منداڵ و جەنگ

09:47 - 2025-06-18
رۆزا دڵشاد مەریوانی
51 خوێندراوەتەوە

رەنگە سەیر بێت یەکەم کەس هەواڵی جەنگ و مووشەکبارانکردنی ئێرانی لەلایەن ئیسرائیلەوە پێدام کوڕە سیازدە ساڵانەکەم بوو، ئێمە نەوەیەکین لەنێو جەنگدا گەورە بووین و دایکم بۆم دەگێڕێتەوە لەکاتی جەنگی نێوان (ئێران-عیراق)دا وەک منداڵێک چۆن ترساوم و کاردانەوەم چۆن بووە، بەڵام باوەڕم نەدەکرد رۆژێک بێت مەترسییەکانی روودانی جەنگی سێیەمی جیهان و هەواڵی مووشەکبارانکردن لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە کوڕەکەم بۆم بگوێزێتەوە، لەبری ئەوەی خەم و خولیای ئەو شتانە بێت کە بۆ تەمەنی خۆی گونجاوە، خەمی دواهەمین هەواڵەکانی جەنگی بێت و لەو تەمەنەدا ترسەکانی بەوە بشارێتەوە کە بەردەوام لێم بپرسێت «دایە لێرە مەترسییمان لەسەرە؟ کەس مووشەک بە ئێمەوە دەنێت؟». ئێمە کە هەموو منداڵیی و هەرزەکاریی و گەنجیمان بە خەمی جەنگ و شەڕ و ناکۆکییە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکانەوە بەسەربرد، سەرەڕای نەبوونیی و بێ مووچەیی و قەیرانە ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە، دەمانویست ژیانێک بۆ منداڵەکانمان پێکەوە بنێین، وەک خۆمان بەهۆی رووانین لە داهاتوویەکی نادیار، ژیانیان بە ترس و دڵەڕاوکێوە بەسەر نەبەن، بەڵام ژیانی سەردەم و تەکنۆلۆژیا کە نەک لە دەرگای هەموو ماڵێک دەدات، بەڵکو دەگاتە دەستی هەموو کەسێک بە منداڵ و گەورەوە، بۆیە ناتوانین لە ترس لە جەنگ و کاریگەرییەکانی بۆ سەر دەروونیان بیانپارێزین، تەنیا دەتوانین ئەگەر بە درۆشەوە بێت، دڵنەواییان بدەینەوە تا نەترسن، بە جۆرێک هەندێکجار نە خۆمان باوەڕ بەخۆمان دەکەین نە ئەوانیش باوەڕمان پێ دەکەن، ئەوەشی مەسەلەکانی ئاڵۆزتر کرد، جگە لەم بێ مووچەییە، دواخستنی بێ هۆکاری تاقیکردنەوەکان بوو، ئەوەندەی تر پشووی هاوینەکەی لە خوێندکاران ناخۆش کرد، لەکاتێکدا تەنیا لە هەرێم ئەم بڕیارە دراو لە عیراق تاقیکردنەوەکان وەک خۆیان بەڕێوەدەچن.
بە رای زۆربەمان دواخستنی تاقیکردنەوەکان زۆر بێ مانا بوو، چونکە یەکەم: زیاتر خوێندکاران تووشی ترس بوون لەوەی دیارە دۆخەکە زۆر خراپە، هاوکات دواخستنی تاقیکردنەوەکان، خوێندکاران لە خوێندن و تاقیکردنەوە سارد دەکاتەوە، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە ئەی ئەگەر دۆخەکە خراپتر بێت چی دەکەن؟ 
لەبری ئەوە دەبوو خێراتر و زووتر تاقیکردنەوەکان بکرانایە، لەگەڵ ئەوەی هێشتا لێرە دۆخەکە ئارامە، کەچی تاقیکردنەوەکان دوابخرێت بۆ داهاتوو و نازانین بەرەو کوێ دەچین؟! ئەمەش بێگومان نیشانەی بێ بەرنامەیی ئەم حکومەتەیە کە کەس نازانێت چۆن و بۆچی و بە چ شێوەیەک ئەم بڕیارانە دەردەکات؟ بەبێ لێکدانەوە بۆ ئەگەر و لێکەوتەکانی ئەو بڕیارانە و کاریگەرییان لەسەر خەڵکی بەگشتی و دەروونی خوێندکار بە تایبەتی.  

جەنگ لە ماڵوێرانیی زیاتر، هیچ سوودێکی بۆ مرۆڤایەتی نییە

 

وتارەکانی نوسەر