بۆچی ترس نەكەین بەهەنگاوێك بۆ سەركەوتن؟

10:10 - 2022-09-28
دیانا ئەحمەد
757 خوێندراوەتەوە

بێگومان هەر یەكێك لە ئێمە ترسمان هەیە لە شكست، تەنانەت وامان لێهاتووە دەست بۆ هیچ كارێك نەبەین لە ترسی شكستهێنان.
ئەم ترسە زۆر كەسی لە ئامانج و خەونەكانی دوورخستۆتەوە و كاریگەرییەكی خراپی بەسەر باری دەروونیانەوە هەیە تەنانەت وای لێكردوون متمانەیان بەخۆیان نەمێنێت.
گوایە مرۆڤەكان بەهۆی شكست و سەرنەكەوتنەوە توانای دووبارە دەستپێكردنەوەیان نییە و لەوانەشە زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی دەست بۆ كارێك نەبەن بەهۆی ئەوەی كە بە لایانەوە سەركەوتن مەحاڵە.

.چۆن شكست بە ئاسایی وەربگرین و نەمانڕوخێنێت؟
با شكست زۆر بە ئاسایی وەربگرین. هەریەك لە ئێمە چەند جارێك رووبەڕووی شكست دەبینەوە و لە هەر كەوتنێكیشدا زیاتر ئەزموونمان دەبێت و هەوڵی زیاتر دەدەین لە هەنگاوەكانی داهاتوودا، چونكە تا نەكەوین و شكست نەهێنین چێژ لە سەركەوتن نابینین و پەرە بەخۆمان نادەین و گۆڕانكاری ناكەین لەو هەنگاوانەی بوونە هۆی شكستمان لە گەیشتن بە ئامانجەكەمان، هەر وەك چۆن هەموو كات وتراوە هەموو مرۆڤێك قابیلی گۆڕانە هەر بۆیە هەموو شكستێكیش قابیلی دووبارە دەستپێكردنەوەیە تاكو دەگەینە ئامانج و سەردەكەوین.

چۆن ترس لە شكست كۆنترۆڵ بكەین؟
تاكو زاڵ بین بەسەر خۆمان و ترسەكەمان كۆنترۆڵ بكەین، پێویستە خۆمان رابهێنین لەسەر ئەوەی ئێمە ئێستا گەورە بووین و جیاوازییەكی گەورەمان هەیە لەگەڵ منداڵی، ئێستا پێویستە بەتەواوەتی توانای زاڵبوونمان هەبێت بەسەر خۆماندا، چونكە هەر یەك لە ئێمە لە منداڵییەوە سەرەڕای كەوتن و برینداربوونمان لە كاتی یاریكردندا دووبارە هەوڵمان هەبووە، دووبارە گەڕاوینەتەوە بۆ هەمان یاریمان كردۆتەوە، چونكە خولیامان بۆی هەبووە، هەر بۆیە بە ئێستاشەوە با هەمان مامەڵەی منداڵی لەگەڵدا بكەین، هەستی بەرپرسیارێتیمان هەبێت بەرامبەر بەئامانجەكانمان، چونكە ئێمە مرۆڤی خاوەن هۆش و ئامانجین و دروستكراوین لە پێناوی پەرەپێدان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانمان و زاڵبوون بەسەر ترسەكانماندا.

وتارەکانی نوسەر