پێویستە پرسیارەکان گۆڕانکارییان تێدا بكرێت

10:15 - 2022-08-17
عەبدولواحید محەمەد
261 خوێندراوەتەوە

ئەوەندەی شارەزایم هەبێت، تاقی كردنەوە گشتییەكانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی، لە زۆربەی وڵاتان بەردەوام گرفتی هەبووە، ئینجا هەریەكە و بەپێی تایبەتمەندی خۆی، بۆ ئەو مەبەستە چەندین رێگا و شێوازیان گرتۆتە بەر، بۆ ئەوەی بە ئاسانی و بێ خەوش بەڕێوەبچێت، لێ لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر وەختی ئەزموونەكان نەیانتوانیوە كۆنترۆڵی تەواوی بكەن، لەبەرئەوە لە هەندێ وڵات پەنایان بردۆتە بەر رێگای زۆر توند.

کۆنتڕۆڵ و پشکنینی خوێندکارەکان
 بۆ نموونە لە وڵاتی ئیسرائیل، بۆ ئەوەی رێ لە گزی  بە هەموو جۆرەكانییەوە بگرن، 45 دەقیقە پێش ئەوەی ئەزموونەكان دەست پێبكات، تەواوی خوێندكارانیان دەبەنە ناو هۆڵەكانی خوێندن لەگەڵ دەستەی چاودێری و سەرپەرشتیاران، لە دوا چركەی ئەو ماوەی سەرەوە پرسیارەكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی دابەش دەكەن. 
لە چین، لەبەر ئەوەی ناوچەیەك زۆر بە ناوبانگە بۆ شێوازی گزیكردن، بۆیە تەواوی خوێندكاران لە جل و بەرگی سەرەوەیان دادەماڵرێن، تەنها لباسی ژێرەوەیان لەبەردا دەهێڵرێتەوە، دەشیان بەنە قەراغ دەریا ئینجا  ئەزموونەكانیان پێدەكەن، بە دڵنیاییەوە چەندین نموونەی سەیر و سەمەرەتریش لە جیهاندا هەبووە و هەیە.
 بەشێك لە وڵاتان چارەسەری ئەو كێشەیان كردووە، بە شێوازێكی زۆر زانستییانە و پرۆسێسێكی تەواو پڕۆفشیناڵانە، وازیان لە تاقیكردنەوەی گشتی هێناوە و تەنها تاقی كردنەوەی ئاسایی دەرچوون لە قۆناغی شەشەمی ئامادەیی دەكەن، تۆپەكە دەخەنە گۆڕەپانی زانكۆكان بەپێی تایبەتمەندی و پسپۆڕی، بەشێوازێكی زۆر وردو زانستیانە تاقیكردنەوەی قبوڵ و شیاو بەڕێوەدەبەن. ئەوە دەبێتە بنەما بۆ وەرگرتن لە زانكۆ، لە هەندێك وڵاتی تر دەزگایەكی تایبەتمەند بۆ ئەزموونكردن هەیە، بەپێی كۆمەڵێك پرەنسیب و بنەما پڕۆسەكە بەڕێوەدەبەن و تیایدا خوێندكاران بڕوانامەی وەرگرتن لە زانكۆكان هەریەكە و لە پسپۆڕییەكەی مەبەستیەتی یان شیاوە  وەردەگیرێن.

لە عیراق و هەرێم چۆن تاقیکردنەوەکان دەکرێن؟
 ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی سەرنجە، ئەزموونەكانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی لە عیراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەردەوام گرفتی تێدا بووە، ئیتر لە گزیكردنەوە تا دەگاتە هەڵەی پرسیار و شێوازی هێنانەوەیان، لە بەرامبەردا چەندین بیرۆكە راگەیانراوە، بەڵام تا ئەم ساتەش هەر وەكو خۆیەتی، راستە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵەكانی رابردوو باشتر بوو، لە هەموو ئەو داڕسانانەی ساڵانە رووبەڕووی پڕۆسەكە دەبۆوە، بەڵام بەڕاستی گرفتە بنەڕەتییەكان هەر وەكو خۆیان ماونەتەوە كە خۆیان لەچەند خاڵێكدا دەبیننەوە:
1- ئەو شێوە ئەزمووندانە ژمارەیەكی زۆر دەرچوو دێنێتە كایەوە كە دواجار هەر دەبێت وەربگیرین، سەرەنجام لە كۆمەڵێك بواردا بڕوانامە بەدەست دێنن كە ئەسڵەن ناگونجێت لەگەڵ بازاڕی كار و بەبێ ئیش دەمێننەوە، ئیتر ئەوە چی لێدەكەوێتەوە، زەمەن حوكمی خۆی دەدات.
2- جۆرێك لە نادادپەروەری تێدایە، چونكە یەك شێوە پرسیار هەرگیز شیاو نییە بۆ هەموو خوێندكاران، لەبەرئەوەی هەر یەكە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە دەبێت لە هێنانەوەی پرسیارەكان هاوسەنگی لە نێوان توانا و بەرهەڤبوونی تاكەكان رەچاو بكرێت.
3- كۆی ئەو پڕۆسەیەی بەڕێوەدەچێت، مەبەستی بنەڕەتی تەنها نمرەیە و بەس، هەموو لایەنەكانی تر وەكو زانست و زانیاری و پەروەردە بە پێی پێویست بەرجەستە نابێت.
4- خودی ئەزموونەكان دەبێتە جۆرێك لە بازاڕ گەرمكردن بۆ ئامێری تایبەت بە گزی و هەروەها مەلزەمە و وانەی تایبەت و سەرەنجامیش هەڵخەڵەتاندنی خوێندكاران بە پرسیار فرۆشتن و كڕین.
5- ئەو خێزانانەی قوتابی دوازدەی ئامادەییان هەبێت، زۆربەیان وەكو ئەوەیە وایە لە (ئینزار جیم) دابن، راستە پەروەردە و فێركردن بەشێكی گرنگی لە ئەستۆی دایكان و باوكاندایە، بەڵام ترسەكە ئەوەندە زەق دەكرێتەوە و ئەوەندەش بە بازاڕ دەكرێت ئیتر دەبێتە جۆرێك لە ترس و فۆبیا بۆیان.
لە راستیدا هێشتنەوەی ئەو ئەزمووندانە بەو شێوەیە، دواجار دەرچوون و وەرگرتنیان لە زانكۆكان، بە دڵنیاییەوە ئەمساڵ لە ساڵی داهاتوو باشتر دەبێت.

دووریی نێوان خوێندکاران لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا رێگری لە قۆپیکردن دەکات

تەكنەلۆجیا ئەوەندە لق و پۆپی لێ بۆتەوە و بەردەوامیش لێی دەبێتەوە مەحاڵە كۆنترۆڵ بكرێت، بۆیە دەبێت بیر لە ئالیەتێكی تر بكرێتەوە، بۆ ئەوە نموزەجی جواب هەیە دەكرێت بۆ ساڵانی ئایندە پیادە بكرێت، بەڵام تا ئەو كاتە زۆر گرنگە پرسیارەكان گۆڕانكارییان تێدا بكرێت  كە نووسین و هەڵبژاردن و بۆشایی پڕكردنەوە و پێناسەشی تێدا بێت، رەنگە ئەوە زەحمەت تر بێت بۆ پڕۆسەی راستاندن و كۆنترۆڵ، بەڵام بەڕاستی لایەنی زانستی و جۆرێك لە عەدالەتیشی تێدا بەرجەستە دەبێت، چونكە  لە بنەڕەتدا وەك لەپێشتر ئاماژەمان پێدا هەرگیز هەموو خوێندکاران وەكو یەك نین، هەریەك تایبەتمەندی خۆی هەیە، زانست سەلماندوویەتی :
-165% خوێندكاران سوود لە هەستی بینین وەردەگرن هەمیشە حەزیان لە پرسیاری (وێنە، مێژوو، هێلكاری و نەخشە)یە.
-235% خوێندكاران بیسەرین واتا بە بیستن باشتر فێر دەبن، ئەوانە حەزیان لە پرسیاری نووسین و زارەكیە.
-3 10% جووڵەیین، بە جووڵە باشتر تێدەگەن و فێردەبن، حەزیشیان لە پرسیاری پێناسەی كورت و تەواوكردن و هەڵبژاردنە، ئیتر ئەوە بۆ ئەدەبی و زانستییش راستە، بەو هیوایەی ئەم پێشنیارانە کە لەم بارەیەوە دەخرێتە روو بە هەند وەربگیرێت، چونكە لە قازانجی پڕۆسەكەدایە.

وتارەکانی نوسەر