فه‌لسه‌فه‌ی بونگه‌رایی سارته‌ر سه‌باره‌ت به ژن، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ بنه‌ڕه‌ته‌كانی مرۆڤبوون و ده‌ستكاریكردنی پۆڵێنبه‌ندیی مه‌دره‌سه فه‌لسه‌فییه‌كانی تر، كه له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری و خودباڵایی نێرینه له مێژووی فكری سیاسی‌دا بونیادیان نابوو، ئه‌م كرۆكه مرۆییه‌ی سارته‌ر، كه پێیوایه بوونی مرۆڤ ده‌كه‌وێته پێش ناوه‌ڕۆك و جه‌وهه‌رییه‌وه، نێواخنێكی پێشوه‌خته‌ی نییه، به‌ڵكو له پاش بوونییه‌وه دروستده‌بێت، ئه‌مه له‌لای سۆسیۆلۆگ (ئیمانوێل مۆریم) نزیكبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تییه له ئایدیایه‌كی باڵای هیومانیستی و ده‌لیلی وته‌كه‌ی (ئیراسمۆس)ه كه ده‌ڵێت «مرۆڤ، به مرۆڤی له‌دایك نابێت، به‌ڵكو ده‌بێت به مرۆڤ»، پرۆسه‌ی مرۆڤسازیی و ده‌ستكاریكردنی ئه‌م بوونه له‌لای (سیمۆن دۆبۆڤوار) پێناسه‌یه‌كی دیكه وه‌رده‌گرێت و ده‌ڵێت «ژن، به ژنی له‌دایك نابێت، به‌ڵكو ده‌بێت به ژن»، ته‌واوی ئه‌م تێگه‌یشتنه له گۆڕانی ره‌گه‌زیی و ده‌ركه‌وتنی هه‌ستی خودباڵایی له‌ناو مرۆڤدا بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌وه سه‌ر سكه هیومانییه‌كه‌ی خۆی، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و بنه‌ڕه‌ته‌ی دۆبۆڤوار له ته‌نیشت فه‌لسه‌فه‌ی بونگه‌رایی سارته‌وه هه‌ڵیهێنجاوه، كه ژن له توانایدایه بوونی خۆی به‌و شێوه‌یه بونیادبنێته‌وه كه پارێزگاری له مرۆڤبوون و ژنبوونیشی بكات.
چالاکییەکی ژنان لە هەولێر بۆ پاڵپشتی لە کەمپینی قوباد تاڵەبانی
جیاوازیی ره‌گه‌زی
مێژووی مرۆڤایه‌تی سه‌باره‌ت به جیاوازیی ره‌گه‌زی و هه‌ژموون و باڵایی نێرینه به‌سه‌ر كۆی كاتیگۆرییه‌كانی ژیاندا ته‌نها له ئاستی ئایینی یان ترادسیۆنی كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كاندا كورتنه‌بۆته‌وه، به‌ڵكو ئه‌م جیاكارییه هه‌ندێكجار ره‌وایه‌تی له فه‌لسه‌فه و ئایدیۆلۆژیاكانیشه‌وه وه‌رگرتووه، هه‌موو ئه‌مانه له سیاقه گشتییه‌كه‌یدا به شوێن دۆزینه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی توندوتیژی بوون به پاساوی هه‌مه‌جۆر، به نموونه به‌ناوی جیاوازییه بایۆلۆژییه‌كان یاخود به ناوی كۆتوبه‌نده‌كانی نه‌ریت یان به‌ناوی توانست و لێوه‌شاوه‌یی ئه‌قڵی، ئه‌م پاساوه پیاوسالارانه، نه‌وه دوای نه‌وه توندوتیژیی به ئاستی جیاواز به‌رهه‌مهێناوه‌ته‌وه و له هه‌موو ئه‌و قۆناغانه‌شدا له غیابی بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانیخوازانه و نه‌بوونی كاردانه‌وه‌ی میللی، كه‌یسی توندوتیژییه‌كان به شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه.
فۆبیا و ترس له مێینه، له هه‌ر بیر و ئایدیایه‌كه‌وه سه‌رچاوه‌بگرێت پێش هه‌ر شت خاڵیبوونه‌وه‌یه له ره‌هه‌نده هیومانییه‌كه‌ی، به‌تاڵبوونه‌وه‌یه له حه‌قیقه‌تی له‌دایكبوونی مرۆڤه‌كان به یه‌كسانی، ئه‌م كاكڵسازییه‌ی ته‌وژمه نه‌ریتییه‌كان له به‌خشینی باڵایی به پیاوسالاری و به‌كارخستنی یاسا و نۆرمه‌كان بۆ به‌كارهێنانی توندوتیژیی دژی ژنان، پارادۆكسێكی به‌رده‌وامه كه به زمان و به نووسین نوخبه‌ی كۆی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه سه‌باره‌ت به ماف و یه‌كسانیی دووپاتیده‌كه‌نه‌وه و به پراكتیكیش به پاساوی «مانه‌وه بۆ به‌هێزه‌كان»، بوون و ژیانی مرۆییانه‌ی ژن ده‌به‌ستنه‌وه به سروشت و یاساكانی جه‌نگه‌ڵه‌وه و په‌راوێزخستن و توندوتیژی به هه‌موو ئاسته‌كانییه‌وه وه‌ك پێویستیی ئه‌م جه‌نگی مانه‌وه‌یه ده‌خه‌مڵێنن.
به‌رهه‌مهێنانی رق و تووڕه‌یی به‌رامبه‌ر ژن
كارخانه زه‌به‌لاحه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی رق و تووڕه‌یی به‌رامبه‌ر ژن، له هه‌ر شوێنێكه‌وه شه‌رعیه‌ت بۆ ره‌فتاره‌كانیان بدۆزنه‌وه، به‌هه‌ر پاساوێك بیانه‌وێت كه‌له‌پچه بكه‌نه گه‌ردن و ده‌ستی مێینه‌وه، قه‌ساوه‌ته‌كه‌یان له هه‌ر پنتێكدا بێت و بیانه‌وێت له ماڵ و بازاڕ و فه‌رمانگه هه‌ر سزایه‌ك بسه‌پێنن، هیچ له‌و مانایه ناگۆڕێت كه خودباڵایی جێنده‌ری ره‌فتارێكه نه له‌گه‌ڵ ئاكار ده‌گونجێت و نه له‌گه‌ڵ یاساكانیش یه‌كده‌گرێته‌وه، ئه‌مه فه‌رهه‌نگێكی بێزراوی سه‌پێندراوی ئایدیۆلۆژییه و ترس له ژن له‌ناو سیستمه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌كاندا به‌رده‌وام به‌رهه‌می دێنێته‌وه، به‌رهه‌مه‌كه‌شی رۆژێك (ژینا ئه‌مینی) كاسه‌ی سه‌ری شه‌ڵاڵی خوێن ده‌كرێت و رۆژێكی دیكه‌ش و له جێگایه‌كی تر ژینایه‌كی تر به پاساوێكی جیاوازتر هه‌مان چاره‌نووسی بۆ ده‌نووسرێته‌وه، ئیتر له‌ناو ئه‌م شه‌ڕانگێزییه جێنده‌رییه‌دا ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ته‌نها ژماردنی ته‌رمی قوربانییه‌كانه.
میدیای نوێ وه‌ك هه‌موو ده‌ركه‌وته‌یه‌كی دیكه‌ی ته‌كنۆلۆژیا و گڵۆبالیزه‌یشن دوو دیوی هه‌یه، ده‌شێت دیوێكی میهره‌بان و مرۆڤدۆستانه بێت و به‌ر به شه‌پۆلی توندوتیژی بگرێت و له‌ڕێگه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاگایی مرۆڤه‌وه ره‌هه‌نده نامرۆییه‌كانی به‌كارهێنانی هه‌موو جۆره‌كانی توندوتیژی نیشان بدات، تا له رێگه‌یه‌وه فیدباكێكی ئه‌رێنی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بسازێت له‌و ره‌فتارانه به‌دووربێت، به‌ڵام خاوه‌ن دیوێكی نه‌رێنیشه كه رووخساره جیاوازه‌كانی سه‌ر به كاتیگۆرییه جیاوازه‌كان رۆژانه له‌ڕێگه‌یه‌وه مه‌كینه‌ی توندوتیژی تاوده‌ده‌ن و به‌شوێن تۆمه‌ت و فتوای به‌كارخستنی توندوتیژییه‌وه‌ن، ئه‌م ته‌وژمه له‌ناو پلاتفۆرمه‌كانی سۆشیاڵ میدیا رۆژێك به‌ناوی ئایینه‌وه و رۆژێك به‌ناوی پارێزگاریی له نه‌ریت و به‌هاكانه‌وه سه‌رقاڵی ئه‌م تۆمه‌تانه‌ن، هه‌ر ده‌نگێك له ده‌ره‌وه‌ی پلان و ویستی ئه‌وان بێت به یه‌ك چاره‌نووسه‌وه گرێده‌درێته‌وه، ئه‌ویش شایسته‌بوون به مردن و خه‌فه‌كردنه.
سێ كه‌یسی تایبه‌ت به ژنان
له‌ڕاستیدا جیهانی گریمانه‌یی سۆشیال میدیا و سه‌رجه‌م پانتاییه‌كانی میدیای ئه‌لیكترۆنی له‌م ماوه‌یه‌دا له‌سه‌ر سێ كه‌یس دابه‌شبوونێكی گه‌وره‌یی میللی به‌دوای خۆیدا هێناوه، یه‌كه‌میان مه‌رگی (ژینا ئه‌مینی) و دووه‌میان كه‌مپه‌ینی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان (له هه‌ر شوێنێك بن به‌دواتانه‌وه‌ین) و سێهه‌میشیان یاسای (به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به خێزان و ئافره‌ت)، ئه‌م سێ كاتیگۆرییه ئه‌گه‌ر له‌ڕووی شكڵییه‌وه له یه‌كتریش جیاوازبن، به‌ڵام دواجار هه‌موویان پێكه‌وه گرێدراوی پرسێكی گشتین كه ئه‌ویش هه‌ڵكشانی توندوتیژییه دژ به مێبوون، ئه‌م باڵاكردنه‌ی توندڕه‌وی و توندوتیژی، خراپی و مه‌ترسییه‌كه‌ی له‌وه‌دا نییه كه ته‌نها چه‌ند بكه‌رێك سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م توندوتیژییه بن، به‌ڵكو له‌و جێگایه‌دا ده‌بێته مه‌ترسی كه لایه‌نگرانی ئه‌م مه‌دده له توندڕه‌وی جێنده‌ریی به‌هه‌ر پاساوێكه‌وه بێت له رێگه‌ی پلاتفۆرمه‌كانی سۆشیال میدیاوه خۆیان له‌سه‌ر به‌ره دڵڕه‌قه‌كه ساغده‌كه‌نه‌وه و به‌شوێن شه‌رعیه‌تدا ده‌گه‌ڕێن، بۆ ئه‌وه‌ی توندوتیژی له‌وه زیاتر باڵا بكات، ئه‌مه‌ش زه‌نگێكه پێمان ده‌ڵێت مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م باڵابوون و هه‌ژموونه‌ی ناو سۆشیال میدیا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع به‌وه‌نده ناوه‌ستێت و خراپتریش به‌ڕێوه‌یه.