستكرا و سەیری سەرجەم راپۆرتەكانی سەرپەرشتیاران و ناوبژیوانان كرا، یەكێتیی تۆپی پێی عیراق چەند بڕیارێكی قورسیاندا كە زەرەر مەندی یەكەم تیپەكەیە بەمجۆرە:
*ئەو ماوە كەمەی لە یارییەكە ماوە دەکرێت و لە یاریگایەكی بێ لایەندا تەواو دەكرێت.
*بەبڕی 25 ملیۆن دینار سزای دارایی یانەی نەورۆز درا.
*یانەی نەورۆز، تا كۆتایی وەرز یارییەكانی ناو یاریگای خۆی بەبێ هاندەران دەكات، تەنانەت رۆژنامە نووسانیش بۆیان نییە ئامادەی یاریگا بن.
*داوا كراوە یاریگای نەورۆز لە ناو یاریگادا و نێوانی هاندەران و چیمەنی یاریگا تەلبەند بكرێت.
ئەم سزایانە قورسن، تەنیا تیپەكە بەگشتی و هاندەرانی دڵسۆز و خەمخۆرانی وەرزشیی شارەكە و دواتریش وەرزشی سلێمانی زیانی زۆری لێدەكەن، ئەو هاندەرانەی كە بوون بەهۆی ئەم سزا قورسەی یانەكە و تیپەكە، دەبێت لەوە تێبگەن، كاتێك پۆلیسێكی نێو یاریگا یان یاریزانێك یان سەرپەرشتیاری یاریگا یان كەسانی دڵسۆز لێیان دەپاڕێنەوە ئارام بن و هەڵە نەكەن و پشێوی و نائارامی و شەڕ دروست نەكەن، ئەوە لەوپەڕی دڵسۆزی ئەوانەوەیە بۆ وەرزشی شارەكە، نەك بۆ دژایەتی ئەوان، چونكە ئەمجارە ئەم سزایانەی یانەی نەورۆز یان یانەیەكی سلێمانی دەدرێت، لەكاتی دووبارە بوونەوەیدا، سزای زۆر قورستر چاوەڕوانی وەرزشی ئەم شارە دەكات.