خۆتت خۆشبوێت

11:05 - 2023-07-13
دیانا ئەحمەد
397 خوێندراوەتەوە

دیانا ئەحمەد

 
لە هەموو كات و ساتێكدا هەوڵ بۆ خۆشبەختی خۆت بدە، هیچ كاتێك بۆ كەسانی دەوروبەرت خۆت مەگۆڕە، بەڵكو لەپێناوی خۆتدا گۆڕانكارییەكان بخولقێنە، بۆیان مەسەلمێنە كە تۆ باشی هیچ كەسێك شایەنی ئەوە نییە باشی تۆ ببینێت جگە لە خۆت هەر بۆیە بەرامبەر بە خۆت باش بە دواتر بۆ دەوروبەرت باش بە هەموو مرۆڤێك تا بۆ خۆی باش نەبێت ناتوانێت بۆ كەسانی دەوروبەریشی باش بێت.
لە هیچ كات و ساتێكدا میهرەبانی خۆت بۆ خۆت لەبیر مەكە، چونكە خۆت باش دەزانیت هەنگاوەكانت چەند تۆیان ماندوو كرد هەموان سەركەوتنت دەبینن، بەڵام تەنها خۆتیت كە ناخۆشییەكان و شكستەكانت چەشتووە لەپێناوی گەیشتن بەو سەركەوتنەی كە ئەوان دەیبینن و باسی دەكەن.
مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە خۆشەویستییە، بەڵام پێش هەموو شتێك خۆشەویستی خود بۆ خود زۆر گرنگە، چونكە سروشتی مرۆڤ وایە گەر نەتوانێت خۆی خۆش بوێت هیچ كات ناتوانێت دەوروبەری خۆشبوێت، ئەمە قسەی من نییە، بەڵكو قسەی زۆربەی كەسە ناودارەكانە، ببە بە كەسێك لەكاتی تەنگانەدا تەنها پێویستت بەخۆت هەبێت، جگە لە خۆت پشتت بە كەسی تر مەبەستە، چونكە كەسەكان لە هەر كات و ساتێكدا بێت پشت لێدەكەن و جێتدەهێڵن، بەڵام خۆت هەرگیز ئەمە لەگەڵ خودی خۆتدا ناكەیت هەمیشە لەگەڵ خۆتدا دەمێنیتەوە، هەر بۆیە خۆتت خۆشبوێت و هەستەكانت پشتگوێ مەخە.

وتارەکانی نوسەر