کۆمێنت

بنجەلون

09:56 - 2024-04-18
شیرین. ک
94 خوێندراوەتەوە

شیرین. ک

(96)
ئەلتاهیر بنجەلون یەكێكە لەو نووسەرانەی مەغریبی عەرەبی بە زمانی فەرەنسی دەنووسن و دواتر تەرجەمە دەكرێت بۆ عەرەبی، بەڵام بابەتی رۆمانەكانی كۆمەلگە و مێژوو و فۆلكلۆری وڵاتەكەیەتی كە مەغریبە، هەرچەندە ساڵی 1987 خەڵاتی گۆنكۆری پێبەخشراوە كە خەڵاتێكی ئەدەبی فەرەنسییە بۆ رۆمانی (شەوە پیرۆزەكە) بەڵام فەرەنسییەكان بەرهەمەكانی لە خانەی ئەدەبی بیانیدا دادەنێن، گەلێك لە عەرەبە نەتەوە پەرستەكانیش پێیانوایە بنجەلون بە شێوازی رۆژهەڵاتناسەكان دەنووسێت كاتێك باسی وڵاتەكەی دەكات.
ساڵی 1995 بۆ یەكەمجار رۆمانی ئەم نووسەرەم خوێندەوە (شەوە پیرۆزەكە) رۆمانێكی كورتە باسی كچێك دەكات دوای ناشتنی باوكی لەشەوە پیرۆزەكەدا، زێدی خۆی جێ دەهێڵێت بۆ دۆزینەوەی شوناسی شوێنراوی خۆی، كۆمێنت: (لەڕێی كۆمەڵێك مەنەلۆگ و خەون و زیندەخەونەوە، بەزمانێكی شیعری هەروەكو حیكایەتەكانی هەزارویەك شەوە، بنجەلون حیكایەتێكی ئازادكردنی ژنمان بۆ دەگێڕێتەوە، بێئەوەی لایەنی هونەری رۆمانەكە بشێوێنێت.)
سەرسامبوونم بە رۆمانەكانی بنجەلون هانیدام شەش رۆمانی تری بخوێنمەوە لەوانە (ئەو تاریكییە سەرسوڕهێنەرە) ساڵی 2002 نموونەیەكی بەرزی ئەدەبی زیندانە، لە چیرۆكێكی راستەقینەی زیندانیانی زیندانی تۆقێنەری تزمامارت-ی مەغریبییەوە وەرگیراوە، كۆمێنت: (هەموو وڵاتانی عەرەبی و خۆرهەڵات چەندین زیندانی لەو جۆرە و خراپتریشی تیایە، دەپرسم چەند لەو زیندانانە ئاشكرا كراون؟!.)
دوا رۆمانیشی ساڵی 2022 خوێندوومەتەوە بەناوی (صلاة الغایب) ساڵی 1998 بڵاوبۆتەوە، لەم رۆمانەشیدا چیرۆكی چەندین كاركتەر دەگێڕێتەوە بەشێوازێكی فانتازی، لە میانەی چیرۆكەكانەوە دابونەریت و ئەفسانە و داستانەكانی مەغریب نمایش دەكات، لەگەڵیدا حیكایەتی داگیركەرانی وڵاتەكەی و خەباتی گەلەكەی تێكەڵ دەكات، رۆمانەكە یەك هێڵی درامی تیایە لەناو ئەو هەموو فانتازیایەدا، كۆمێنت: (نووسەر دنیابینی خۆی بەسەر كاركتەرەكانیدا دابەشكردووە، هەموویان وەكو خوێنەوار و فەیلەسوف و رۆشنبیر دەدوێن، هەموویان بنجەلونن، چیتر ئەم شێوازە رامناكێشێت، بەڵام ئەم رۆمانە بیستوحەوت ساڵ بەر لە ئێستا نووسراوە، هەرچەندە ئەم رۆمانەش وەكو ئەوانیتری تەرجەمە عەرەبییەكەیەتی، بەڵام ئەو زمانە شیعرییەی پێینووسراوە بزر نەبووە، ئەمە یەكێكە لە جوانییەكانی گەلێك لەرۆمانەكانی بنجەلون...)

وتارەکانی نوسەر