هونەر لە کۆندا لەگەڵ دنیای سۆشیال میدیا

10:53 - 2022-09-26
رۆزا دڵشاد مەریوانی
680 خوێندراوەتەوە

ئەو کەسەی دەبێتە هونەرمەند و ئەستێرە لە هەر بوارێکدا بێت، راستەوخۆ جگە لە ژیانی هونەریی کە بە ژیانێکی گشتی و موڵکی جەماوەر دادەنرێت، ژیانی تایبەتیشی دەکەوێتە بەر رووناکی و چاوی میدیاکان، جەماوەر هەمیشە بەدوایەوە دەبن تاوەکو وردەکاری ئەو ژیانە تایبەتەی بزانن، بەتایبەتی ئەوانەی زۆر بەناوبانگ دەبن و هەوادارێکی زۆر لەدەوریان کۆدەبنەوە، بەڵام بێگومان وەکو هەر شتێکی دیکە لەم ژیانەدا ئەو ناوبانگ و کەوتنە بەرچاوە جگە لەلایەنی باش لایەنی خراپیشی هەیە تەنانەت هەندێکیان دان بەوەدا دەنێن لایەنە خراپەکانی زۆرترە و لە هەمووی خراپتر نەمانی ژیانی تایبەتی و ئازادی کەسییە، ئەمە بەهەر حاڵ، بەڵام هەندێکجار ئەو کەوتنە بەرچاوە بەتایبەتی بۆ ئەستێرە ژنەکان قورسترە بەوەی چەندین پروپاگەندەیان بۆ دروست دەکرێت کە هەندێکیان دوای مردنی ئەو ئەستێرانە و تا ئەمڕۆ راست و درۆی ئەو پروپاگەندانە یەکلانەبۆتەوە، نموونەش بۆ ئەوە ئەستێرەی ئەمریکی مارلین مۆنرۆ-یە کە ژیانی تایبەتی زۆرێک لە نهێنی لە خۆ دەگرێت تا ئەم ساتەش راست و دروستی هەندێکی یەکلانەبۆتەوە، نموونەیەکی دیکە ئەستیرەی میسری سوعاد حوسنی کە تائێستاش ژیانی تایبەتی و دۆخی مردنەکەی تەمومژاوییە.  
هەروەها لە سەردەمی کۆن و پێش پەیدابوونی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا خەڵکی بە تامەزرۆوە چاوەڕێی چاوپێکەوتن یان دەرکەوتنی ئەستێرەکانیان دەکرد لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن یان رۆژنامە و گۆڤارەکان، هەمیشە خەیاڵ رۆڵێکی گرنگی دەبینی بۆئەوەی ئەو هونەرمەندە وەکو کەسێکی نائاسایی و باڵاتر تەماشا بکرێت، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا بەشێکی زۆری هونەرمەندان وا هەستدەکەن ئەگەر بەردەوام لەسەر سۆشیال میدیا دەرنەکەون و وێنەی سێڵفی خۆیان و ئەو شوێنانەی بۆی دەچن و ئەو کاڵایانەی دەیانکڕن..هتد لەسەر ئەکاونتەکانی خۆیان بڵاونەکەنەوە ئەوە وادەکات جەماوەر لەبیریان بکات، بۆیە بەردەوام ڤیدیۆی زۆر تایبەتی ژیانی خۆیان دادەنێن کە هیچ پەیوەندی بەو هونەرەوە نییە پێشکەشی دەکەن، تەنانەت هەندێکیان بە پارە ئەوەی پێی دەوترێت فۆڵۆوەری فەیک دەکڕن و دەبینیت لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی هونەرمەندێک دەفڕێت تەنیا بۆئەوەی بڵێت هەوادارم زۆرە، بەڵام زۆرجار ئەوە وادەکات هەوادارانیان لە بەرچاویان بکەون و بێزاربن لێیان و بڵێن تکایە کەمێک لەو شاشەی مۆبایلە دووربکەوەرەوە با بیرت بکەین یان ئەگەر بابەتێکی هونەریی نوێت نییە گرنگ نییە بەلامەوە بۆ نیوەڕۆ چی دەخۆیت یان چ مۆدێلێکی گرانبەهای ئۆتۆمبێلت کڕییوە و نامەوێت نمایشی فڕۆکە تایبەتییەکەت ببینم، وادیارە نەخۆشی خۆنمایشکردنی سەر سۆشیال میدیا ئەستێرەکانیشی گرتۆتەوە و ئەوەی وا دەکات نازانێت ئەوەندەی رق بۆخۆی کۆدەکاتەوە ئەوەندە لایک کۆناکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر