ئه‌دیب و سیناریستى ئه‌ڵمانى (فولكه‌ر براون) كتێبه‌کەی ناو ده‌نێت «جه‌نگ له‌سه‌ر كه‌لاوه و ئاشتى له‌سه‌ر كۆشك»، وەك ئاوڕدانه‌وه‌یەك له‌سه‌ر جیاوازی چینایه‌تى و نابه‌رابه‌ری ژیان، تا له رێگه‌یه‌وه كه‌لاوه‌كان ببنه مه‌یدانى زۆرانبازى و جه‌نگ و كۆشكه‌كانیش به ئاشتى بمێننه‌وه، ئەگەر ئەم ناونیشانە دەسكاری بكەین له رێگه‌ى جێگۆڕكێی وشه‌كانه‌وه مانایه‌كى نوێ به جه‌نگ ده‌دات و وێنەی ململانێكان به‌م جۆره داده‌ڕێژێته‌وه «جه‌نگ له‌سه‌ر كۆشك و ئاشتى له كه‌لاوه»، كه ئه‌مه دەبێت بە گوزارشت له ململانێی هێزه‌كان و گوتاری بارگاوى به رقی دەستەبژێری سیاسی له‌سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى كۆشكه‌كان، له سایه‌ى ئه‌م پێكهه‌ڵپژانه‌دا كه‌لاوه‌كان به ئارامی ده‌مێننه‌وه و به‌چێژه‌وه برسییه‌كان له ورد و خاشكردنى یه‌كتری سیاسییه‌كان ده‌ڕوانن.
پڕۆسه‌ى سیاسیی عیراق پێی ناوه‌ته قۆناغی جه‌نگى كۆشكه‌كانه‌وه، میرو پادشا، خه‌لیفه و ئایه‌توڵڵا، سیاسی و بازرگان و هه‌موان له‌سه‌ر هه‌ژموون به‌سه‌ر كۆشكه‌كاندا شه‌ڕیانه و پۆل پۆلیش له كه‌لاوه‌كانه‌وه نه‌وه‌ى تووڕه خۆى ده‌كات به شه‌قامه‌كاندا و هه‌موو شتێك گڕتێبەر ده‌دات، ئه‌م پڕۆسه‌یه ده‌ستبردنه بۆ شكۆى دەوڵەت و سووكایه‌تیكردنه به سه‌روه‌ری، له سایه‌ى ئه‌م دۆخه‌دا ئه‌وه‌ى له عیراق ده‌گوزه‌رێت دۆخى كوڵاوی ململانێكان گه‌یشتۆته ئاستێك نه جه‌ماوه‌ر باوه‌ڕى به سیاسییه‌كان ماوه و نه حزبه‌كانیش جه‌ماوه‌ر به ده‌نگ و سه‌نگی ركابه‌رییه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌بینن، به‌ڵكو بە ناوی شه‌رعیه‌ت و شۆڕش و بەرگری دژی به‌عسەوە خۆیان بە كوڕی شەرعی دەوڵەتی نوێی عیراق دەزانن زیاترلەوەش هه‌ندێكیان لە رێگەی باوه‌ڕى مه‌زهه‌بییه‌وه ده‌یانه‌وێت بوون و مانه‌وه‌ى خۆیان له‌ناو پڕۆسه‌كه‌دا سەرلەنوێ تیۆریزه بكه‌نه‌وه، دابه‌شبوونه ترسناكه‌كه‌ش لێره‌وه ده‌ستپێده‌كات كه له یه‌ككاتدا هه‌م شه‌قامه سیاسییه‌كه كۆناكرێته‌وه و هه‌مانكاتیش ده‌سته‌بژێره حوكمڕانه‌كه له‌سه‌ر به‌شكردنى كێكه‌كه رێكناكه‌ون، كه‌وایه بۆ دۆخى له‌و جۆره نه ده‌رچه‌یه‌ك هه‌یه‌و نه ئومێدێك.
بارودۆخی ئاڵۆز و ناسەقامگیری بەغدا
شەڕی تویتەکان
شه‌ڕى تویته‌كان له دواى هه‌ڵبژاردنه پێشوه‌خته‌كه‌ى عیراق ئاراسته‌ى سیاسه‌تى رۆژی هێزه‌كان دیاریده‌كات، به‌ڵام ره‌نگه پێرێی ته‌نراو به پێشهاتى سیاسی چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌هه‌ر كاتێكى تر زیاتر شه‌قامى عیراقی تویتڕێژ كردبێت، ته‌نها سه‌ماحه‌تى (سه‌در) له دوو كاتى جیاوازدا گڕى له هه‌موو پڕۆسه‌كه به‌ردا، جارێك به وازهێنانى كۆتایی له سیاسەت و دانانى قه‌ده‌غه له‌سه‌ر به‌كارهێنانى ناوى خۆی و بزووتنه‌وه‌كه‌ى له ململانێ و چالاكى و ته‌نانه‌ت له پلاتفۆرمه‌كانى سۆشیال میدیا و دیوه‌كه‌ى تریش راگه‌یاندنى مانگرتن له خواردن تا ئه‌وده‌مه‌ى توندوتیژییه‌كان هیۆرده‌بنه‌وه، به‌ڵام پێناچێت ئه‌م تویتانه هێنده لێكه‌وته‌ى ستراتیژى دوورمه‌ودایان هه‌بێت، چونكه هه‌ر خودى ده‌ستئاوه‌ڵاكردنى خۆپیشانده‌ران و به‌ردانى جڵه‌وه‌كه راده‌ستكردنى نه‌وه تووڕه‌كه‌یه به یاخیبوونێكی مەترسیدار كه هێوربوونه‌وه و كۆنترۆڵكردنى ئه‌سته‌مه، بەڵام ئەمڕۆ هەر خودی سەدر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای كۆتاییهێنان بە توندوتیژی و بەجێهێشتنی ناوچەی سەوزی كرد و خۆی بێبەری كرد لەوانەی گوێڕایەڵی ناكەن.
ئه‌وه‌ى رووده‌دات و روویداوه ئه‌سته‌مه به دانوستان چاره‌سه‌ره‌كانى ده‌ستبكه‌وێت، زه‌حمه‌ته هێزه سیاسییه ناكۆكه‌كان له‌سه‌ر خوانێكى نیشتمانیی بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كان كۆببنه‌وه، چونكه ده‌ستبه‌ردانى سه‌در له سیاسه‌ت خۆى ده‌ستبه‌رداربوونه له شه‌قامه تووڕه‌كه و ئه‌و یاخیبوونه میللییه بێ خاوه‌نه له مه‌ودوا به نوێژی هه‌ینى و هه‌ڵمه‌تى كفنكردن و شتى دیكه‌ش ناوه‌ستێت و به شێوه‌ى خه‌نجه‌رێكى تووڕه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ كێلان، خه‌نجه‌رێك كه هێزى له ده‌وڵه‌تى عیراق سه‌ندۆته‌وه و په‌رله‌مانى خستۆته به‌رده‌م قفڵ و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری په‌كخستووه و سه‌رۆكایه‌تى كۆماریش كەوتۆتە زومی سووكایه‌تی پێكردنه‌وه، كه‌وایه ئه‌مه‌ى له عیراق ده‌گوزه‌رێت كۆتاییهاتنى ده‌وڵه‌ت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانى دواى پڕۆسه‌ى ئازادییه.
دوو ئەگەری بەهێز
قووڵایی کێشەکان دوو ئەگەری بەھێزە، یەکەمیان کە بەھێزترین ئەگەرە گەڕانەوەی دیکتاتۆری دەوڵەت واتە کەمینەیەکی شیعە بە زەبروزەنگ دەست بەسەر عیراقدا دەگرن، یاخود گفتوگۆی نیشتمانی روودەدا و دۆخەکە تێدەپەڕێنرێ، ئەوەی رێگرە لەبەردەم ئەم ھەموو ئەگەرانەدا بابەتی مەرجەعییەتە، ئێستا کە سەید سەدر شەڕێکی گەورەتر لەوەی لەگەڵ دەولەتی عیراق دەیکات دەکات. شەڕی مەرجەعییەتی شیعە سەدر پێی وایە لە بەرامبەر حەوزەی قوم باڵی سەدری عیراقی نەک ھیچی کەمتر نییە بەڵكو ئەسیل تریشن، کەواتە شەڕی سەید سەدر زۆر گەورەترە لەوەی بۆ تەشکیلی حکومەتێکی گەندەڵ یان رەشید بێت، سەدر کە لایەنی چوارچێوە رەتدەکاتەوە بە مانای دەست کورتکردنەوەی حەوزەی قوم دێ لە عیراق کە ئەوەش بابەتێکی مێژوویی قووڵی فرەلایەنە.
باشترین سیناریۆ بۆ ھێورکردنەوەی دۆخی عیراق ئێستا درێژکردنەوەی ماوەی ئەم حكومەتە کات بەڕێکەرەیە تا وادەی ھەڵبژاردنی داھاتوو بەمەرجی ئاساییکردنەوەی شەقام تا وادەی ھەڵبژاردن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كرێت جه‌نگى كۆشكه‌كان ئاستە مه‌ترسیداره‌كه‌ى خۆى وه‌رده‌گرێت و شەڕی كۆڵان بەكۆڵان دەبێتە چارەنووسی ئەم دەوڵەتە.