یەکبێژ

ئاسایشی سلێمانی، نەیهێشت ببینە قوربانی

10:20 - 2022-08-25
هیوا محەمەد
357 خوێندراوەتەوە

وتمان بە هێزیی ئاسایش و پاراستنی ئارامی لە دواکەوتنی مووچە گرنگترە، وتیان ئەوەتان کردۆتە بیانوو دەنا وڵات وەک شامی شەریفە و هیچ لە ئارادا نییە، وتمان ئەوەندە تیرۆریست کوژراون لە فڵان ناوچەی نزیک لە خۆمان، وتیان ئەگەر راست دەکەن ناوەکانیان بڵین تا بزانین کێن یان بیناخەنە سەر تیڤی، با دان بەتاوانەکانیاندا بنێن.
لەبەر ئەسحابەسپی ویستیان پێش ئەوەی تاوان بکەن بیان گرن، بەڵام دەستیان کردەوە و لاوێکیان شەهید کرد، وتیان کێ دەڵێت سینارێو نییە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک؟
بێمتمانەیی تاک لە بێباوەڕ بوون بەخۆیەوە دروست دەبێت، دەبێت تاک بۆ هەموو شتێک هەڵسەنگاندن بکات و لێکدانەوەی هەبێت بۆی.
رۆژانە دەبینین کە خەڵک هەمووی سەرقاڵی کار و کاسپییە، ئێواران زۆرینە بەرەو ماڵ دەڕۆنەوە، هەرچی پارە و سەروەتیانە لەگەڵ خۆیانە، گرانترین ئوتومبێلەکانیان لەبەر دەرگاو لە شەقام و کۆڵانەکان رادەگرن و شەو بە ئارامی دەخەون، ئەمە بە هەوڵ و شەونخونی کارمەندانی پۆلیس و ئاسایشە، دەنا تا بەیانی نە ئۆتۆمبیل لەبەر دەرگا دەمێنێت، نە پارەی ناو قاسەکان.
ئەم ئاسایشە بەهێزە، یەکێتی لەم دەڤەرەدا لە ئەستۆی گرتووە، چونکە پتەو بوونی ئاسایش واتا بەڕیوەچوونی ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگە بەبێ ترس.
لە دوا چالاکیی زێڕینی هێزەکانی ئاسایش، توانراوە تۆڕێکی چالاکی سەر بە تیرۆریستانی داعش دەستگیر بکرێت، بەمەش رێگریی کراوە لە پاراستنی گیانی دەیان کەس کە ئەوان ویستویانە بیانکەنە ئامانج.
تۆڕێکی 17 کەسی کە ناو و وێنەیان بە دانپیادانانی ڤیدیویی بڵاوکراوەتەوە و لە شارۆچکەکانی دەوروبەری سلێمانییەوە پلانیان داناوە بۆ ئەو کارە تیروریستانەیەی کە خۆیان دەستنیشانیان کردووە.
وێڕای دەستخۆشی زۆر بۆ هێزە شەونخونەکانی ناو سلێمانی و دەوروبەر لە هەستانیان بەم کار پیرۆزە، دەڵێین: سلێمانی مەترسی لەسەرە لە هەموو روویەکەوە، دوژمن بە جۆرێک پلانی بۆ دادەڕێژێت، نەیار بەجۆرێک سنگی لێدەکوتێت، خۆشمان خەریکین لەناو زەلکاوی بێمتمانەییدا خۆمان نغرۆ دەکەین.
پێویستە هەموان ئەوە بزانن، لە هەموو شوێنێک لەهەر وڵاتێک هێزی چەکدار واتا پۆلیس، سەرباز، ئاسایش هەن، ئەوانە وەک بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگە و حکومڕانییەکەی وان، هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان بە بەهێزیی ئەوان دەڕۆن بەڕێوە.
ئەرکی سەرشانی هەموانە کە چاوێک بکەنە دووان و هەر زانیارییەک هەبوو لەسەر هەر جووڵەیەکی نامۆ، بیدەینە دەست لایەنی پەیوەندیدار وەک هاوکارییەک بۆ هێزە ئەمنییەکان، دەبێت رێگریی بکەین لە شێواندنی ئاسایش لەلایەن تیرۆریستانەوە.
تیرۆریستانی داعش شێوازی تایبەتیان هەیە بۆ کاری تیرۆر ئەویش خۆتەقاندنەوەیە لەناو خەڵکدا، ئامادەن بۆ کوشتنی کەسێک لە شوێنێکی پڕ لەخەڵکدا خۆیان بتەقێننەوە و دەیان کەس بکەنە قوربانی.
بە هاوکاریکردنمان بۆ هێزە ئەمنییەکان و رێگریی کردن لە بڵاوبوونەوەی دەستی تیرۆریستان، منداڵەکانمان، خێزانەکانمان دەپارێزین و ئارامی و سەقامگیریی دێنینە کایەوە کە لە ژێریدا دەتوانین بژین.
ئاسایش ئامانجی پاراستنی ئاسایشی خەڵکە لە چوارچێوەی خزمەتکردنیان کە هەمیشە ئەمەی بە ئەرکی خۆی زانیوە.

وتارەکانی نوسەر