شوخت

نامەكەی تەنەف

11:10 - 2022-08-28
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
320 خوێندراوەتەوە

ماوەیەك بوو روسیا لە سوریا لەچەند لایەكەوە گوشاری لەسەر ئەمریكا دروستكردبوو، لەلایەك لە باكوورەوە هانی توركیای دەدا پەلاماری ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بدات، لەلایەكی دیكەشەوە لەڕێی سوریا و هێزەكانی نزیك لە ئێرانەوە ویستی گوشار لەسەر ئەو هێزەی ئەمریكا دروستبكات كە لە2014 ەوە لەناوچەی تەنەف لە بنكەیەك جێگیركراون كە دەكەوێتە سێكوچكەی (سوریا، عیراق، ئوردن) لەناو خاكی سوریا، بۆ ئەوەی ئەو بنكەیە چۆڵبكەن و بڕۆن.
لە باكوورەوە روسیا هانی توركیای دەدا پەلاماری رۆژئاوای كوردستان بدات، لە هەمانكاتدا هانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی دەدا لەگەڵ سوریا رێكبکەوێت.
مەبەستی لەو رێكەوتنەی (كورد و دیمەشق) ئەوەبوو كە دەرفەت بڕەخسێت لەپەنای سوپای سوریادا، هێزەكانی روسیا بكشێن بەرەو ناوچەی نفوزی ئەمریكا لە سەرێكانێ-ەوە بەرەو قامیشلۆ و ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ئەو شارە.
لە باشووریشەوە روسیا هەوڵیدا لەڕێی چەند گروپێکی نزیک لە خۆی و هاوپەیمانەکانی، ئەو هێزەی ئەمریكا كە لە بنكەیەكی سەربازیی لە (تەنەف) جێگیركراون هەراسان بكات و گوشاریان لەسەر دروستبكات بۆ ئەوەی بنكەكە چۆڵ بكەن و ناوچەكە بەجێبهێڵن. بۆیە دەبینین ماوەیەك بوو لە دوورەوە، یاخود بە درۆن چەند جارێك پەلاماری ئەو بنكە سەربازییەی ئەمریكایان دا.
ئەو گوشارانەی روسیا لەناو سوریا، هەڵسوكەوت و سیاسەتێكی نوێ‌ بوو بۆ دروستكردنی گوشار لەسەر ئەمریكا و نزیكکردنەوەی كورد لە دیمەشق. 
ئەو هەڕەشانەی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، ترسی لای رێڤەبەری خۆسەر یاخود هێزەكانی سوریای دیموكرات دروستكردبوو، چونكە هەم هێزەكانی سوریای دیموكرات متمانەیان بە ئەمریكا نەبوو بۆ رێگریكردن لە پەلاماری توركیا، هەمیش ئەمریكا هیچ هەڵوێستێكی روون و ئاشكرای لەبارەی هەڕەشەكانی توركیاوە نەبوو.
لێدوانەكەی جۆ بایدن لە سەردانەكەیدا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە مانگی رابردوودا کە وتی «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەجێناهێلین، بۆشاییەك دروست ناكەین كە روسیا و چین و ئێران پڕی بكەنەوە». ئەم لێدوانە هیوای توركیای لە ئەگەری پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان لاوازکرد. هەروەك وەڵامیش بوو بۆ روسیا و هاوپەیمانەکانی لە سوریا، بەڵام بەڕای چاودێران دەبوو ئەمریکا توندتر وەڵام بداتەوە بۆ جەختکردنەوە لە سیاسەتی واشنتۆن لە ناوچەكەدا.
لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا، چەند جارێك پەلاماری بنكەی تەنەف-ی ئەمریكا لەناو خاكی سوریادا درا، ئەو پەلاماردانانە دەرفەتی رەخساند بۆ لێدانی هێزەکانی سەربە سوریا لە دێرزۆر لە خۆرئاوای فورات، چونکە تۆمەتباربوون بە پەلاماردانی هێزەكەی ئەمریكا لە تەنەف. 
شرۆڤەکارانی سیاسی و چاودێرانی دۆزی سوریا وای بۆ دەچن کە ئەو گورزەی ئەمریكا كە بە رەسمیی لەلایەن پێنتاگۆن و خودی جۆ بایدنەوە راگەیەنرا، نامەیەكی دووپاتكردنەوە بوو بۆ روسیا هاوپەیمانەکانی و ئاگاداری كردنەوە كە ئەمریكا لە سوریا ماوە و دەستی دەگاتە هەر هێزێك كە بیەوێت و هاوكات نامەیەكی دیكەش بوو كە ئەمریكا لە بنكەی تەنەف دەمێنێتەوە و چۆڵی ناكات و بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردنی ناوچەكە بە تایبەتیش جموجۆڵی ئەو گروپە چەكدارانەی لەو ناوچانەدا هەن.

وتارەکانی نوسەر