عیراق و خەڵکەکەی راهاتوون بەوەی لەسەر قسەی کەسێک یان فەتوایەک هەرچی کێشە قورسەکانە یان شەڕە خوێناوییەکانە کۆتایی پێ بێت، هەر گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش لەم جۆرە باوەیان هەیە و زۆرێک لەو جەنگانە بەفەرمان و فەتوای کەسێک یان هەڵگیرساوە یان راگیراوە .
ماوەیەکی زۆرە کێشمەکێشی لایەنە سیاسییەکانی عیراق بەتایبەتی نێوانی دوو بەرەی شیعی لە قووڵ بوونەوەدایە و بەرەو سەخت تر هەنگاوی دەنا تا ئەوەی دوێنێ 29-08 بەو رووداوانە داستی پێکرد لە بەغدا و شارەکانی تر.
دەوترێت کە دوا بڕیار لای مەرجەعی شیعە دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت بە فەتوایەک کێشەکان یەکلایی بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەو مەرجەعیەتە بەڕێزە دەیانزانی کە رێگەچارەکان نەماون و بەرەو بنبەست دەچن، کەچی هەنگاویان لەم بارەیەوە نەنا، ئەمە دەکرێت بەجۆرێک لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە رەنگە ئەو مەرجەعیەتە لەوە بێزار بووبێت کە دەکرێت و ئەو هەموو پینەوپەڕۆ کاتییە ناکرێت، یان نابێت مەرجەعیەت هەرخەریکی کۆنتڕۆڵکردنی سیاسییەکانی عیراق بێت، لەمەش بترازێت مەرجەعیەت دەزانێ کە بە فەتوای درەنگ وەختی ئەوان تازە هیچ برینێک ساڕێژ نابێت بۆیە بێدەنگە.
رەنگە مەرجەعیەت نەیەوێت قسەی خۆی بەخۆڕایی بدات لەکاتێکدا دەزانێت کە بە فەتوای ئەو چارەسەریی نایەتە گۆڕێ و ئەو هەموو لایەنە ناکۆکە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر یەک مێزی گفتوگۆ بەتایبەتی کە ئێستا رەوتی خۆپیشاندان گۆڕداروە و ناتوانین بەوەی ئاڕبیجی دەنێت بە دامودەزگا حکومییەکانەوە بڵێێن هاونیشتمانیی خۆپیشاندەر.
ئەمانە ئەو خۆپیشاندەرانە نین کە ماوەی دوو ساڵە بەدەیان جار هاتوونەتە شەقام و دەنگیان بۆ چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی بەرزکردۆتەوە، ئەوانە نین کە ژمارەیەکی بەرچاویان لێ شەهید بوون بە گوللەی نادیاری تێکدرانی خۆپیشاندان.
ئێستا ئارامی بەغدا لە شێواندنی تەواودایە، تێکچوونی بارودۆخی ناوەند کە هەموو جومگە سەرەکییەکانی دەساڵاتدارێتی عیراقی تێدایە، سەروەریی ئەم وڵاتە دەخاتە ژێر مەترسییەوە لە ئەگری دەست تێوەردانی دەرەکی، چونکە وەک دەزانین ئەو دەستە دوژمناکارییانە لە ئامادە باشیدان بۆ قۆستنەوەی هەر بۆشاییەک کە دروست ببێت لە عیراقدا، وەک ئەوەی لە بۆشایی ئەمنی و سەروەریی خاکی سوریادا بە شارەکانی ئەو وڵاتە کرا لەلایەن تورکیاوە و تائێستاش لێی ناچێتەدەر.
دەرکەوتنی ئەو ژمارە زۆرە چەکدارەی ناو هێرشبەران بۆ سەر کۆشکەکانی سەرۆکایەتییەکان لە ناوچەی سەوزی بەغدا، ئاماژەیەکی مەترسیدارە و پێناچێت بە فەتوایەک ببڕێتەوە، ئەگەر فەتوایەکی بنبڕکەر هەبوایە ئەوە دەمێک بوو ئەو کارتە بەکاردەهات، دەنا هەرچەند درەنگتر بەکاربهێندرێت سوودی نابێت چونکە زیانی گیانی و ماڵی و سەرەوەریی زیاتر بە عیراق دەگات.