لە پەنجەرەی پەروەردەوە

دیوی دووەمی پرسیاری وتاریی

09:51 - 2022-11-08
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
720 خوێندراوەتەوە

لە رێنماییە نوێیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکان و تاقیکردنەوەکان، بەڕێوەبەرایەتی تاقیکردنەوەکان، هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکانی نیوەی وەرز و کۆتایی وەرز بۆ پۆلە ناکۆتاکان( سەرجەم پۆلەکان بێجگە لە پۆلی نۆیەم و دوازدەیەم) لەڕووی چۆنیەتی دانانی پرسیار و دابەشکردنی نمرەوە گۆڕانکاری تێدا کراوە لەچاو ساڵانی پێشتردا، بەوەی ئێستا لە (80 %)ی نمرە دەبێت لەسەر شێوەی پرسیاری وتاری و لە(20 %)یشی لەسەر پرسیاری بابەتی دەبێت، ئەم رێنماییە جێگەی دڵخۆشی بەشێکی زۆری مامۆستایان و پەروەردەکاران بوون، بە بیانووی ئەوەی پرسیاری بابەتی توانای نووسینەوەی خوێندکاران کەم دەکاتەوە و پرسیاری وتاری یارمەتی نووسینی زیاتر و فێربوونی زیاتر بە خوێندکاران دەبەخشێت، بەشێکیش لە مامۆستایان شکستی خوێندکار لە فێربوونی نووسین و خوێندنەوە و رێنووسی دروست دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لە ڕابردوودا پرسیارەکان نیوەی بە بابەتی بوون و لەهەڵبژاردن پێکهاتوون، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە تێنەگەیشتنە لە تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنە، ئایا تاقیکردنەوە بۆچی دەکرێت؟ ئایا بۆ فێربوونە و فێربوونی پێ بەدیدێت؟ یان ئەنجامی بەدەستهاتووی فێربوون دەستنیشان دەکات کە پێشتر خوێندکار دەبێت فێری بووبێت و تاقیکردنەوەکان وەک پێوەرێک رادەی فێربوون و تێگەیشتن دەستنیشان دەکەن؟ هەڵەیەکی گەورەیە ئەوەی وا هەستبکات پرسیاری وتاری ئاستی نووسین و خوێندنەوەی خوێندکار باشتردەکات، ئەگەر خوێندکارێک لە ماوەی رۆژەکانی خوێندندا و بەدرێژای ساڵ گرنگی بە خوێندنەوە و نووسین نەدات و هاوبەشی کارای نەبێت لە پۆلدا و بەشداری نووسین و شیکاری بابەتەکان نەکات، تاقیکردنەوەی وتاری نەک یارمەتیدەر نابێت، بەڵکو ئەنجامی بەدەستهاتوو زیاتر شکست پێدەهێنێت، چونکە پرسیاری وتاری وەڵامەکەی جەخت دەکاتە سەر نووسین و جواننووسی و راستنووسی و دەربڕینی دروستی خوێندکار، ئەگەر پێشتر بەباشی فێرنەبووبێت ناتوانێت لە تاقیکردنەوە وەڵامی دروست بنووسێتەوە، سەرەڕای ئەوەی پرسیاری وتاری بەپێی ئەو کەلتورەی تا ئێستاش لە زیهنی خوێندکار و مامۆستا و بەشێک لە پەروەردەکارانیشدا چەسپاوە ئەوەیە خوێندکار بابەتەکە لەبەربکات و وەک کتێبەکە جارێکی تر بینووسێتەوە و بەو شێوەیەش جێگەی رەزامەندی دەبێت و نمرەی تەواو وەردەگرێت، ئەمەش رێخۆشکردنە کە خوێندکاران بەرەوە تەنها لەبەرکردنێکی کۆپیکراو ببەن و تێگەیشتن و راوسەرنج و شیکاری خودی خوێندکاران رۆڵیان نەمێنێت، چونکە رێژەیەکی کەم لە مامۆستایان تائێستاش بڕوایان بەوە هەیە متمانە بکرێتە سەر دەربڕینی خودی خوێندکاران، ئەگەر هەمان ناوەڕۆکی کتێبەکەش لەخۆبگرێت نمرەی تەواو وەرناگرێت، بێ لەوەی مەزاج و بیرکردنەوەی خودی مامۆستا لە قبوڵکردنی وەڵامەکان و تێڕوانینی کەسیی بۆ خوێندکارەکان کاریگەری دەبێت، بۆیە راستکردنەوەی تێڕوانین بۆ شێوازی پرسیار و دابەشکردنی نمرەکان گرنگیەکی زۆر پێویستە و تەنها بەگۆڕینی پرسیاری بابەتی بۆ وتاری نایەتەدی، راستە پرسیاری وتاری دانانی ماوەیەکی کەمتری دەوێت و خێراتر دادەنرێت، بەڵام ناتوانرێت بەشێوەیەکی گشتگیر بابەتەکانی کتێبەکە لەخۆبگرێت، خۆ ئەگەر پرسیارەکانیش زیاتر بکرێت ئەوا کاتێکی زیاتر پێویست دەکات بدرێت بەخوێندکاران بۆ وەڵامدانەوە و بیرکردنەوە زۆرجار لەوماوەیەی تەرخانکراوە بۆ تاقیکردنەوە بەس نییە و خوێندکار دووچاری نیگەرانی و شڵەژان دەکات و بیرکردنەوە و دەربڕینی وەک پێویست نامێنێت، ئەنجامیش کار لە وەڵامدانەوەکانی دەکات.

وتارەکانی نوسەر