چی بکەین تا بۆڵە نەبێتە تۆڵە؟

09:57 - 2022-09-07
هیوا محەمەد
469 خوێندراوەتەوە

یەکێکم لەوانەی کوێرانە هەڵسەنگاندن بۆ هیچ شتێک ناکەم، لە کوێدا حکومەت لە هەموو قۆناغەکانیدا کاری باشی کردبێت دەستخۆشیم لێکردووە و جاری وابووە بە سەرسەختی داکۆکیم لێکردووە.

پێویستە ئەم شێوازە بەردەوام بێت، راستەوخۆ سەرپەرشتی دۆخی ئیدارەدان بکرێت، دەستە گەندەڵەکان دوور بخرێنەوە، پڕۆژەکان بکرێنەوە، هەلیکار زۆر بێت، با حزب و حکومەت باجی سەرمایەدارانی گەندەڵکار نەدەن

هیچکات پێم وانەبووە سەرلەبەری کارەکانی حکومەت ناتەواوە، دەستی کەسایەتییەکانی ناو حکومەتیش بەپێی کابینە جیاوازەکان دیارە و پڕۆژەکانیش بە زیندوویی ماون.
ئەوەشی کەمتەرخەمی و پڕۆژە پشتگوێ خراوەکانە، فایلەکانیان تۆزیان لەسەر نیشتووە و ناتوانین رووی خۆر لە ئاستیان بە بێژەنگ بگرین.
کۆبوونەوەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی پەیوەندیدار بە پڕۆژەکان جێگەی دەست خۆشییە، ئەمە کردەیەکی نوێیە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و دەستوەردانی نایاسایی، بە تایبەتی کە بە ئاشکرا ماوەیەکی کەمیان بۆ دادەنێت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی لەم بوارەدا، چونکە بەگەڕخستنەوەی 55 پڕۆژە لەماوەی مانگێکدا، ئەم ناوچەیە دەکاتە گەرمترین بازاڕی هەلی کار و بوژانەوە، ئەمەش خواستی خەڵکە بەگشتی.
پێویستە ئەم شێوازە بەردەوام بێت، راستەوخۆ سەرپەرشتی دۆخی ئیدارەدان بکرێت، دەستە گەندەڵەکان دوور بخرێنەوە، پڕۆژەکان بکرێنەوە، هەلی کار زۆر بێت، با حزب و حکومەت باجی سەرمایەدارانی گەندەڵکار نەدەن، با کردەی گەندەڵیی بەڕێوەبەرێکی لەسەر حزب حسابکراو نەبێتە هۆکاری لاوازبوونی پێگەی حزب لای خەڵک.
 هەرچی کارێکی خراپ بکرێت، خەڵک لە چاوی حزبی دەسەڵاتداری دەبینێت، هەرچۆن هەنگاوی باشیش بە هی ئەوان دەزانن. بە کاری بەردەوامی چاکسازی  لە سوودی خەڵک بە گشتی، تاکەکانی کۆمەڵگە ئاسوودە دەبن و نێوانی حزب و حکومەت درزی گەورەی تێناکەوێت.
حکومەت دەزانێت کە گازندەکانی خەڵک لە چیدایە، گوێ لەتاکەکان بگرن و بزانن کێشەیان چییە، بەدەر لە کێشەی کەسێتی، کێشەی قەیران ئاسامان هەیە کە ئیتر خەریکە سنووری چاوەڕوانی دەبەزێنێت و دەبێتە رەتدانەوەی پەرچەکردار.
دوژمنمان زۆرن، نووستوو و نە نووستوو، ئەوان هەل دەقۆزنەوە و سوود لەو کێشە گشتگیرانە وەردەگرن تا خەڵکی لە دژی حکومەت پێ هانبدەن. 
کەمی هەلیکار، دانەمەزراندن (کە خەڵکی لەسەری راهاتووە خوێندن تەواو بکات دەبێت حکومەت دایمەزرێنێت) کەمی مووچە، دواکەوتنی، قەرزاریی حکومەت بە مووچەی خەڵک، کارەبا و ئاو، ئەمانە سەرەڕای جادەوبان و نەخۆشخانەکان، کێشەی زەقی خەڵکن، پێویستە بە زووترین کات ئاوڕی جدی لێبدرێتەوە.
نادادپەروەریی لە دابەشکردنی داهاتدا، لەرێگەی لە پڕ هەڵتۆقینی سەرمایەدارێکەوە دەبیندرێت، لە رێگەی ژمارەی زۆریی هەژار و زۆربوونی بە بەردەوامی سەرمایەدارەوە دەبیندرێت، رەنگە لە رێگەی شیکارییەکەوە بۆمان دەربکەوێت کە زۆریان دەبێت دەستێکی گەندەڵی ناو ئیدارەکانیان لەگەڵدا بێت، چونکە ساڵانێکە حکومەت ناتوانێت مووچەی تەواو بدات و باری ئابووریی سەختە و دارایی حکومەت لاوازە، ئیتر لە هەرێمێکی وادا چۆن ئەم سەرمایەدارانە هەڵدەتۆقن، خۆ ئەوان لە وڵاتێکی تردا ناژین؟
کێشەکان لە سەرتاسەری هەرێم وەک یەک نین، زۆنی سەوز بە ئاشکرا نادادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بە ئاشکرا لە زۆر لاوە، باس لە پشتگوێ خستنی سلێمانی و ناوچەکانی زۆنی سەوز دەکرێت.
گازندەی خەڵک ئەگەرچی هەندێکیان جار جار لە توڕەیی خەڵکەکەوە دەچنە بازنەی بوختانەوە، بەڵام لەبەر زۆریی و زەقیی کێشەکان خەڵک باوەڕ بە هەموو هەڵبەستنێک لە دژی حکومەت دەکەن، ئەمەش وادەکات لەگەڵ خەمساردیی حکومەت و بەهەند وەرنەگرتنی ئەم کێشانە و پیشخواردنەوەی خەڵک لە ناخی خۆیدا، رۆژێک بتەقێتەوە و دەستە خراپەکان سوودی لێوەربگرن و بیقۆزنەوە، ئەوکات ئەمەی ئێستا کە تەنها رەخنە و گازندە و بۆڵە بۆڵە دەچێتە قۆناغی تووڕەییەوە و دەبێتە تۆڵە، با پێکەوە رێگریی بکەین لە بەدینەهاتنی مەرامی تازە هەڵتۆقیوەکان (چ سەرمایەدار یان سیاسەتمەداری گەندەڵی سەرمایەدار) و نەیارانی حکومەتەکەمان کە لە خۆمانە و بۆ خۆمانە، بە تایبەتی لە دۆخێکداین کە تیرۆریستانی داعشیش لەم دەڤەرە بڵاودەکرێنەوە بۆ تێکدانی سەقامگیریی و ئاسایش، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پشتگوێ دەخرێت و ناداپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

بەردەوامیی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە ئەرکی حکومەت و خواستی خەڵکە

وتارەکانی نوسەر