دوێنێ و ئەمڕۆ

10:37 - 2022-09-06
عەبدوڵڵا عەباس
372 خوێندراوەتەوە

پەروەردەی سەلیم 

دەگێڕنەوە لەو کاتەوە کە لای خۆمان بە (عەهدی بائید - 1958) ناونراوە، وەرزارەتی پەروەردە كە ئەو کات بە وەزارەتی «مەعاریف» ناودەبرا، لەسەر خواستی چەند خێرخوازێک پێشنیار كراوە ئەو وەزارەتە قوتابخانەی (ئەهلی) دابمەزرێنێ و ئێواران دەوامی تێدا بكرێ‌ و مەبەستیش لەم پێشنیارە ئاسانكاری بووە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی بەهوی تەمەن یان هەژاری ماوەی خوێندنیان لەقوتابخانەی رۆژانە نییە و ئارەزووی خوێندن و فێربوونیشیان هەیە، ئەمەش مافی رەوای خۆیانە و ئاسانكارییەکەشکارێکی باشە.
 داواكە بەڕەسمی پەسەند كرا و پارەیەكی كەمیان دیاریكرد ئەو كەسەی دەیەوێ‌ لەو قوتابخانە ئەهلیانە بخوێنێ‌ بیدات بە ئیدارەی قوتابخانەكە (سەرنج: لە بیرمە سانەوی سلێمانی بۆ دەوامی ئێوارە 10 دیناریان وەردەگرت 5 دیناری سەرەتای ساڵ و 5 دی دوای پشووی نیوەی ساڵ)، ئیدارەی ئەم قوتابخانانە بە ئارەزووی خاوەن پڕۆژەكە نەبوو، بەڵكو بەرنامە و مامۆستا و وەختی دەوام هەمووی  لەژێر چادێری  وەرزارەتی مەعاریفدا بوو، سەرەڕای ئەوەی هەر شارەو بەپێی پێویستی پێشكەشكردنی بەڵگەی مەشروع بۆ كردنەوەی قوتابخانە ئەهلیەكە رێگای دەدرا بەكردنەوەی ئەو قوتابخانانە  .
بەداخەوە ئێستا ئەم پرۆژەیە وەك زۆر لە پرۆژەكانی (كاسبی كردن) كەوتۆتە بەردەست و ئارەزووی عەقڵی بازرگانییەوە، یەكێك لە هەرە سەلبیاتەكانی، زۆربوونی ئەم قوتابخانانەیە كە زەق دیارە كاری خراپی كردۆتە سەر رەوتی پەروەردەو فێركردن و هەندێك وای دەبینن، هەر وەك دیاردەی عیادەی پزیشكەكان، لەنەخۆشخانە رەسمیەكان هانی نەخۆش دەدەن ئێوارە لە عیادە ببینرێن. 
عەقڵی بازرگانی، هانی خەڵك دەدەن و بە هاندانی چوونە قوتابخانەی ئەهلی ئیغرا دەكرێن، ئەمە قسەی ئێمە نییە، دیاردەیەكە زەق دیارەو هەڕەشە لە سبەینێی رەوتی پەروەردەی مەوزوعی  نەوەی ئەم سەردەمە دەكات، بۆیە خۆزگەمانە، خیرخوازانی بەرپرسیار لە رەوتی پەروەردە لە هەرێم بەوردی و بۆ سوودی سبەینێی پێگەیاندنی نەوەی نوێی  خوێندن، یەكەم چاوی بە زۆری ئەو قوتابخانانەدا بخشێننەوە كە ئێستا هەن، یان چاودێری وردی كاریان لە پەروەردەوە بێ‌ لە رووی چۆنییەتی رایكردنی بەرنامەی خوێندن و ئەو بارە ماددیەی دەخرێتە سەرقوتابیان و كەسوكاریان، یان هوشیارانە بەرنامەی كەمكردنەوەیان بۆ دابنێن.

وتارەکانی نوسەر