تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرچاوەیەک بۆ هەواڵگری

10:28 - 2022-09-11
هیوا محەمەد
449 خوێندراوەتەوە

لە ساڵی 1973 بەدواوە، بەعسییەکان سوودیان لەو (هودنەیە) وەرگرت کە لەژێر ناوی بەرەی نیشتمانی نەتەوەیی پێشکەوتووخوازدا لەگەڵ حزبی شیوعی عیراقی بەستیان.
ئەوان لەماوەی شەش ساڵدا کاریان لەسەر ناسینی هەموو هەیکەلی ئەم حزبە دەکرد، بەجۆرێک بە پێی گێڕانەوەی شایەتحاڵە بەشدار بووەکانی کۆنگرە، تەنانەت توانیبوویان گوێ لەهەموو ئاخافتنەکانی ناو کۆنگرەی سێیەمی حزب بگرن و بەشدارانی کۆنگرەکەش بناسن، هەر بۆیە لە (تێکدانی بەرەوە کە خۆیان تەوقیتیان کردبوو) دەستیان کرد بە کوشتن و گرتن و ئازاردانی ئەندامانی حزبەکە.

بە ویستی خۆمان زانیارییان دەدەینێ
لە سەردەمێکداین کە ئەو وڵاتە زلهێزانەی خاوەنی دەزگای هەواڵگریی فراوانن، تۆڕێکیان لە جیهاندا دروستکردووە و لە رێیەوە دەتوانن زانیاری هەر کەسایەتییەک بەدەستبهێنن ئەگەر بیانەوێت، ئەویش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هێڵی پەیوەندییەکانە.
ئەگەر کەسێک یەکێک لەم هێڵی پەیوەندییە خۆڕاییانە بەکاربهێنێت دەبێت لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنەکەیەوە زانییارییە کەسێتییەکانی خۆی بدات، بەتایبەتی لە وڵاتی ئێمەدا زۆرینەی سیم کارتەکان کە دەکڕدرێن زانیاریی کەسێتی لەسەر ئەو ژمارەیە تۆمار دەکرێن.
ئەگەر کەسێک ئەو هێڵە خۆڕاییانە بەکارنەهێنێت، ئەوا دەبێت پارەی زۆر بدات بۆ پەیوەندیکردنە جیهانییەکان، پەیوەندیکردنەکانی ئێستا لە رێگەی ئەو هێڵانەوە بۆ هەموو جیهان بێ بەرامبەرە، کەوابوو هەر دەزگایەک لەو هەواڵگرییانە، دەتوانن بە رێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکە یان لە رێگەی ئامێرە پێشکەوتووەکانی خۆیانەوە گوێ لە گفتوگۆکانی دوو لایەن یان دوو کەس و زیاتر بگرن.
رۆژانە دەبیستین کە کۆنسوڵ یان سەفیری وڵاتێک لەم ناوچانەی هەرێم سەردانی کەسایەتییە ئایینییەکان و عەشیرەتییەکان دەکەن، کە ئەمە ئاسایی نییە، چونکە ئەوان دەبێت لەرێگەی حکومەتی هەرێمەوە بە گەلی کورد و دانیشتوانی ئەم هەرێمە ئاشنا ببن.
دروستکردنی ئەم پەیوەندییانە ئامانجی هەواڵگریی لە پشتە، ئەوان دەتوانن دەستنیشانی کەسایەتییەک بکەن و پەیوەندییەکانیشی بخەنە ژێر چاودێرییەوە.
خۆشمان هەموو زانیارییەکانی خۆمان خستۆتە بەردەستی هەر دەزگایەک کە بیەوێت شناساییمان بکات.

فەیسبووک زۆرترین زانیاریی کەسێتی لایە
بەو پێیەی فەیسبووک لەپێش تۆڕەکانی دیکەدا دروستبووە، هەروا بەکارهێنەرەکانی سەدان و هەزاران وێنەی خۆیان و خێزانیان لەوێدا داناوە، وەک ئەوە وایە ئەلبومی وێنەکان و بەرواری دەرچوونیان و بۆنەکەشی ئامادەکراو بێت بۆ هەر دەزگایەکی هەواڵگری.
رۆژانە خۆشمان لەسەر یەکتر دەیبینین، بەتایبەتی ئەوانەی کە وایان لێکردووە هەموو کەس بۆی هەبێت وێنە و زانیارییەکانی ببینێت.
لایک و کۆمێنتەکانی ناو فەیسبووک بۆتە پێوەر و ململانێی لەسەر دەکرێت، بۆ نموونە باسی وێنەیەکی خۆی دەکات دەڵێت ئەوەندە کۆمێنت و لایکم بۆ هاتووە، لەمەیاندا ئەگەر کەسێک نەیەوێت هەموو کەس بە گشتی پۆستەکانی ببینن و تەنها هاوڕێ پەسەندراوەکانی خۆی بن، ئەوا لایک و کۆمێنتی کەم بۆ دێت، ئیتر لێرەوە زۆرێک ناچار دەبن پۆستەکانیان واڵا بکەنەوە تا لایک و کۆمێنتیان زۆر ببێت، ئەگەر ئەمەشیان کرد ئەوا هەرکەس بیەوێت دەتوانێت زانیارییە کەسێتییەکانیان زیاتر ببینێت.

ناوی خوازراو و سەردەمی شاخ و شۆڕش
لە سەردەمی شاخ و شۆڕشی کوردستان، زۆرینەی پێشمەرگەکان ناوی خۆیان گۆڕیبوو، بەمەش ئاستەنگی گەورە لەبەردەم دوژمن هەبوو بۆ دۆزینەوەی ئەسڵی کەسایەتییەکە و ناسینی خێزان و کەسوکاری، ئەوانەش کە ئاشکرا بوون و ناوی خۆیان هەبوو، زۆریان کەسوکاریان دەگیران و ئەشکەنجە دەدران و دووردەخرانەوە، ئەو سەردەمە بەعس هەزاران سیخوڕی هەبوو تەنها بۆ زانینی ناوی کەسایەتییەکان و شوێنەکانیان، ئێستا لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەست هەواڵگرییەکان دەکەوێت.
جگە لە ناو و زانیاری کەسێتی، شوێنەکەشی دەزانرێت بەهۆی پەیوەندیکردنەکەوە.

هەمووی لە خزمەت سەرمایەداریدایە
سیستمی سەرمایەداری جگە لە هێرشە سایبرانییەکان، ئەم تۆڕانەش بەکاردێنێت، 
کەسی هەژار پێویستی بە هێزی پاراستن نییە، چونکە ئەو هیچی نییە تا بترسێت لەوەی لەدەستی بدات، خۆشی هیچی نەکردووە تا بێنە سەری، بەڵام سەرمایەدار دەبێت بە شوێن باشترین و خێراترین حیمایە و بەدەستهێنانی زانیاریدا بگەڕێت بۆ ئەوەی سەروەتەکانی بپارێزێت و نەکەونە ژێر مەترسیی یان فەوتانەوە.
کۆکردنەوەی زانیارییەکانیش لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە لە خزمەتی سەرمایەداریدایە، لەوێشەوە لە خزمەتی ئەو سیاسەتمەدارانەدایە کە دەیان ملیۆن دۆلار خەرج دەکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک یان جێگەیەکی تر بەدەست بهێنن، لە دوا هەڵبژاردنی ئەمریکادا تێچووی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە بۆ ترەمپ و بایدن یەک ملیار و سێ سەد ملیۆن دۆلار بووە و ئەوەی ماکرۆنیش لە فەرەنسا تەنها 16 ملیۆن یورۆ بووە.

تۆڕی ئینترنێت کار ئاسانی کرووە بۆ بەدەستهێنانی هەر زانیارییەک

 
شۆڕشی رزگاریخوازیی لەم سەردەمەدا
ئەگەر گەلێک، نموونەی کورد بیەوێت لە رێگەی شۆڕشی چەکدارییەوە وەک سەردەمی رابردوو، خەباتی نهێنیی رێکخستنەکان و پارتیزانی شاخ بکات، ئەوا پێش راگەیاندنی بزووتنەوەکە دەبێت مەرگی خۆی رابگەیەنێت، چونکە دەبێتە شەڕێکی نابەرامبەری دوور لە هاوسەنگی، شەڕی تەکنۆلۆجیای سەربازیی وڵاتێک بەرامبەر کۆمەڵێک کەس کە هەرچی زانیارییەکانیان هەیە ساڵانێکە لەبن دەستی ئەو دەزگا هەواڵگریانەدایە کە بەسەر وڵاتاندا دابەش بوون و بەناوی هاوپەیمانێتی و هاوکارییەوە کۆنترۆڵ کراون، ئەمە سەرەڕای بەدەستهێنانی زانیارییەکان لەسەر شۆڕشگێڕەکان و سەرکردەکانیان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

وتارەکانی نوسەر