کاتێک ژن دەگاتە پۆستێک

11:07 - 2022-09-15
رۆزا دڵشاد مەریوانی
525 خوێندراوەتەوە

کاتێک ژنێک دەبینین لە بوارێکی دیاریکراودا سەرکەوتووە بەتایبەتی لەو کۆمەڵگانەی بە دواکەوتوو لەقەڵەم دەدرێن وەکو کۆمەڵگەی ئێمە کە تێیدا ژن پێویستی بەوەیە بە چەندین ئاستەنگدا تێپەڕببێت تاوەکو بگاتە ئەو پێگە یان پۆستە بە تایبەتی ئەگەر لە بوارێکدا بێت تێیدا پیاو زاڵ بێت و بە پیشەی ئەوان لە قەڵەم بدرێت، بەڵام زۆرجار ئەو ژنەی دەگاتە ئەو پلەیە یان کاتێک لە دونیای کار و بزنسدا دەردەکەوێت ئەوە لەسەر ژیانی تایبەتی دەبێت و بوونی خێزان و منداڵ دەبنە هەڵبژاردەی دووەم بۆ ئەو، هەر ژنێکیش لە یەک کاتدا هەردوو ژیانەکە هەڵبژێرێت ئەوە لەڕووی تەندروستی جەستە و دەروونەوە زۆر ماندوو دەبێت کاتێک دەیەوێت باڵانسی نێوان ئەو دوو ژیانە رابگرێت.  بۆیە هەر کاتێک ژنێکی لەو جۆرە دەبینم ئەوە شایەنی رێز و پێزانینەو وەکو پاڵەوان تەماشای دەکەم، بەتایبەتی لەم کۆمەڵگانەدا هەر ژنێک سەرقاڵی کار و ماڵ و خێزان بێت دەگمەنە پیاوەکەی وەکو پێویست هاوکاری بکات و بگرە بە کاری خۆی نازانێت و هەر کاتێک ئەو ژنە دەردە دڵ و ماندووبونی خۆی بۆ باس بکات زۆر ئاساییە داوای لێبکات وازبێنێت لەو کارەی چەندین ساڵ لە پێناویدا خوێندوێتی و هەوڵی بۆ داوە و کەمن ئەو پیاوانەی پێزانینیان بۆ کاری ژنەکانیان هەیە لە دەرەوەی ماڵ و هاوکارییان دەکەن و وەکو بابەتێکی لاوەکی یان پلە دوو تەماشای کارەکەی ناکەن.
لەگەڵ پێشکەوتنی دونیادا لەم وڵاتەش خەریکە بیرکردنەوەی خەڵکی رادێت بەوەی ژنان لە دامودەزگا حکومی و هەروەها کەرتی گشتیدا بەڕێوبەر و سەرۆک بن، هەروەها وردە وردە ژنانێکی بەتوانا لە پۆستە باڵاکاندا دەبینرێن کە بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان پێی گەیشتوون، بەڵام ئەوەی جێی داخە هەندێکجار کاتێک ژنێک دەبێتە بەڕێوەبەری ناوەند یان دەزگا تەنانەت بەشێک بە شێوەیەک رەفتار دەکات وایلێدێت فەرمانبەرەکانی ژێردەستی هیوای ئەوە بخوازن پیاوێک بەڕێوبەریان بوایە، لەبری لە خۆبوردەیی و یارمەتیدانی ئەو ژنانەی لەگەڵیدا کاردەکەن زیاتر دۆخەکەیان لێ ئاڵۆز دەکات و توندوتیژ دەبێت لەگەڵیاندا و بیری دەچێتەوە ئەویش وەکو ئەوان ژنێکە و سەرەڕای ئەرکی قورسی ماڵ و خێزان کاردەکەن و بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، بە رای من ئەو حاڵەتە جۆرێکە لە پڕکردنەوەی هەستی خۆ بە کەمزانین لای ئەو ژنە بەوەی زۆری ویستووە تا گەیشتووە بەو پلەیە، بۆیە دەیەوێت بڵێت بەڵێ منیش وەکو پیاو بوونم هەیە و دەتوانم بەو توندوتیژییە خۆم بسەلمێنم، بێگومان ئەو جۆرە ژنانەی بەو شێوەیە رەفتار دەکەن یان ئەوەتا لە رابردوودا زوڵمی زۆریان بەرامبەرکراوە و مافیان خوراوە و دەیانەوێت بەو شێوەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان تۆڵەی خۆیان بکەنەوە یاخود هەر لە بنەمادا کەسێکی هیچ لەبارا نەبووە و بە رێکەوت گەیشتووە بەو پێگەیە و ئەو جۆرە رەفتارکردنە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی کەموکوڕییەکانی.   

وتارەکانی نوسەر