سەبر و زەبری یەکێتی، لەکاتی خۆیدا

10:53 - 2023-07-17
ئارام بەکر
202 خوێندراوەتەوە


لە چەند رۆژی رابردوودا، وتەکانی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و سیاسەتمەدارێک، بازاڕی سۆشیال میدیا و راگەیاندنەکانیان گەرمکرد، بگرە کۆتایی بە کۆبوونەوەیەکی گرنگ و چارەنووسسازیش بەبێ ئەنجام هێنا، بەڵام کاردانەوەکان بەتایبەتی لای پارتی هێندە سادە و خەمساردانە بوون، هەموان تێگەیشتین ئەو کەسە قسەی خۆی نییە، بەڵکو قسەی ناوکۆبوونەوەکان و دەردەدڵی نێوان پارتییەکان خۆیانە، هەربۆیە کاردانەوەکەی سەرۆک بافڵیش لەجێی خۆیدابوو، چونکە یەکێتی هی ئەوە نییە تاقییبکەنەوە و لە هەموو روویەکەوە پارتی هێزی یەکێتیی بۆ دەرکەوتووە.
کاتێک سەرۆک بافڵ باس لە هێزی یەکێتی دەکات، بۆ من چەند خوێندنەوەیەک لەخۆدەگرێت و پێویستە لە چەند روویەکەوە لێکیبدەینەوە.
ی.ن.ک هێزە، بەڵام پێش ئەوەی هێزی چەکداری و سەربازی بێت، هێزی نەتەوەیی و نیشتمانییە، هێزی خەڵکە، نابێت لە لوولەی چەکەکانەوە خوێندنەوە بۆ بەهێزیی بکرێت، بەڵکو لە دروستبوونییەوە تائێستا پشت ئەستوورە بە هێزی دڵسۆزانی، لە کادران و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی و خوێنی شەهیدان و خانەوادەکانیان، هێزی ئەوانەی قوربانییان بۆ داوە، هێزی ئەو کەسانەیە کە لە سایەی دەسەڵات و ئیدارەکەیدا، لەژێر ئارامی و ئاسایش و ئازادیی بیروڕا و سیاسیدا، ئەسپی ئایدیای خۆیان تاوداوە و تا ئێستاش بەردەوامن لەکارکردن، بەبێ هیچ دوودڵی و ترسێک.
نزیک بە 20 ساڵە لە ریزەکانی ئەم حزبەدا کاردەکەم، تا ئەم چرکەساتە هیچ کەسێک لەسەر هیچ بیروبۆچوون و لێکدانەوە و قسەیەکم لەناو ی.ن.ک دا لێپرسینەوەی لێنەکردووم، تا ئێستا کە زیاتر لە 16 ساڵە لە میدیای بینراوی ئەم حزبەدا کاردەکەم، لەسەر هیچ بەرنامە و پرسیارێکی بەرنامەکانم و میوانەکانی بەشداربووش لێپێچینەوەم لەگەڵ نەکراوە، باشە ئەگەر بۆ منێک کە کادرێکی ناو حزبەکەم هێندە ئازا و ئازاد بکرێم، دەبێ یەکێتی بۆ دەرەوەی خۆی چۆن مامەڵەی کردبێت؟ وەڵامەکەی با لای خوێنەر بێت و بڕیاری لێبدەن. 
لەپاش نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، یەکێتی بێ کەموکورتی و هەڵە نەبووە، لەپاش دوایین کۆنگرەش بەهەمان شێوە، بەڵام خۆ روونیشە ئێستا کام یەکێتی دەبینین، ئێستا یەکێتییەکە کە سەربەرزانە و بە شانازییەوە یەک سەرۆکی هەیە، یەک بڕیاردەری هەیە، ئەویش لای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتییە، پێچەوانەی پارتی کە سەرێک و چەند سەودا و چەند بڕیارە و ئەمەشە وایکردووە نێوانی پارتی و حزبەکانی دیکە ناکۆک بێت. 
یەکێتی ئێستا یەکێتیی خەڵکە و خۆکوژییش دەکات بۆ بەرژەوەندیی خەڵک، ئەم سیاسەتەش بەتەواوی هاوتەریبە لەگەڵ رێبازی سەرۆک مام جەلال. 
هەژموونی یەکێتی لە ماوەی رابردوودا توانیی پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلابکاتەوە، بە تاکڕەوی و  نادادی وت ئیتر بەسە.
لە دوو ساڵی رابردوودا، تەواوی  هەوڵی دیپلۆماسیی خۆی بۆ خزمەتی خەڵک بەکارهێنا و گەیاندیە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و بڕگە و مادەکانی تایبەت بە کورد، وێڕای ئاستەنگە ناوخۆییەکانی هەرێم و عیراقیش. 
کەواتە هێزی یەکێتی جێی نێگەرانی و مەترسی نییە بۆ خەڵک، بەڵکو مایەی ئارامی و ئاسایشی هەرێمەو و بۆ روبەڕوبوونەوەی نادادی و نایەکسانی حوکمڕانییە و بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی و دیموکراسی و ئازادیی کاری سیاسی و میدیاییە.

وتارەکانی نوسەر