کوڕەکانی مام و هەنگاوە دروستەکان

10:29 - 2022-09-08
ئارام بەکر
477 خوێندراوەتەوە

لەماوەی رابردوودا و بە دیاریکراوی پاش گۆڕانکارییەکانی 8 ی تەموز و دیداری یەکێتی، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جگە لەسەرۆکایەتی کردنی ی.ن.ک سەرکردایەتی دوو کاری دیکەی پیرۆز و گرنگ دەکات، کۆبوونەوەکان لە بەغدا بۆ بەرژەوەندی عیراقییەکان و کورد بە تایبەتی و چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی و دۆزینەوەی ئەو بەرپرسە نا بەرپرسانەی کە بەرژەوەندی خۆیان پێش خەڵک خستووە، کاردانەوەی ئەم کارانەی سەرۆک بافڵ لەناو سەرجەم چین و توێژەکان بە گشتی و سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، وەکو دەیبینین و دەیبیستینەوە جێی دڵخۆشین و خەڵک هاوڕا و هاوکارە بۆ کارەکانی سەرۆک بافڵ، ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی کوردستانیش، بەبێ هیچ بەرژەوەندییەکی حزبی و کەسی، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کورد لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لە خەمی خەڵک و گرفتەکانی حکومەت کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە چیتر یەکێتییەکەی جاران نابن و قبوڵیان نابێت بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ گیرفان و بژێوی ژیانی خەڵکی بکرێت و سزا بدرێن.
 کوڕەکانی مام جەلال، لە قۆناغێکی گرنگی کاری سیاسی و ئیداریدان، لە ماوەیەکی کەمدا هەنگاوی گەورەیان ناوە و ئومێدی گەورەیان خستۆتە دڵی هەموانەوە، بەجۆرێک کە بەردەوامیدان بەم کارانە وادەکەن خەڵک و یەکێتییەکەی مام زیاتر ئاشتببنەوە و ئەو هیوایانەی بە یەکێتی هەیانە، هەم بازنەکە و هەم ئاستەکەشی بەرزببێتەوە، بەجۆرێک ئێستا خەڵکی ناوچەکانی دیکەش داوا لە یەکێتی و حزبەکانی دیکە دەکەن ئەو چاکسازیانە ئەوانیش بگرێتەوە و هەنگاوەکانی یەکێتی لەو ناوچانەش بنرێت، وەکو ئەوان دەڵێن، رۆیشتن بەدوای ئەم هەنگاوانەی یەکێتی عەیب و نەنگی نییە و جێی شانازییە.
 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لەیارییەکەدا لە کش و ماتی مەلیکی گەندەڵکاران نزیکە و لە کۆبوونەوەکەی دوێنێیدا روون و رەوان ووتی، ئەوەی بۆ خەڵکە وەکو خۆی بیکەن، دەنا ئەو کورسییە موڵکی کەس نییە و لەخەڵکەوەیە و بۆ خەڵکە و لێتان وەردەگیرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی پەیامێکی ئاشکرای بە گوێی هەر بەرپرسێکی حزبی و حکومیدا داو بە روونی ووتی، پشک پشکێنە و بەرژەوەندی کەسی و دەست تێکەڵکردنی ژێربەژێر دادتان نادات و خەڵک چیتر لە ئێمەش و ئێوەشی قبوڵناکات، هەربۆیە ئەوەی خەڵک دەیەوێت ئەوە بکەن. 

کوڕەکانی مام جەلال، لە قۆناغێکی گرنگی کاری سیاسی و ئیداریدان، لە ماوەیەکی کەمدا هەنگاوی گەورەیان ناوە و ئومێدی گەورەیان خستۆتە دڵی هەموانەوە

ئاخر خۆناکرێت نزیک بە 800 پڕۆژە لە سلێمانی راگیرا بن، جموجۆڵی بازرگانی و بازاڕ سست و بێهێز بوبێت، دەست خرابێتە بیناقاقەی بازرگان و وەبەرهێن و بەڵێندەر و پڕۆژە بازرگانی و حکومییەکان و لە هەموولایەکەوە زەوی و ناوەڕۆکی پڕۆژەکان بۆ گیرفانی چەند کەسێک بێت، مووچەی مووچەخۆران بەردەوام لەم سنوورە گرفتی هەبێت، خەمخۆری نەبێت بۆ چارەسەری ئەم گرفتانە و یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی  بێدەنگبن و خەڵکیش بەردەوام گلەیی هەبێت و روی دەمیشیان لەوان بێت. کەواتە ئەوەی سەرکردەکانی یەکێتی دەیکەن چ لەسەر ئاستی عیراق و چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی دەکەن، بۆیە خەڵک دەبێت پشتیوانیان بێت و هەنگاوەکانیان بە وردی بخوێنێتەوە و چاوەڕوانی دەرئەنجامیش بکات، هەروەها دەبێت خەڵکی هاوکاریش بێت و هەم سەبریان بۆ ئەم قۆناغە نوێیە سەبرێکی ئەیوبی بێت، هەم لە پێدانی زانیاری و ئەوەی لە بەرژەوەندی گشتییە دوو دڵ نەبن و لە هیچ سڵ نەکەنەوە، مادەم هەوڵەکانی ئەوان بۆ بەرژەوەندی گشتییە، با ئێمەش لەبەر بەرژەوەندی گشتی هاوکاریان بین. 

وتارەکانی نوسەر