لە چاوەڕوانیی خولی شەشەمی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران داین، ئەوان لەدوای هەر خولێک وتویانە ئەنجامی باشی دەبێت و لەوە نزیک بوونەتەوە لەیەک تێبگەن، بەڵام وادیارە ئاستی پاراستنی بەرژەوەندییەکان، رێگە نادات بڕیاری کۆتایی بەمزووانە بدرێت.
هەرچی ئەمریکایە دەیەوێت ئێران ناچار بکات لە پیتاندنی یورانیۆم کۆڵ بدات و نەیگەیەنێتە ئاستی رێگەپێدراوی جیهانی، لەگەڵیشیدا بەردەوامبوونی لە پیتاندنە رێپێدراوەکە بەرێتە وڵاتێکی دیکە، لەوانە روسیا یان میسر.
ئێران ئەوە رەتدەکاتەوە، بەڵام لەگەڵیشیدا بۆئەوەی دانوستاندنەکان نەگەنە بنبەست ئامادەیی نیشانداوە بۆ دەستبەرداربوون لە هەندێک لە مەرجەکان ئەگەر ئەمریکا ئابڵووقەکانی لەسەر لابەرێت، وەک هەنگاوێکی نیازپاکی.
سیاسییەکانی ئەمریکا بوون بەچەند بەشێکەوە، هەموویان وەک ترەمپ بیرناکەنەوە، هەروەک چۆن لە ئێرانیش دوو رای توند و مامناوەند هەن بەرامبەر بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، هەرچی ترەمپە بەو هۆکارەی پێش دەرچوونی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، بەڵێنی دابوو هەندێک لەو بابەتانەی ئەو بە کێشەی جیهانیی دانابوون چارەسەریان بکات، لەوانە بابەتی باڵادەستیی ئێران لەناوچەکەدا، بە نەهێشتنی رژێمی ئەسەدیش، ترەمپ پێیوابوو بەشێکی بەڵێنەکەی جێبەجێکردووە، بەڵام هەروا ئاسان نییە، بەتایبەتییش کە لەملاوە روسیا و ئێران پەیوەندیی بەهێزیان لە خزمەت بەرژەوەندیی یەکتر هەیە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر رەوتی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا هەیە.
رەنگە روسیاش پێی خۆش نەبێت لەکاتێکدا خۆی هێشتا لە جەنگێکی گەورەدایە لەگەڵ ئۆکرانیا، ئەمریکا لەگەڵ ئێران بە زوویی و بە ئاسانیی رێککەوتن بکات، بەمەش دۆستە دێرینەکەی لەدەست بدات.
رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا لە سوودی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە بەگشتی و ئێران خۆشی بەتایبەتی. جیهانی ئەمڕۆ هەمووی لەژێر هەژموونی زلهێزەکاندایە، چین لە پێشکەوتنێکی خێرای تەکنۆلۆژیادایە، ئەمریکا ناتوانێت لەهەندێ رووەوە پێشبڕکێی لەگەڵ بکات، بۆیە هەژموونی سەربازیی بەکاردێنێت و دەیەوێت دەسەڵاتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکات. یەکێتیی ئەوروپاش، کە هێزێکی ئابووریی، سیاسیی و سەربازیی گەورەیە، کەوتۆتە بەر رەخنەکانی ترەمپ و لەزۆر لێدوانیدا لە هەژموون و قورساییان کەمدەکاتەوە و هەندێجار ناڕاستەوخۆ هەڕەشەشیان لێدەکات. لەم نێوەندەدا ئێران ئەم واقیعە سیاسییە لەبەرچاو دەگرێت چونکە ئەمە هەلێکەو تا خۆی لە خاڵی بەهێزدایە و پشتی بە تواناکانی قاییمە، نزیکببێتەوە لە رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی سەری، بەمەش دەکەوێتە قۆناغی بووژانەوە و دەتوانێت بۆ قۆناغەکانی دواتر و بە جۆرێکی تر بۆ پاراستنی هاوبیرەکانی و دۆستەکانی لەهەرجێیەک هەوڵبدات و زیاتر ببوژێتەوە و لە رووی ئابوورییەوە، تواناشی هەیە ئەمە بکات، چونکە لەدوای جەنگی ئێران و عیراق، لەماوەیەکی کورتدا توانییان کارێک بکەن ئاسەواری ئەو هەشت ساڵ جەنگە لەسەر کۆمەڵگەکەیان نەمێنێت و ئاوەدانیان کردەوە.
ئێران وڵاتێکی پێشکەوتووە و لە زۆر رووەوە تواناکانی لە ئاستی بەرزدان، توانای ئەتۆمییان بەرزە، لە رووەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و بیناسازی و رێگەوبان و ئاوداری و دروستکردنی بەنداو و تونێل و زۆر بابەتی ترەوە پشت بەخۆیان دەبەستن، هەر ئەمەشە وایکردووە ئەمریکا نەتوانێت لە رێگەی گورزی سەربازییەوە لاوازیان بکات، هەرچی ئیسرائیلیشە دەیەوێت ئەمریکا بێنێتە سەرخەت و هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام ئەمریکا نایەوێت راستەوخۆ ئەمە بکات و هێشتا ئومێدی هەیە کە لەگەڵ ئێران دەگەنە ئەنجام، چونکە دەزانن وەشاندنی گورزی سەربازیی وەڵامی توندی ئێرانیشی لێدەکەوێتەوە، بەمەش ناوچەکە دەبێتە ئاگر و دامرکاندنەوەی ئاسان نابێت، هیچ لایەکش بێ زیان لێی دەرناچێت.