11ی سێپتەمبەر و یادەكانی

09:42 - 2022-09-12
بارزان عوسمان
392 خوێندراوەتەوە

رەنگە لەمڕۆژەدا یادی زۆر گرنگتر هەبن لە رۆژژمێری مێژوودا، بەڵام بەندە ئاگاداری سێ یادم، ئەوانیش شۆڕشە مەزنەكەی ئەیلولی خەباتی دیموكراسیی رزگاریی گەلی كوردستان، دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر هەردوو تاوەری سەنتەری بازرگانیی جیهانە لە نیویۆرك.
شۆڕشی مەزنی ئەیلول، كە هەڵسەنگاندن و روانینی جیاجیای لەبارەوە كراوە و دەكرێت، روانین و بۆچوونەكان جیاوازن لەسەری، وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە خەباتی كۆمەڵانی خەڵك بە رابەرایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە مرۆیی و دیموكراسی و نەتەوەییەكانی. هەرچەندە فاكتەری شۆڕشەكە شەڕی دەرەبەگایەتیی بوو لەگەڵ حكومەتێك بە ناوەڕۆك دەرەبەگ و بە رواڵەت بۆرژوازی، بەڵام بیانوویەكی باش بوو تا خەباتگێڕانی ئەوێ رۆژێ  رەوتەكەی بگۆڕن و ببێتە شۆڕشێكی رزگاریخواز (ئەوەش بۆچوون و لێكدانەوەی زۆری لەبارەوە كراوە و دەكرێت كە ئایا وەختی شۆڕش بوو؟!، ئایا رێبەرانی پ.د.ك هەموویان كۆكبوون لەسەر وادەی هەڵگیرساندنەكەی؟). بەگشتی شۆڕشەكە تاكە بزووتنەوەی چەكداریی-جەماهیریی بوو كە لەو قۆناغەدا بتوانێت لانی كەمی مافەكانی گەلی كوردستان بە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق بسەلمێنێت، جارێك بە لامەركەزیی، جارێكی تریش بە ئۆتۆنۆمی، تاكە بزووتنەوەش بوو كە كوردی بەشەكانی تریش هیوای لەسەر هەڵبچنن. هەرچەندە شۆڕشەكە لە وێستگەیەكدا كۆتاییهات، بەڵام ماكی شۆڕشەكە بەزیندوویی مایەوە و جارێكیتر شۆڕش هەڵگیرسایەوە. ئەم جارەیان بەڕابەرایەتیی ی.ن.ك  و دواتر هێزە رەسەنەكانی تر، كە درێژخایەنیی شۆڕشەكە بووە فاكتەری بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلی كوردستان لە نێو دەستووری عیراقی نوێدا، كە ئەویش تائێستا نەخەمڵیوە.
دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستانیش بە دەستپێشخەریی ی.ن.ك لە دوای راپەڕینی ئازار-مارس/1991 وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لەسایەی ئازادیی تازە بەدیهاتووی بەشە رزگاربووەكەی كوردستان. سەرگوزشتەی دامەزراندن و كاركردنی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان زۆر دوورودرێژ و پڕ هەوراز و نشێوە وەك یەكێتییەكەی، بۆیە بە سەدان سەعات و دەیان كتێب تەواو نابێت. گێڕانەوەی هەر رۆژێكی كاركردنی كادرەكانی لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، بۆ خۆی چیرۆكێكی دوورودرێژی لێ دێتە بەرهەم. ئامێری سادە، جێگە و رێگەی سەرەتایی، توانای مادیی كەم، بەڵام ئەقڵ و شارەزایی زۆر و دانسقە و پشتیوانییە لێبڕاوانەكەی سەرۆك مام جەلال، ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی لێ هاتە بەرهەم، كە لە یادی شۆڕشێكی جەماوەریی وەك شۆڕشی مەزنی ئەیلول مژدەی لەدایكبوونی یەكەمین تەلەفزیۆنی كوردیی گەیاندە ناوچە نزیك و دوورەكان، یەكەم میوانیش رابەری مەزنی كوردایەتی سەرۆك مام جەلال بوو، كە پەیامێكی گرنگی گەیاند بە كۆمەڵانی خەڵك و حكومەتی ئەوسای عیراق و تیایدا ئەرك و فەرمان و هەڵوێستە سیاسییە نەگۆڕەكەی ی.ن.ك و بزووتنەوەی رزگاریی و دیموكراسیی گەلی كوردستانی لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستانەوە دیاریكرد، وەك چۆن پەیامی راپەڕین لە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە گەیشتە ئەوپەڕی كوردستان و بەغدای هەژاند.
تەلەفزیۆنەكە، كە بەندە لە نێوان مانگی نۆڤەمبەری 1992 -حوزەیرانی 1994 خزمەتم تیادا كردووە، بە خاوەن زمانێكی ستانداری پاراوی كوردیی راگەیاندن، پیشەییبوون لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و هوشیاركردنی كۆمەڵ لە بوارە جیاجیاكان، بەناوبانگ بووە بە ئێستاشییەوە.
تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان بووە فاكتەرێك كە چاوی لێبكرێت و چەندین تەلەفزیۆن و كەناڵی تریش لەو سەردەمە سەختەدا بێنە مەیدانی كاری میدیایی. GK هەر كادرانی راگەیاندنی سەر بە ی.ن.ك كاریان تیادا نەدەكرد، بەڵكو رووناكبیرانی دەرەوەی ئەڵقەی حزبایەتی، بە ماڵی خۆیانیان زانی و ئێستاش بەهەمان شێوەیە، ئاخر ی.ن.ك ئەوێ رۆژێ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی بە ئەركی خۆی زانیوە بێ جیاوازیی بیركردنەوەی سیاسی.
پەلاماردانی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە بۆ سەر هەردوو تاوەری بازرگانیی جیهان لە یانزدەی سێپتەمبەری 2001یشدا مێژووی سیاسەتی دنیای گۆڕی و ئەمریكا سیستمی تاك جەمسەریی زیاتر بۆ چووەسەر تا خۆی سەركردایەتیی جیهان بكات بۆ رەواندنەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان، كە لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ ئەو سەركردایەتییەی ئەمریكا بەردەوامە. یانزدەی سێپتەمبەری 2001 بووە فاكتەرێك، كە لە هەر جێگەیەكی جیهاندا تیرۆری ئیسلامی هەبێت، ئەمریكا بێ سێ و دوو بە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەكان و ئاشتی و ئاسایشی جیهان.
وەك چۆن هەموو سیاسەت و هەنگاوێك دوولایەنەیە و خەڵكی تریش قسەی هەیە، ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆی ئەمریكا بەدڵی ئەو دەوڵەت و هێزانە نییە، كە رۆژانێك دەستڕۆیشتوو بوون لە بڕیارەكاندا، بۆیە ئەمریكا لە روانگەی تێزی ئاسایش بۆ هەموو جیهان بەگژ روسیای ئۆلیگاریشەكاندا دەچێتەوە، تا رێگەنەدرێت ئەو دەوڵەتە كۆسپ بخاتە بەردەم سیاسەتی جیهانیی دوای یانزدەی سێپتەمبەر.
پیرۆزە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و یادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، مردنیش بۆ تیرۆری ئیسلامی و هەر تیرۆرێكی تر لە هەر جێگەیەكی ئەم جیهانەدا بن.

وتارەکانی نوسەر