شیرین. ک
(94)
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مساڵم 2024 به‌م كتێبه‌ی ئیزابێل ئهلهندی ده‌ستپێكرد، كه چواره‌م یاداشتنامهیهتی دوای پاولا، وڵاته داهێنهرهكهم، به‌رهه‌می رۆژه‌كان، به‌ڵام من ئه‌مه دووه‌م یاداشتنامهیهتی ده‌یخوێنمه‌وه دوای به‌رهه‌می رۆژه‌كان، كه ساڵی 2008 خوێندوومه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها حه‌وت رۆمانیشیم خوێندۆته‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی ئه‌م كتێبهیهدا ئهلهندی هه‌شتا ساڵی ته‌مه‌نی ته‌واو كردووه.
هه‌رچه‌نده كتێبه‌كه وه‌كو یاداشتنامه ته‌ماشا ده‌كرێت، به‌ڵام به‌ته‌نیا باسی ژیان و ئه‌زموونی تایبه‌تی خۆی ناكات، به‌ڵكو چیرۆكی ئه‌و ژنانه‌ش ده‌گێڕێته‌وه كه كاریگه‌ریان هه‌بووه له‌سه‌ر كۆی ژیانی له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه بانتیشتای دایكی، كه لێوه‌ی فێری یاخیبوون بووه، ئهلهندی مناڵییه‌كی پڕ كوێره‌وه‌ری ژیاوه و پێیوایه به‌هۆی ئه‌و مناڵییه ناخۆشهیهوه بووه به‌م نووسه‌ره، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ( نازانم ئه‌و رۆماننووسانهی له كه‌شێكی ئارام و ژینگه‌یه‌كی ئاسایی‌دا مناڵییه‌كی خۆش ژیاون چۆن ده‌نووسن؟).
كۆمێنت:( ئیزابێل ئهلهندی قه‌ت به‌و رۆڵه ژنانه‌یه‌ی كه خێزان و كۆمه‌ڵگه و كه‌لتوره‌كه‌ی بۆیان دیاری كردووه رازی نه‌بووه، بۆیه ده‌بینی پاڵه‌وانی رۆمانه‌كانی ئه‌و ژنه یاخییانهن كه دژی ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ری سیستمی پیاوسالاریین، ئه‌و سیسته‌مه‌ی تا ئێستا له بواره‌كانی سیاسه‌ت، ئابووری و كه‌لتوریدا پیاده ده‌كرێت له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا..).
له‌م یاداشتنامه‌یه‌دا به‌وردی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و پیرێتی قسه ده‌كات، چۆن ته‌مه‌ن تێده‌په‌ڕێ و ئێمه‌ش سه‌رقاڵی پڵانه‌كانی خۆمانین، به‌لای ئه‌وه‌وه پیرێتی رێگر نییه له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی مرۆڤ كاربكات و داهێنه‌ر بێت و به‌شداریی بكات له بنیاتنانی جیهاندا.. كۆمێنت: (ره‌نگه ئه‌م روانینه بۆ ئهلهندی راست بێت، كوتاییه‌كانی2023 تازه‌ترین رۆمانی به‌ناوی: ئه‌و بایه‌ی ناوم ده‌زانێت، بڵاوكرده‌وه).
ئهلهندی كتێبی (ژنانی رۆحم)ی له كاتی لۆكداونی كۆرۆنادا نووسیوه، به‌پرسیارێك ده‌ستپێده‌كات، چ جۆره جیهانێكمان ده‌وێت؟ به زمانی زۆربه‌ی ژنان و پیاوانیشه‌وه ده‌ڵێت: جیهانێك خاڵی بێت له جیاكاری ره‌گه‌ز، جێنده‌ر، چین و ته‌مه‌ن و هه‌ر جیاكارییه‌كی تر كه له‌یه‌كمان داده‌بڕێت.
تائێستا حه‌فتا ملیۆن نوسخه له كتێبه‌كانی له سه‌رانسه‌ری جیهاندا فرۆشراون و بۆ (42) زمانیش ته‌رجه‌مه كراون.