جەنگ لە بەرژەوەندیی سەرمایەداریدایە؟

10:41 - 2025-06-15
هیوا محەمەد
115 خوێندراوەتەوە

سەرمایەداریی ئەمریکی، سەرمایەداریی هەژمونگەرایی، جیهانێکی تاک جەمسەری دەوێت کە تێیدا هەمووان ملکەچی بن و هەرکەسێک کە رێگریی لە گەیشتن بەو ئامانجە بکات، یان هەوڵی بەربەستی بدات، کێشەی بۆ دروست دەکات و هێرشی دەکاتە سەر. 
ئەوان خۆیان لەهەر کونجێکی جیهان بیانەوێت، کێشەیەکی گەورە تا رادەی جەنگی کاولکاری دروست دەکەن، هەر خۆشیان سەرپەرشتی دەکەن و دەشی کەنە بازاڕی ساغکردنەوەی جبەخانە خەزنکراوەکانیان کە بڕێکی زیاتر لە پێویستیی تێدا کەڵەکە بووە.

چەندە چەکەکان پێشبکەون، جەنگەکان زۆرتر دەبن
دروستکردنی هەموو جۆرەکانی چەک لە برەودایە و پێشکەوتنی خێراشیان پێوە دیارە و تادێت کاریگەرتر و کوشەندەتر دەبێت، مانەوەی ئەم چەکانە زیانی گەورە بە گەورە سەرمایەدارەکان دەگەیەنێت، بۆیە دەبێت بازاڕێکی گەرمی بۆ بدۆزنەوە، ئەم بازاڕەش بەقووڵکردنەوەی کێشە و ململانێکانی نێوان نەتەوە و ئایینەکانە، بە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەم کێشانەش، بازاڕی چەک دەمرێت کە لە ئێستادا بۆ وڵاتانی زلهێز بە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات دادەنرێت، ئیتر لە بێئاگاییەوەیە پێمان وابێت ئەمریکا یان هەریەکێکی تر لە زلهێزەکان، پشتیوانی ئازادیخوازان و ئەوانەن لەدژی ستەم دەوەستنەوە؟
بۆچی ئێمە پێمان وابێت زلهێزێک پشتیوان و رزگارکەرمانە؟ ئەی بۆچی نەپرسین هۆکاری هاوکارییکردنی ئەوان بۆ ئێمە چییە؟ بێگومان دەگەینە ئەو راستییەی کە وڵاتانی زلهێز، هەرەکەیان کۆمەڵێک سەرمایەداری زەبەلاح دەیانبەن بەڕێوە، لە کوێ بیانەوێت بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن و هەژموونیان فراوان بکەن بۆ دەستگرتن بەسەر سامانە سروشتییەکانیاندا، بەناوی فریادڕەس دەچنە پێش، ئەوانەش کە لەو وڵاتانەدا لە خێری ناکۆکی و شەڕ دەخۆن، پێشوازییان لێدەکەن و فەرشی سووریان بۆ رادەخەن، چونکە ئەم ژێردەستانەی سەرمایەداران(سەرمایەداری مەحەلی و بچووک) سوودمەند دەبم لە دروستکردنەوەی گەڕەکە وێارنکراوەکان.

ماددەی لە نەوت و زێڕ گرنگتر هەیە
لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیادا، پێویستییەکان بە کانزاکان زیاتر دەبن، ئێستا تەنها نەوت و زێڕ و زیو نییە، بەڵکو بەردی بەنرخ و غاز و شلەمەنی دیکەشە لەوانە، مەنگەنیس، تیتانیوم، زرکونیوم، سکاندیوم و نیکل و لیسیوم. ئەوانە بۆ دەیان جۆری پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا بەکاردەهێندرێن، بۆ دابینکردنی ئابوورییەکی بەهێزی ئایندە. 
هەمووان دەزانین، ململانێی زلهێزەکان (سەرمایەدارەکان) باڵی کێشاوە بۆ دەرەوەی گۆی زەوی، ئەو ماددە و کانزایانە پێویستن بۆ گەیشتن بە نهێنییەکانی دەرەوەی ئەم زەوییە، بۆیە وا هەڵپەی بۆ دەکەن، نموونەش ئەوانەی ئۆکرانیاییە کە لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتنیان کرد بۆ دەرهێنانی تا 50 ساڵی داهاتوو.

دەچنە دانوستاندنێکەوە کە مەرجەکانی خۆیانی تێدا بسەپێت
لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی سەرمایەدارەکان لەکاتی خواست بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەیەک، جەنگێک، وایکردووە دانوستاندن و زمانی گفتوگۆ، بە مەرجی پێشوەخت دیاریکراو بێت کە بە چ ئاڕاستەیەکدا بڕوات، ئەگەر نا قبووڵیان نییە، ئەوان کە رازی دەبن بە دانوستاندان، بۆ ئەوەیە بەرامبەر رازی و ناچار بکەن بەوەی کە خۆیان دەیانەوێت، دەنا هێزی لەگەڵ بەکاردەهێنن تا ملکەچی دەکەن، لەگەڵیشیدا دەڵێن ئێمە لە سەنگەری میللەتانی ستەملێکراوداین، ئەگەرچی ئەو ستەمە لێرە و لەوێ لەوڵاتی خۆشیان زۆرە، یان مافی تاک و دەستەبەری ژیان و کار و مافەکای تر لە زۆر جێگەی لای خۆیان (وڵاتانی سەرمایەداری) زۆر زیاترە لەوەی ئەمان بۆی هاتوون تا میللەتێکی تری پێ رزگار بکەن.

ئەوان دۆستی خاکی ژێر پێی میللەتن
لەراستیدا ئەوان دۆستی ئەو میللەتە نین، بەڵکو دۆستی خاکی ژێر پێی میللەتەکەن، ئەوان لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە نەهاتوون سەربازی خۆیان بە کوشت بدەن بۆ دەستەبەرکردنی دیموکراسی بۆ ئەمان، بەڵکو دەیانەوێت ئەوەی ئەمان لەسەر دانیشتوون بۆخۆیانی هەڵکۆڵن.
سەرمایەداری، جەنگی دەوێت و دروستکەریشیەتی، بەڵام ناهێڵێت تا ئەو رادەیە بێت کە خۆی تیابچێت، هەرچەندە ئەمە قومار و یاریکردنە بە ئاگر، بەڵام ئەگەر لە جەنگێکدا سەروەتیش بدۆڕێنن، گیانیان پارێزراو دەبێت و لە شوێنێکی تر و لە جەنگێکی تردا بەدەستی دێننەوە.
دەڵێن بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بە دەستی ئەنقەستی مرۆڤ بووە، یەکێک دەڵێت چین ئەمەی کرد، یەکێک دەڵێت ئەمریکا، ئەگەر ئەمانە راست بن، ئەوا ئامانج لێی دوو شت بووە، یەکەم تاقیکردنەوەی ڤایرۆسێکی کوشندە لە دژی وڵاتێک کە بیانەوێت لەناوی بەرن، دووەم گوایە بە مەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتوان بووە، بەتایبەتی لە پیر و پەککەوتەکان کە ببوون بە ئەرک بەسەر خانەی پیرانەوە لە ئەوروپا و زۆریشیان لێ مردن. ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرۆکی هیچ وڵاتێک، خاوەنی هیچ کۆمپانیایەکی زەبەلاح نەمرد، بەڵام ملیۆنەها کەس لە خەڵکی ئاسایی مردن. ئەمە ئەگەر سەرمایەداریی لە پشت بێت( کە بێگومان هەروایە، ئەو ڤایرۆسە هەر دەبێت کۆمپانیایەکی گەورەی سەرمایەداری دروستکەری بێت)، هەر خۆشیان واکسینەکەیان بۆ دۆزییەوە و لەویشدا قازانجیان کرد.

 

لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی سەرمایەدارەکان لەکاتی خواست بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەیەک، جەنگێک، وایکردووە دانوستاندن و زمانی گفتوگۆ، بە مەرجی پێشوەخت دیاریکراو بێت کە بە چ ئاڕاستەیەکدا بڕوات، ئەگەر نا قبووڵیان نییە

 

جەنگی روسیا و ئۆکرانیا
روسیا لەگەڵ ئۆکرانیا نەگەیشتوونەتە ئەنجام و شەڕ بەردەوامە، ئەو هێرشەی دوایی کە کرایە سەر فڕۆکەکانی روسیا لەلایەن درۆنەکانی ئۆکرانیاوە، بە گەورەترین هێرش دادەنرێت لە کاتی دەستپێکی ئەو جەنگەی نێوانیانەوە، ئەمەش روسیای خستۆتە سەر دووڕیانی ترس و پاشەکشە، یان تووڕەیی و تۆڵەکردنەوە، ترەمپیش دوای ئەو هێرشە وتی کە سەرۆکی روسیا و ئۆکرانیا ژیرانە بیربکەنەوە و کۆتایی بەم جەنگە بێنن، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی بێزاری، چونکە دەمێکە لە هەوڵدایە رایبگرێت و رێکیان بخات، بەوپێیەی ئەمەش لە بەڵێنە سەرەکییەکانی کاتی بانگەشەکەی بوو، بەڵام لەوکاتەوە ئۆکرانیا ملکەچی رێککەوتنەکەی وەزیری خەزێنەی ئەمریکا بوو لەگەڵیان، سەبارەت بە دەرهێنانی کانزا بە بەهادارەکان، ئیتر کاری بە روسیا نەماوە و تەنها ئامۆژگاریی دەکات، ئەمەشی لە قینی ئەوروپایە کە خۆیان  بە هاوسەنگەری ئۆکرانیا دەزانن دژی روسیا. ئەو بەڵێنانەش کە ترەمپ دای بۆ راگرتنی جەنگی ئەو دوانە، بە بەدەستهێنانی ئەو رێککەوتنە لەگەڵ کییف، ئیتر خەڵکی دوو وڵاتی لە بیر چۆوە کە لەژێر ئاگری جەنگدان.

مرۆڤەکان بە بەرچاویانەوە دەکوژرێن
بێباکانە سەرمایەداری، وەک تەماشاچی دەڕوانێتە ئەو هەموو چەک و بۆمبانەی بەسەر غەززەدا دەبارێندرێت، ئەوان خۆیان تاوانەکەیان بۆ داتاشیون و چۆنێتی ملکەچ بوونەکەشیان بۆ دیاری دەکەن، ئاسایی نییە زیاتر لە 15 هەزار منداڵ لە غەززە کوژرابێت، کێ دەتوانێت ئەمە پەسەند بکات؟ ئاسایی نییە بۆ کوشتنی چەند کەسێکی سەربازیی لە شوێنێکی نیشتەجێبووندا 20 منداڵیش بکوژرێت لە ئێران، بەڵام ئەمانە بەلای سەرمایەدارانەوە پێیدەوترێت زیانە ئاساییەکانی جەنگ و لەپاڵ پێکانی ئامانج ئەمەشی لێدەبێتەوە!. ئەوانەی خاوەنی چەکی ئەتۆمین، ناهێڵن وڵاتێکی تر هەیبێت، ئەگەر ملکەچی خۆیان و لەبەرەی خۆیان نەبێت، کە پێداگرییش بکات لە هەبوونی، ئەوا بە زەبری هێز روبەڕووی دەبنەوە.

سەرمایەدارەکان بۆ بەرژەوەندییەکانیان  چی دەکەن؟
هەندێکجار سەرمایەدارەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان کە لە وڵاتێکدان، یەکدەگرن، هەندێکجاریش لەناو خۆیاندا ناکۆک دەبن و هەوڵی لاوازکردنی یەکتر دەدەن، چونکە لای سەرمایەدار تەنها بەرژەوەندیی هەموو شتە، لێرەدا نیشتمانپەروەریی و گێڕانەوەی (عەزەمەت) بۆ وڵات، هەمووی دروشی بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە لووتکەی دەسەڵاتە. 
ئیلۆن ماسک-ی گەورە سەرمایەداری ئەمریکا، سەدان ملیۆن دۆلاری خستەگەڕ بۆ دەرچوونی ترەمپ بە سەرۆک، کە دەریش چوو، ترەمپ کردییە وەزیر، بەڵام تەنها پێنج مانگ درێژەی کێشا گوایە سیاسەتی ترەمپی بە دڵ نییە لە گرتنەبەری رێکارەکانی باج و سیاسەتی توندی بەرامبەر کێشە جیهانییەکان، دەستی لەکارکێشایەوە، ئەم دووانە هەردوو سەرمایەداری ئەمریکین، بەڵام بەرژەوەندییەکانیان یەکی نەگرتەوە بۆیە جیابوونەوە، هەندێکجار ئەمە کاریگەریی و هەژموونی ئەمریکا لە دەرەوە لاواز دەکات، چونکە بە یەکگرتوویی دەرناکەون، ئیتر لێرەوە وڵاتێکی دیکەی زلهێز سوود لەو ناکۆکییە وەردەگرێت و کارتی هێزی خۆی دەخاتەگەڕ.
زۆرێک لەم ململانێیانە بیانووی گەورەی بۆ دەدۆزرێتەوە، هەرچەندە رژێمی بەعس چەکی کیماییا بەکارهێنا لە دژی کورد، بەڵام پێش لەناوبردنی ئەو رژێمە، ئەمریکا دەیووت کە عیراق خاوەنی چەکی کیمییایە و شوێنی تایبەتیان هەیە بۆ ئەمە، کەچی کە رژێمەکە لەناوبرا، هیچیان نەدۆزییەوە ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە دەیانووت.

خۆیان هەیانە و نابێت کەسی دیکە هەیبێت
ئەوانەی چەکی ئەتۆمییان هەیە، ناتوانن بە ئاسانی بەکاری بهێنن، چونکە بەرامبەریش ئەگەر بەکاریهێنا، ئەوا ژیانی سەرمایەدارە سەرەکییەکان دەکەوێتە مەترسییەوە، یاریکردن بە دەروونی خەڵک، بەژیانیان، کردەی نامرۆڤانەیە، بەڵام بەلای سەرمایەدارییەوە شتێک کە پێی بوترێت بەزەیی بوونی نییە، هەموو شت، تەنانەت سڵاوێک، هەنگاوێک بێ نەبوونی سوودێک بۆ خۆیان نایکەن، ئەوەشی دەیدەن دەبێت دوو هێندەی لەڕێوە بەدەست بێنن.
لێرەوە دەڵێین، سەرمایەداران خۆیان دروستکەری کەرەستەی جەنگن، دروستکەری کێشەکان و ململانێکانن کە دەبنە هەوێنی جەنگەکان، خۆشیان ساخکەرەوەی چەکەکانن کە خۆیان خاوەندارێتی دەکەن، دواتریش هەر لەبەرژەوەندی خۆیان لایەنە ناکۆکەکان دەخەنە دانوستاندنەوە و لە بەرژەوەندیی خۆیان دایاندەڕێژنەوە، بێ ئەوەی زیانی گەورە بەخۆیان و سەروەتەکانیان بگات.
ئەگەر چەک دروستکردن هۆکارێک نەبوایە بۆ نانەوەی جەنگەکان، ئەوا ململانێکان نەدەکشان بۆ ئاستی یەکتر تەواو کردن و لەناوبردن، بەڵام هاندەرەکان بۆ گەرمکردنی ناکۆکییەکان تا رادەی پێکدادان، سەرمایەدارەکانن کە خەریکی خۆشکردنی بازاڕی چەکن.
 لەدەرەوەی ئەمانە، جیهان دەوڵەمەندە، ئەگەر بەیەکسانی رێکبخرێت و زلهێزەکان (سەرمایەدارەکان) لێگەڕێن، ئەوا دەتوانرێت سوود لە سامانی سروشتی بەهەموو جۆرێکییەوە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی وەربگیرێت و کەسیش نەکوژرێت و پێویستیش بە دروسکردنی چەکی کۆمەڵکوژ نەکات، ئەگەر بەو مانایە بێت، ئەوەی زلهێز و سەرمایەدارە مافی ژیانی هەبێت و لە رێگەی جەنگەکانەوە مرۆڤی چینە هەژار و مامناوەندییەکان لەناو بەرن، ئیتر بوونی رێکخراوە جیهانییەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ چ واتایەکی هەیە؟ باشتر نییە بۆ ئەوەی لە کارەکایاندا شەرمەزاری نەکێشن، دەستهەڵگرن؟ لانیکەم وەک دەربڕینی ناڕەزایی؟  پێویستە هەموان ئەو لق و پۆپانەش ریسوا بکەین کە رێخۆشکەرن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداران و زلهێزەکان لە رێگەی جەنگەکانەوە.

 

سەرمایەداران خۆیان وێرانی دەکەن و خۆشیان بنیاتی دەنێنەوە لە سوودی کۆمپانیاکانی خۆیان

وتارەکانی نوسەر