بڵاوکردنەوەی رق

10:27 - 2022-08-24
رۆزا دڵشاد مەریوانی
570 خوێندراوەتەوە

 نوێترین وێنەی گۆرانیبێژی میسری شیرین عەبدولوەهابم بینی، باسەکەم لەسەر ئەوە نییە لە فێستیڤاڵی قەرتاجدا بەشداریکردووە، بەڵکو ئەوەیە بەو دەرکەوتنەی لەنێو بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیادا هەڵڵای ناوەتەوە بەهۆی ئەوەی کێشی لەشی زۆر زیادی کردووە، ئەوەی جێی هەڵوەستە لەسەرکردنە هێرشێکی زۆری کراوەتە سەر تەنیا لەبەرئەوەی بەو شێوەیە کێشی زیادی کردووە و «ناشیرین بووە»، لە دنیای سۆشیال میدیادا چەند ساڵێکە ئەو نەریتە باوە و خەڵکی فێری بێڕێزیی بوون بەرامبەر بە هەموو کەس و شتێک و بەشێکی زۆریشی بەر ئەوانە دەکەوێت کە هونەرمەندن یان کەسایەتی گشتین و لەبەرچاودان، دەبینین بەهۆ و بێ هۆ و زۆر بەئاسانی هێرش و سووکایەتی بە هەموو کەسێک دەکرێت، چونکە دواجار کەسەکانی ئەو کارە دەکەن تەنیا خۆیان و سکرینی ئامێرە زیرەکەکان و ویژدانیانە. بە راستی ئەگەر وەکو مرۆڤ تەماشای یەکتری و ئەو کەسایەتی و کاراکتەرانە بکەین دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین ئەوانیش مرۆڤن و یەکێکی وەکو شیرین لە ماوەی رابردوودا دوای ئەو بارودۆخە دەروونییەی پێیدا تێپەڕیووە ئاساییە کێشی بەو شێوەیە زیاد بکات و ئەگەر هونەرێکی خراپی پێشکەش کرد یان رەفتارێکی نەشیاوی لەسەر سۆشیال میدیا یان لەبەردەم جەماوەردا کرد ئەوکاتە جەماوەر مافی خۆیەتی رەخنەی لێبگرێت، بەڵام ئەم کەلتورەی دنیای گریمانەکراو دایهێناوە بریتییە لەوەی ماف دەدەم بە خۆم لە هەر کات و شوێنێکدا بێت هێرش بکەم و سووکایەتی بە کەسانی دیکە بکەم، دەبینیت لە بری رەخنەگرتن لە هونەر یان ئاستی نزمیی هونەریی فیلمێک یان دراما و گۆرانییەک رەخنە و گاڵتەپێکردن بە روخسار و ناشیرینی مێرد یان ژنی ئەو هونەرمەندە دەکرێت، کە ئەگەر بێیتە سەر ئەرزی واقیع وەکو ئازادییەکی کەسیی ئەو کەسەی هەڵبژاردووە و تۆ مافی ئەوەت نییە بەو جۆرە هەستی ئەوانی دیکە بریندار بکەیت و سووکایەتییان پێبکەیت، لە دنیاشدا زۆر ئەوە روویداوە کەسایەتییەکی گشتی یان هونەرمەندێک بە هۆی ئەو رێژە زۆرە لە رق کە لەڕێی میدیا و سۆشیال میدیاوە بۆی هاتووە دواجار خۆی کوشتووە، ئەگەر هەر یەکێک لەو کەسانەی رۆژانە لە رێگەی دنیای گریمانە کراوەوە رق و کینە بڵاودەکەنەوە بیر لەوە بکەنەوە چەندە کاریگەری دەبێت لەسەر بەرامبەر و رەنگە بەهۆی وتەیەکەوە ئەو کەسە دەروونی تێکبچێت یان کۆتایی بە ژیانی بێنێت ئەوا بەشێکی زۆریان چیتر کاری لەو جۆرە ناکەن و تێدەگەن راستە لە دنیای گریمانە کراودا ئەو قسانە دەکەن، بەڵام کاریگەرییەکەی راستەقینە دەبێت.

وتارەکانی نوسەر