توندوتیژی سیاسیی لە خێزاندا

10:27 - 2022-09-26
هیوا محەمەد
482 خوێندراوەتەوە

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا و هەموو ئەوانەش کە پێیان دەوترێت(شەرقی یان ئیسلامی) سەرکوتکردنی سیاسی، ئازادیی هەڵبژاردنی ئایدیای سیاسی یان ئایینی لە خێزاندا بەرتەسک کردووە. 
منداڵان تا تەمەنی نزیک بە 20 ساڵ زۆربەیان ناتوانن  لەو بیروباوەڕ و سیاسەتە دەربچن کە گەورەی خێزان پەیڕەوی دەکات، ئەگەر خۆشیان باوەڕیان پێی نەبێت.

ناچارکردنی منداڵان بە هەڵگرتنی ئایدیای گەورەکان تاوانە

منداڵان دەبێت هەڵگری ئایدیای گەورەکانیان بن
منداڵان پابەند دەکرێن بەو حزبەوە کە گەورەکەیان تێیدا کار دەکات، لادانیش لێی لەلایەن منداڵەکانەوە نزیک دەبێتەوە لە خیانەت بە خێزانەکە، هەر لەبەر ئەمەشە زۆرن ئەوانەی کە لێیان دەپرسیت بۆچی  فڵان ئایدیات هەڵبژاردووە؟ دەڵێت بەهۆی خێزانەکەمانەوە.
ئەوان هێندە کامڵ نین تا بتوانن دوا بڕیاری خۆیان لەمەڕ بڕوایان بە ئایدیایەک دیاری بکەن.
لە زۆرێک لەو خێزانانەدا، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە عەشیرەت و خیزانی داخراون و پابەندی جمودی بیروباوەڕی نەگۆڕدراون، ئەگەر منداڵێک لەو رێڕەوە لایدابێت تووشی سزا بۆتەوە، لە جۆری سەرکۆنەی توند، هەڕەشە، نان بڕین، دەرکردن، ئازار و ئەشکەنجەدان.

دوو بیری جیاواز بەریەک دەکەون
گەورەی خێزان بەپێی تەمەنی هەڵگری بیرێکی کلاسیکە و جیاوازە لەوەی کە منداڵەکان هەڵگرین، ئەمەی ئەمان لەگەڵ جیهانی تەکنۆلۆژیا و سیستمە دیموکراسی و زیاتر کرانەوەکاندا خۆی دەگونجێنێت.
رەنگە بۆ ماوەی 50 ساڵ بێت گەورەی خێزانەکە لە حزبێکدا مابێتەوە و ئێستا سوێندی گەورەشی بە رابەری حزبەکە بێت، بەڵام رابەر لای گەنجەکە هێندەی فوتباڵیستێکی جێ سەرنجی خۆی گرنگ نییە، ئەم بەلایەوە بنیاتنان و خۆشگوزەرانی و فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییەکان و تێکەڵ بوون بە تەکنۆلۆژیای جیهانی گرنگن، نەک ئەوەی بچێتە ناو ململانێی حزبیەوە و دوای وتە و بڕیار و هەڵوێستی کلاسیکییەکان بکەوێت.
بەلای گەنجانی ئێستاوە، دەبێت بەرپرسیارێتی بەپێی توانای کەسەکان و پسپۆڕییان لەو بوارانەدا دابەشبکرێت، بەڵام بەلای گەورەکانی خێزانەوە بە پێی خەبات و تەمەنیەتی لە حزبەکەدا.
کاتێک باوک و دایک هەست دەکەن بەوەی کە منداڵەکەیان هەڵگری بیرێکی جیاوازە و لەگەڵ ئەوەی ئەمان یەک ناگرێتەوە، ئیتر تووشی بەریەککەوتن و ململانێ دەبنەوە لەگەڵیان، لێرەدا جیاوازیی بیروباوەڕەکان دەردەکەوێت و بۆ بردنەوەی ململانێکانیش پەنادەبەنە بەر سەرکوتکردن، هەرچی منداڵەکانە بە شوێن دەریچەیەکدا دەگەڕین کە لێیەوە ئازادی زیاتر بەدەستبهێنن، هەرچی گەورەکانیشیانە هەموو شێوازێک دەگرنەبەر بۆ رێگرییکردن لێی، ئەگەر بۆشیان نەکرا ئەوا پەنا دەبەنە بەر زەبروزەنگ و سزادان، ئەمەش دەچێتە ناو چوارچێوەی توندوتیژی سیاسی لەناو خێزاندا.

باوەڕهێنان لە ژێر گوشاردا
پەیڕەوانی ئایین بەگشتی، لەسەر ئاستی جیهان، لەم سەردەمەدا کەمترن لە چەند ساڵی رابردوو، منداڵان تا رادەیەکی زۆر بە ناچاری دەچنە ژێرباری هەڵگرتنی ئەو ئایینە کە لە خێزانەوە بۆیان دەمێنێتەوە،  بەڵام ئەرکەکانی پەیڕەوکردنی جێبەجێ ناکەن، ئەمەش دیسان بەریەککەوتن لە نێوانی منداڵان و گەورەکانیان دروست دەکات، چونکە بە گشتی بە تەمەنەکان زیاتر پەیڕەوانی ئایینن و دەچنە ژێرباری ئەرکە ئایینییەکان و هەڵسوکەوتی تاکەکانیش لە چوارچێوەی بنەما ئایینییەکانەوە هەڵدەسەنگێنن.
لە کوێدا خواست لەسەر ئازادی هەبوو، لەوێدا دەستێکی رێگر و سەرکوتکەریش هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی خوازیاری ئازادیی زیاتر لە پێویستن و ناچنە ژێر بەرپرسیارێتییەوە.
خوازیارانی ئازادییش لە ناو خێزاندا رووبەڕووی رێگریی دەبنەوە و توندوتیژییەکانی ناو خێزان سەرهەڵدەدەن و لقی دیکەی لێدەبێتەوە، وەک ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام زۆر جار تێکەڵ بەیەک دەکرێن و بەپێی دۆخەکە وەک هەل  سوودیان لێوەردەگیرێت، چونکە هەندێک لە منداڵەکان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی لە چوونە ناو حزبێکەوە دەستپێدەکات، کە پێچەوانەی بیروبۆچوونی گەورەکانیەتی، کاتێکیش خۆی لەمەدا دەبینێتەوە کە بۆی مەیسەر بووە، ئیتر هەوڵی بەدەستهێنانی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەدات و بە ئابووری سەربەخۆش دەگات.

 

دەبێت ژیانی منداڵان دابین بکرێت، نەک خۆیان هەوڵی بۆ بدەن

 سەرکوتکردن، منداڵ دەڕوخێنێت
لە پێناسەکردنی منداڵدا لە جاڕنامەی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بەندی 14 دەڵێت:
(منداڵان ئازادن لە دروستکردنی ئایدیا و بیروڕا و دیاریکردنی ئایینەکان بۆ خۆیان، بەمەرجێک نەبێتە رێگریی لەوانی دیکە کە بە مافەکانی خۆیان بگەن، دەبێت گەورەکانی خێزان منداڵەکانیان فێری ئەوە بکەن کە چۆن مافەکانی خۆیان بە شێوەیەکی گونجاو لەکاتی گەشەکردنیاندا  بەکاربهێنن).
مێرمنداڵێک کە چاودەکاتەوە لە جیهانی بیرکردنەوەدا و تێکەڵ بە ئایدیاکان دەبێت، بۆ جێکردنەوەی خۆی تووشی دوو جۆر ململانێ دەبێت، یەکێکیان لەگەڵ خۆیدا و ئەوەی تریش لەگەڵ دەوروبەری.
 لەگەڵ خۆیدا بۆ ئەوەیە خۆی بدۆزێتەوە و ئەو هەنگاوانە بنێت کە دەیەوێت و خۆی تاقی بکاتەوە، ئایا چی دەتوانێت بیکات؟ تواناکانی هزر و جەستەی چەندن؟ تاچەندە دەتوانێت لاسایی بکاتەوە؟  دەتوانێت چەند خۆڕاگر بێت؟ سۆزداریی و بەزەییەکانی چەندن؟
لەگەڵ دەوروبەریشیدا بۆ بڕینی هەنگاوە سەختەکان و چوونە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکانە، ململانێیە لەناو هەموو کایەکانی ژیانی رۆژانەیدا، لە خێزاندا و لە کۆڵان و قوتابخانە، بەمەش دەکەوێتە ژێر چەندین کاریگەرییەوە ( بەپێی تواناکانی خۆی کە هەیەتی دەگۆڕدرێت).
لەم تەمەن و قۆناغەدا نابێت رێگەی لێبگیرێت و بەزۆر بخرێتە سەر ئایدیایەک کە خێزانەکەی یان عەشیرەتەکەی هەیەتی، چونکە ئەمە دەیڕوخێنێت و دووری دەخاتەوە لە گەشەی خۆیی و سەربەخۆیی و هەڵبژاردنی ئازادانە.
دەبێت رێگەی پێبدرێت کە خاوەنی راوبۆچوونی خۆی بێت، گەورەکان دەبێت کێشەکان یان پلانەکانی خێزان لەگەڵ ئەندامانی خێزان باس بکەن و بەتایبەتییش رای مێرمنداڵەکان وەربگرن، ئەگەر کاریشی پێنەکەن، چونکە بەمە جێگەیەکی دەدەنێ کە خۆی هەست بەوە بکات حسابی بۆ دەکرێت، هەروەک ئەوەی لێی دەپرسن چ خواردنێکت پێخۆشە بۆت دروست بکەین، یان کام بەرگت لاجوانە بۆت بکڕین.
باوک و دایک، شێوازی زەبروزەنگ و سەرکوتکردن دەگرنەبەر بۆ ترساندن و ملکەچ پێکردنی منداڵەکانیان کاتێک دەگەنە بنبەست و ناتوانن بە قسە قەناعەتیان پێبکەن.
منداڵ تەسلیمی زەبر و زەنگی خێزان دەبێت، لە ترسی ئەوان باوەڕدەهێنێت بە ئایدیاکانیان، بەڵام لەناخی خۆیدا هەست دەکات کە باوەڕی پێی نییە.
کاتێک دێت و لەبەردەمی گەورەکانی پرۆپاگەندە بۆ ئەو ئایدیایە دەکات کە بە زۆر بەسەریدا سەپێندراوە و دەیەوێت خەڵکی دیکە بخاتە ژێر ئەم باوەڕەوە، ئەوا هەست دەکات کە درۆیان لەگەڵ دەکات. ئەوکات دەپرسێت لە خۆی، چۆن دەبێت ئایدیایەک خۆی باوەڕی پێی نەبێت بەڵام بۆ بەرامبەرەکەی وەک ئایدیایەکی باش باسی بکات تا رەزامەندی گەورەکانی بەدەست بهێنێت؟
بەمەش منداڵەکە دوو شت لەدەست دەدات یەکەمیان ئازادیی باوەڕهێنان بە ئایدیایەک کە خۆی هەڵیبژێرێت، دووەمیش کاریگەریی ئەو درۆیانە خراپ لەسەری دەکەوێت کە لەگەڵ خەڵکدا کردویەتی و لاوازی دەکات لەگەڵ خود.

بۆ رێگریی لەمە چی بکرێت باشە؟
لە جیهانی سیاسی ئەمڕۆ و حکومڕانیدا، دیموکراسی پڕ خواستترین سیستمە کە هەر حزبێک پەنای بۆ دەبات بۆ بەڕێوەبردنی خۆی و وڵات، دیموکراسی بۆتە سیستمی ناو خێزانیش و لەمەشیاندا رۆڵی لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی ناو خێزاندا هەیە، هەربۆیە ئەگەر گەورەکانی خێزان لە جمودیی ئایدیا بێنە دەرەوە و تەسلیمی واقعی ئەمڕۆ ببن، ئەوا دەتوانن لەناو خۆیاندا لە رێگەی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕاکانەوە هاوکاریی یەکتر بکەن بۆ چوونە سەر هێڵی راست لە چۆنێتی گرتنەبەری ژیان لە هەموو بوارەکاندا.
پێویستە زمانی زبر و هەڕەشە و ترساندن لە خێزانەکەدا دوور بخەنەوە، تا منداڵەکان بە هەموو قۆناغەکانی ژیانیاندا بە ئازادیی و لەژێر بەرپرسیارێتی خێزاندا تێپەڕن و تامی قۆناغەکان وەک خۆی بکەن.
ئەگەر کەسێک لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە ئاشقی پایسکیلێک بووبێت و بۆی نەڕەخسێندرا بێت، ئەوا کە گەورەش دەبێت هەر بەو ئاواتەوە دەبێت کە پایسکلێکی خۆی هەبێت و لێیبخوڕێت، دەبێت قۆناغەکانی تەمەن پاش و پێش نەخرێن، هەر وەک ئەوەی راست و گونجاو نییە کە منداڵێک لە تەمەنێکی کەمەوە بخرێتە سەر کارێکی پیشەگەریی و تێکەڵ بە گەورەکان ببێت و لەماوەیەکی کورتدا هەڵگری رەفتاری ئەوان بێت.

زەبر و زەنگ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
توندوتیژی سیاسیی لە خێزاندا، ئەگەر بۆ گەورەکانی خێزانەکە چووەسەر، ئەوا کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تاکەکان و خزمایەتییەکان، چونکە ئەوەی گەورەکە بەزۆر بەسەر منداڵەکەیدا دەسەپێنێت، خێزانی بەرامبەریش بە پێچەوانەی ئەمانەوە بەزۆر ئایدیایەکی دیکەیان سەپاندووە بەسەر ئەندامانی خێزانەکەیاندا.
منداڵەکان بێ ئەوەی بزانن بۆچی هەڵگری ئەم ئایدیایەن و ئازادیی هەڵبژاردنەکەیان لێ زەوتکراوە و لە خشتەبراون، دێن و رق ئەستوورانە داکۆکیی لێدەکەن و بە رووی بەرامبەرەکەیاندا دەوەستنەوە، لەسەر رەسمێک یان رەنگێک دەست دەدەنە ئێخەی یەکتر.
پەسەندکردنی یەکتر، لەو روانگەیەوە کە هەموان مڕۆڤین و توانای بیرکردنەوە و لێکدانەوە و داهێنانین هەریەکە لە بوارێکدا، پێویستە ئاسانکاریی بۆ بیروبۆچوونی یەکتر بکەین، چونکە هەر داهێنانێک بکرێت لەلایەن هەر کەسێکەوە لە خزمەتی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەدا دەبێت و هەموان سوودمەند دەبن لێی و پێکەوە کۆمەڵگەیەکی شارستانی بنیات دەنێین دوور لە زەبر و زەنگ.

وتارەکانی نوسەر