تەندروستی دەروونی لای ئەستێرەکان

10:31 - 2022-09-07
رۆزا دڵشاد مەریوانی
315 خوێندراوەتەوە

وەکو هەموو ساڵێک لە کۆتایی مانگی ئابدا ئاهەنگی یەکێک لە خەڵاتە گرنگە جیهانییەکان بۆ میوزیک و گۆرانی بەڕێوەچوو ئەویش خەڵاتەکانی ئێم تی ڤی ئەمریکی بوو بۆ میوزیک کە چەندین هەفتە جەماوەر و هەوادارانی ئەو هونەرمەندانەی بۆ ئەو خەڵاتانە کاندید کرابوون لە رێی سۆشیاڵ میدیاوە دەنگیان داو دواجار رۆژی 29  مانگی رابردوو براوەکان لە ئاهەنگێکدا راگەیەندران، رەنگە هەواڵەکە لێرەدا کۆتایی بێت یاخود درێژەی پێبدەین بەوەی کێ براوە بووە، بەڵام ئەوەی جێگەی باس و قسە لەسەرکردنە ئەو بابەتەیە کە بووەتە پەتای سەردەم و سەرچاوەکەشی سۆشیاڵ میدیایە و لەو ئاهەنگەدا رەنگی دابووەوە، ئەویش تەندروستی دەروونی و ئەو رق و کینەیەیە کە کەسایەتییە دیار و بەناوبانگەکان لە رێی سۆشیاڵ میدیاوە دووچاری دەبن، بۆ نموونە ژنە گۆرانیبێژی ئەمریکی نیکی میناج لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا لە وتەکەیدا ناوی مایکڵ جاکسۆن و ویتنی هیوستنی گۆرانیبێژانی کۆچکردووی هێنا و باسی لە گرنگی تەندروستی دەروونی کرد بەوەی خەڵکی وادەزانن ژیانی ئەستێرەکان کامڵ و خەیاڵییە، بەڵام لەبەرامبەردا زۆرجار بەدەست نالەباریی و کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنن و هەندێکجار بەو شێوە تراجیدییەی ئەوان ژیانیان کۆتایی دێت.
هەروەها یەکێکی دیکە لەو باسانەی لەنێو ئەو ئاهەنگەدا دەنگی دایەوە گۆرانیبێژی ئەمریکی لیزۆ بوو دوای ئەوەی خەڵاتەکەی وەرگرت باسی لەوە کرد ئەو خەڵاتە وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو کەسانەی لە رێی سۆشیاڵ میدیاوە سوکایەتی بە جەستە و کێشی زیادی لەشیان کردووە بێ گوێدانە ئەو هونەرەی پێشکەشی دەکات، ئەو هەڵوێستانە ئەوە دەسەلمێنن لە چ سەردەمێکدا دەژین و چەندە رووی دەرەوە بووە بە بابەتێکی گرنگ نەک ناوەرۆک هەروەها چەندە گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی پێویستە و حاڵەتەکانی خەمۆکی و پشێوی دەروونی زۆر زیادی کردووە و ئەستێرەکانیشی گرتۆتەوە، بەڵکو رەنگە ئەوان بەهۆی ئەو ژیانەوەی تێیدا دەژین بەوەی بەردەوام لە بەرچاودان زیاتر کاریگەرییە نێگەتیڤەکان و رقی سۆشیاڵ میدیایان لەسەر بێت، بۆیە دواجار وەکو پەتایەکی لێهاتووە و تا دێت زیاتر تەشەنە دەکات و لەبەرئەوەی زۆربەیجار سەرچاوەی ئەو رقە دیار نییە کۆنتڕۆڵکردنیشی زەحمەتە و تا ئێستا چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە و لەم سەردەمەدا تا زیاتر لەبەرچاودا بیت زیاتر رق وەردەگریت.

وتارەکانی نوسەر