ژن نەبێت تۆش نابیت!

09:52 - 2023-12-04
دیانا ئەحمەد
171 خوێندراوەتەوە

پێویستە كاری زیاتری لەسەر بكرێت تا بەتەواوی توندوتیژی لەناوبچێت نەك تەنها كەمبكرێتەوە! پێویستە لایەنی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەهێزتر بكرێت، چونكە رۆژ بە رۆژ ئامارەكان لە زیادبووندان، سەرەتا پێویستە بە پلان لە قوتابخانەكانەوە دەستپێبكرێت بە پڕۆگرامێكی ئەكادیمیانە كچان فێربكرێن چۆن وەڵامی توندوتیژی بدەنەوە، راگرتنی توندوتیژی تەنها بە حكومەت  و رێكخراوەكان ناكرێت! تۆی ژن پێویستە بوێربیت و توندوتیژی قبووڵ نەكەیت.
هەموو ژنێك  بێ ئەوەی بیر لە تەمەنی بكاتەوە  و ببێتە خاوەن بڕوانامە و پەرە بە لایەنی ئابووری بدات و لە كۆمەڵگەدا پێگە و پلەی خۆی بەرزبكاتەوە، مەرج نییە ببێتە خاوەن كار بە بڕوانامە زۆر پیشە هەیە ژنان دەتوانن كاری تێدابكەن و ببنە خاوەن كاری تایبەت بە خۆیان، هەمیشە لە هەر كات و شوێنێك بێت قبووڵی ئەوە نەكات سووكایەتی پێبكرێت، وەڵامی كەسی بەرامبەر بداتەوە تا چیتر نەتوانێت توندوتیژی بەرامبەر بكات، ژنی زیرەك دەزانێت چۆن سنوور بۆ بەرامبەر دادەنێت، نابێت بهێڵیت خاڵی لاوازت بزانرێت، هەمیشە با كەسێكی كەم دوو و ناڕوون بیت تا دەوروبەت زۆر شتت لەبارەوە نەزانن، لایەنی رۆشنبیرییان بەرزتربكەنەوە و ئەوە بزانن هەموو قسەیەكی بەرامبەرەكەی وەڵام نادرێتەوە هەندێك قسە و پرسیار بێ وەڵام بن باشترە.
توندوتیژی دژی ژنان دەبێ بە راستكردنەوەی یاساكان چارەسەر بكرێت، هەروەها بۆ حاڵەتەكانی توندوتیژی پەرەبدرێت بە كەرتی تەندروستی، بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لە نێو پیاوان، خۆشبەختانە نەك تەنها حكومەت بەڵكو ژمارەیەك لە رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكانیش دەستیان بە چەندین دەستپێشخەری كردووە بۆ راگرتنی توندوتیژی دژی ژنان، پێویستە توندوتیژی دژی ژنان وەك پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ ببینرێت تا  باوك، برا، هاوسەر، هاوپیشە، برادەر، خۆشەویست، خزم، نەتوانن توندوتیژی بەكاربهێنن،  پاراستنی ژنان بە یاسا.
كاریگەرییەكانی توندوتیژی كە پراكتیزە دەكرێن زۆرن، ژنان بەهۆی ژنبوونیانەوە دەبنە قوربانی، توندوتیژی دژی ژنان دەركەوتەی جیاوازی دەسەڵاتە لە نێوان رەگەزەكاندا. مافی ژنان و كچان بۆ ژیانێكی دوور لە توندوتیژی مافێكی رەوای مرۆڤە، بەڵام واقیعەكە تەواو جیاوازە لە شەرعیەتی ئەو مافانە و ئەمە لە هەموو شوێنێك روودەدات! بەڵام ئازا ئەوەیە رایبگرێت و رێگەنەدات پەرەبسێنێت، توندوتیژی جۆری زۆرە، لە شەڕانگێزی زارەكییەوە لە ژیانی رۆژانەدا تا دەگاتە وتنی لێدوانی ژنكوژی كە لە گاڵتەجاڕی و سووكایەتیدا رەنگ دەداتەوە. هەروەها ژنان بەدەست جۆرێكی تری توندوتیژی و ستەمكارییەوە دەناڵێنن كە بەرامبەریان دەکرێت، ئەمەش لەوەدا دەردەكەوێت بەهۆی كەمئەندامییەكی جەستەیی، چ لەسەر شەقام یان لە شوێنی رەسمی، بەش، یان دامەزراوەكاندا، بە خراپی مامەڵەیان  لەگەڵ دەكرێت.

وتارەکانی نوسەر