بەشداریکردن لە بەرنامەیەکدا یاخود دەرکەوتن لە سۆشیاڵ میدیا، بۆ قسەکردن لەسەر هەر بابەتێک پێویستی بە شارەزایی و لێهاتووییە، بەشێوەیەک پێویستە کەسی قسەکەر لەو بوارەی قسەی تێدا دەکات پسپۆڕ بێت، بۆئەوەی بتوانێت زانیاریی ورد و دروست بداتە وەرگر، هەروەها پێویستە کەسانی پێشکەشکار یاخود پرۆدیوسەری بەرنامەکان شارەزابن و کەسانی شیاو بەشداری پێبکەن لە بەرنامەکانیاندا.
ماوەیەكە دەبینین هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن و پەیجەكانی سۆشیاڵ میدیا، كەسانێك گەورە دەكەن كە رۆڵێکی ئەوتۆیان لە کۆمەڵگەدا نییە، یاخود بێ زانیارین لەو بوارەی قسەی لەسەر دەکەن، هەر دەمووت رۆژێك دێت شتەكان باشتر دەبن و رێڕەوەکە راست دەكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە تا دێت خراپتر دەبێت و كەسانی نەشارەزا گەورەتر دەكرێن، مەرج نییە ئەوەی بنووسێت یان مایك لەبەردەمی بێت بە خۆی بڵێت شارەزا و رۆژنامەنووس!.
رۆژنامەنووسی راستەقینە، پێویستە بەهای راستی كارەكەی بزانێت، هەروەها درک بەوە بکات پێویستە كێ بهێنێت بۆ بەرنامەکەی و كێ بە خەڵك بناسێنێت؟! ناكرێت هەرکەسێک بێت بانگهێشتی بەرنامەکەی بکات تەنها لەبەر پڕکردنەوەی کات، نەخێر نابێت بەهیچ جۆرێك ئەم حاڵەتانە هەبێت، هەرچەندە بووە بە دیاردە بە داخەوە كە وا دەڵێم، بەڵام ئەوە راستییە، بەبێ ئەوەی کەسی قسەکەر هیچی پێبێت و دوو قسە بزانێت دەیهێنن لەبارەی بابەتێكەوە بدوێت كە شارەزایی
تێدا نییە.
دوای پێشکەشکردنی بەرنامەکەش سەرەی سۆشیاڵ میدیایە، دەستاودەست بڕگەی قسەکانی کەسەکە بڵاودەکرێتەوە، كە فڵانە كەس وا دەڵێت و بەمەش بە ناوبانگ دەبێت.
تكایە با بەس بێت چیتر كەسانی نەشارەزا گەورە نەكەین، بۆئەوەی هەركەسێك شوێن و پایەی خۆی بزانێت، وەك چۆن کوردەواری وتویانە: نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب. پێویستە هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن و پەیجەكانی سۆشیاڵ میدیا لەلایەن خۆیانەوە ئەم هەنگاوە بنێن بۆئەوەی چیتر قسەی كەسانی بێسوود بڵاونەكەنەوە و خەڵكی پێ بێزار نەكەن، هەروەها کەسی قسەکەریش لە سۆشیاڵ میدیا نەبێت بە گاڵتەجاڕ، ئەوە راستییەكە و هەمووان دەیبینن، بەڵام تا ئێستا درك بەوە نەكراوە كە ئەم كەسانە گەورە دەكرێن و دەبن بە شت!.
لێرە پرسیارەكەم ئەوەیە ئایا شایانی ئەوەن؟ بۆچی كەسانێك كە هیچیان پێ نییە و شارەزانین بكرێن بە شت؟ هیوادارم كەسانی شارەزا و پسپۆڕ تەنها لە بوارەكانی خۆیاندا قسەبکەن و كەس خۆی نەخاتە بوارێك و بابەتێكەوە كە هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە.