(21)
رۆمانی ژاپۆنی
ساڵی 1993 بۆ یه‌كه‌مجار دوو رۆمانی ژاپۆنیم خوێنده‌وه، رۆمانی (ریسوایی) شۆساكۆ ئه‌ندۆ دوای ئه‌ویش رۆمانی (كۆكۆرۆ)ی ناتسۆمی سۆسكی، له‌ڕاستیدا رۆمانی ژاپۆنی له‌و كاته‌وه سه‌رنجی دنیای راكێشاوه كه یاسۆناری كاواباتا خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی پێبه‌خشراوه له‌ساڵی 1968 دا، ئه‌وه یه‌كه‌م ئه‌دیبی ژاپۆنی بووه ئه‌و خه‌ڵاته‌ی پێببه‌خشرێت، ئیتر له‌و مێژووه به‌دواوه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ئه‌ده‌بی ژاپۆنی ته‌رجه‌مه كراوه بۆ زمانه‌كانی دنیا، له‌وانه زمانی عه‌ره‌بی، له‌باره‌ی رۆمانی كۆكۆرۆ-وه دێڕێكم له رۆمانه‌كه وه‌رگرتووه كه ده‌ڵێ: ((ئه‌و شێوازه ره‌ق و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ی به‌رامبه‌رم ده‌ینواند له‌وه‌وه نه‌بوو كه رقی لێمبێت، به‌ڵكو ده‌یویست پێمبڵێت كه ئه‌و هاوڕێیه‌كی گونجاو نییه بۆ من، ئه‌و نه‌یده‌توانی دڵی خۆی ئاوه‌ڵا بكات بۆ خۆشه‌ویستی..)) دوای ئه‌وه دوو لاپه‌ڕه‌ی ده‌فته‌ره‌كه‌م پڕكردۆته‌وه له‌باره‌ی كارەكته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌وه، ئه‌مه كورته‌كه‌یه‌تی: (ئه‌و كه‌سانه‌ی له ژیانیاندا تووشی كۆمه‌ڵێك نائومێدی و شكست ده‌بن، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی سۆزدارییه‌وه گومان له‌هه‌موو هه‌ستێكی جوانی مرۆڤانه ده‌كه‌ن، ئه‌وانه له به‌سته‌ڵه‌كی ته‌نیاییدا ده‌ژین، گه‌رمترین سۆز ناتوانێت به‌سته‌ڵه‌كی ناخیان بتوێنێته‌وه، ناتوانن به‌ئاسایی خۆشه‌ویستی كه‌س په‌سه‌ند بكه‌ن، ته‌نیاییان به‌كه‌س ناڕه‌وێته‌وه و ناشتوانن ببنه هاوڕێی كه‌س، ئه‌وانه هه‌ست به ساردوسڕی ناخی خۆیان ده‌كه‌ن، ره‌فتاریان دژواره له‌نێوان ناسكی و نه‌رمی له‌لایه‌ك و كه‌مته‌رخه‌می و وێڵكردن له‌لایه‌كی تره‌وه، به‌م ره‌فتاره‌یان به‌رده‌وام ئه‌وانیتر تووشی نائومێدی و شۆك ده‌كه‌ن).
له‌دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دوو رۆمانه‌وه هه‌ستمكرد دنیایه‌كی ترم بۆ ئاشكرابوو، جیاواز له‌ئه‌ده‌بی ئه‌وروپایی و ئه‌ده‌بی ئه‌مریكای لاتین، رۆماننووسی ژاپۆنی به‌گشی هه‌موو شتێك به‌خوێنه‌ر ناڵێت شتێك به‌شاراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه تا خوێنه‌ری وریا خۆی نهێنییه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه، زیاتر باسی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر كێشه‌كاندا زۆرجاریش كه هه‌ست به بێده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌كات په‌نا ده‌باته به‌ر خۆكوشتن کە سیمایه‌كی دیاری كەلتور‌ی ژاپۆنییه، چه‌ند نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی ژاپۆن خۆیان كوشتوه له‌وانه كاواباتا و میشیمبا.