ساڵێک دوای حوکمی تالیبان و چەند سەرنجێك

10:23 - 2022-08-18
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
605 خوێندراوەتەوە

پێش ساڵێک تەواوی جیهان  تووشی شۆک بوو، کاتێک بزووتنەوەی تالیبان  دووبارە کابولی پایتەختی داگیرکردەوە و دەسەڵاتی کەوتەوە دەست. لە هەمووی تراژیدیتر ، وێنەی کۆچی بە کۆمەڵی ئەفغانییەکان بوو، بەتایبەتی وێنەکانی ناو فڕۆکەخانەی کابول، زۆر ناخهەژێن بوو،گوزارشتی لە حکایەتی بێ کۆتایی تراژیدیای گەلی ئەفغانی دەکردەوە. 
هەرچەندە شکستی حکومەتی ئەفغانستان بەسەرۆکایەتی « ئەشرەف غەنی» چاوەڕوانکراو بوو، چونکە حکومەتێک بوو گەندەڵیی و مەحسووبیەت، سیمای سەرەکی بوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، شکستی حکومەتی ئەفغانی، شکستی حکومەتی مەدەنی بوو.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین ئەوەیە کە لەپاش ساڵێک بەسەر دەسەڵاتی تالیبان، ئەفغانستان لەهەموو روویەکەوە پاشەکشەی گەورەی کردووە، تاکە شتی باش کە هەیە، نەهێشتنی حوکمی کۆمەڵێک سیاسەتمەدار و دەسەڵاتداری گەندەڵی پێشووی ئەفغانییە، هەرچەندە ئەمڕۆ لەجیاتی ئەوان، کەسانی گەندەڵی نوێ جێیان گرتۆتەوە. 

مافی ژنان
هەر لەیەکەم رۆژی دەسەڵاتیانەوە، تالیبان گەورەترین مەترسی بوون بۆسەر مافەکانی ژنانی ئەفغانیی، یەکێک لە شتە باشەکانی حوکمی پێشووی ئەفغانی ئەوەبوو، کە تاڕادەیەک مافی ژنان باشتر بوو بەتایبەتی لەرووی مافی یاسایی و خوێندن و پەروەردەو کارکردنەوە. بەڵام بەهاتنەوەی تالیبان، دووبارە مافەکانی ژنان پاشەکشەی گەورەی بەخۆوە بینیوە. 

لاوازبوونی  ئازادیی و کۆمەڵی مەدەنی
لایەنێکی تری خراپی ئەم حوکمەی تالیبان، لاواز بوون یان هەر نەمانی ئازایی و کۆمەڵی مەدەنییە. هەر لەسەرەتاوە تالیبان باوەڕی بە ئازادیی و کۆمەڵی مەدەنیی نەبووە، بەهیچ شێوەیەک مەسەلەی ئازادیی و کۆمەڵی مەدەنی، لەگەڵ فیکر و سیاسەتی ئەواندا ناگونجێت.

خراپبوونی باری ئابووری
هەرچەندە  لەماوەی 20 ساڵی پێشوودا گەندەڵییەکی زۆر حکومەتی ئەفغانی گرتبۆوە، بەڵام تاڕادەیەک رەوشی ژیانی خەڵکی ئاسایی باشتر بوو بەتایبەتی هەژاران. لەپاش داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، هەموو جیهان دەستی یارمەتی بۆ ئەفغانستان راکێشا و کۆمەڵێک کۆمپانیای جیهانیش  هەوڵیاندا وەبەرهێنان بکەن، جگە لە یارمەتیەکی زۆری دارایی کە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە بۆ ئەفغانستان نێردرا، بەڵام بەداخەوە وەکو پێویست سوود لەم دەرفەتە زێڕینە وەرنەگیرا بۆ باشكردن و پێشکەوتنی لایەنی ئابووریی و گەشەپێدانی ئەفغانستان. بەڵام لەهەمووی خراپتر بەهاتنی تالیبان، دووبارە جیهان دەرگاکانیان بەرووی گەلی ئەفغانستاندا داخست، ئەمەش بە زەرەر بۆ گەلی ئەفغانی گەڕایەوەو رەوشی ژیانی خەڵكی هێندەی تر خراپتر بوو بەتایبەتی هەژاران و موچەخۆران.

زۆربوونی کۆچ
ماوەی 40 ساڵێک دەبێت گەلی ئەفغانی بەهۆی جەنگەوە  « کۆچ» بۆتە بەشێک لە ژیانیان. لەپاش هاتنەوەی تالیبان دووبارە کۆچ  بۆ دەرەوەی وڵات زیادییکردووە بەتایبەتی لەناو گەنجانی ئەفغانیدا. دیارە ئەمەش بەشێکی پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە هەیە، بەشێکیشی پەیوەندیی بە لایەنی ئابوورییەوە هەیە، چونکە بەهاتنی تالیبان بێکاریی و هەژاری زیادیکردووەو رەوشی ژیانی خەڵکی خراپتر بووە.

مۆڵگەی تیرۆرسیتان
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە، بوونی گروپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان بوو بەتایبەتی « قاعیدە» بەپێی رێکەوتنی نێوان ئەمریکا و تالیبانیش، دەبووایە تالیبان دووبارە ئەفغانستان نەکاتەوە بە مۆڵگەی تیرۆریستان، بەڵام لەمەشدا تالیبان رێکەوتنەکەی پێشێلکردووە، باشترین بەڵگەش، کوژارنی ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی قاعیدە  بوو لە ئەفغانستان.

دەرەنجام
بەدڵنییایەوە هاتنەوەی تالیبان بۆ ئەفغانستان پێش هەموو شتێک زەرەری بۆ گەلی ئەفغانی هەبوو، پاشانیش بۆ جیهان. بەڵام پرسیاری گرنگ  لێرەدا ئەوەیە بۆچی گەلی ئەفغانی نەیتوانی لەماوەی 20 ساڵی پێشوودا حکومەتێکی مەدەنیی و بەهێز دروست بکات؟ ئایا بەهێزی تالیبان پەیوەندیی بە بوونی  ئەندام و هەوادارێکی زۆرەوە نییە لەم وڵاتە؟ لەهەمانکاتیشدا  بەهێزبوونی تالیبان پەیوەندیی بە بوونی نوخبەیەکی سیاسەتمەداری گەندەڵ هەبوو، کە گەلی ئەفغانی تەواو بێزارکردبوو. بەڵام ئەم بێزاریی و ناڕەزایەییەی خەڵكی ، لەجیاتی ئەوەی ببێتە هۆکارێک  بۆ دروستبوونی گۆڕانکاری باش، بە خزمەتی تالیبان گەڕایەوە.؟ 
ئەمەش سروشتی بەشێکی وڵاتانی خۆرهەڵاتە، کە زۆربەی جار  گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان سوود لەو بێزاریی و ناڕەزاییە جەماوەرییانە  وەردەگرن. 

چەکدارانی تالیبان لە کابول

وانەی گرنگ لە ئەفغانستان ئەوەیە، پێویستە بە جددیەوە کاربکرێت بۆ نەهێشتنی گەندەڵیی و هەوڵ بدرێت حکومەتێکی مەدەنیی بەهێز دروست بکرێت، لەهەمانکاتیشدا سوپایەکی نیشتمانی بەهێز دروست بکرێت،  کە ئینتمای تەنها بۆ خاک و گەلەکەی هەبێت نەک خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵەکان.
لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە، کە ئەمەی روویدا ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەمریکا و خۆرئاواییەکان  هەتاسەر ئامادەنین بەرگەی حکومەتێکی گەندەڵ بگرن و ئاسایشە لەگەڵ دوژمنە سەرسەختەکانیان رێکبکەون، هەربۆیە ئەگەری زۆری هەیە، هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە شوێنەکانی تری ناوچەکەش دووبارە بکرێتەوە. 

وتارەکانی نوسەر