یەكێتی دەنگی كوردە

10:47 - 2023-11-05
دیانا ئەحمەد
239 خوێندراوەتەوە

ئێمەی کورد لەمێژە دەزانین كە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەكان  واتا یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، بۆیە پێویستە هەموو تاكێكی كورد ئەوێ بە دەنگ بپارێزن. 
گرنگە جیاوازیی لە نێوان فۆرم و ناوەڕۆكی هەڵبژاردنەكاندا بكرێت، بزانرێت گەل چی دەوێت، تا ئەوەی كە دەیانەوێت بۆیان جێبەجێ بكرێت، هەمیشە یەكێتی خەمخۆری كەركوك بووە و تاكە حزبە كە لەپێناوی بەرژەوەندیی  كوردی كەركوك هەموو هەنگاوە پێویستەکان دەنێت.
 سەرجەم سەرکردە و کادرانی یەكێتی لە هەموو چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان بەشدارن چ لە خۆشی بێت یان ناخۆشی، بێگومان ئەمەش روویەکی رووناك و دیار دەدات بەم حزبە لەبەرچاوی خەڵكدا. 
یەكێتی بە بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و بەدەستهێنانی دەنگی پێویست، دەتوانێت سوودی گەورە بەو پارێزگایانە بگەیەنێت، چونكە خەڵكی باش دەزانن كە بۆ بەرەنگاربوونەوە و داکۆکیکردن لە مافەکانی كورد و پاراستنیان لە كەركوك، تەنها یەكێتییە كە دەتوانێت پارێزگارییان لێبكات و جێی متمانەبێت. 
 لە هەر جێیەکی جیهان، هەر حزبێك بە كەشێكی ئازادیی و شەفاف و یەکەیەکی فیکرییەوە دەچێتە كێبڕكێی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، یەکێتیش لەو روانگەیەوە کە هەڵگری ئەم سیفەتانەیە، بێ دوودڵیی سەركەوتنی مسۆگەر دەبێت. 
لە دوای پێنجەمین كۆنگرەوە، یەکێتی بە بەردەوامی نوێگەریی لە كار و بڕیاردا دەکات و لەبەرەی گەلدا یەك دەنگ و یەکهەڵوێست دەبێت. 
ماف و ئازادییەكان لە كەركوك دووبارە بۆ كورد و دانیشتوانی دیکەی شارەکە دەگەڕێنێتەوە، گومانی تێدانییە بۆ هەر كات و ساتێك، یەكێتی پێشوەختە پلان و بەرنامەی ئامادەیە، هەموومان بەرەو ئاسۆیەكی  گەشتر هەنگاو دەنێین و کاندیدەکانی یەکێتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق سەردەخەین.

وتارەکانی نوسەر