گرنگی رۆڵپێدانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئەدەبی منداڵاندا

10:06 - 2023-08-09
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
806 خوێندراوەتەوە

گومانی تێدا نییە ئەدەب بە شێوەیەکی گشتیی و ئەدەبی منداڵان بە تایبەت و شێوازی خستنەڕووی ئەدەبی باش کاریگەرییەکی هێجگار گەورەی لەسەر ئاڕاستەکردنی تاک و گۆڕانکاری لەهەستە ناوەییەکان و لایەنی دەروونی تاکدا هەیە، ئەگەر ئەمە دروست بێت بۆ منداڵانی ئاسایی، بە دڵنییاییەوە بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت گەلێ لایەنی ئەرێنی زیاتری دەبێت بۆ ئەوەی هێز و وزە و توانا شاراوەکانی خۆیانی تێدا ببیننەوە و لەڕووی دەروونی و هزرییەوە بڕوابەخۆبوون و متمانەیان لا دروست ببێت و بتوانن بەو شێوازەی کە لەگەڵ جوڵە و دەربڕین و لێتێگەیشتنی خۆیاندا دەگونجێت دەربڕێنی لێ بکەن، منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت مافی خۆیانە تێکەڵ بە کۆمەڵگا ببن و چێژ لەژیان و یاریی و مرۆڤبوونی خۆیان وەربگرن و مرۆڤایەتی و بوونی خۆیان بەدەست بهێنن، لەکاتێکدا کە ئاڕاستەی نوێ و دونیای هاوچەرخ لەگەڵ تێکەڵکردنی خاوەن پێداویستی تایبەت دایە لەگەڵ کۆمەڵگە و ناوەندە جۆربەجۆرەکانی ژیان و گوزەران، بەڵام تا ئێستا کاردانەوەی ئەم شێوازە لە تێکەڵکردن رەنگدانەوەی خۆی لە نێو ئەدەب و نووسینی ئەدەبی بواری منداڵاندا بە شیوەیەکی کاریگەر دەرنەکەوتووە، کەمی ئەم ژانرە لە ئەدەبیاتی منداڵاندا شایانی هەڵوێستەکردن و لەسەروەستانە و پێویست بە لێوردبوونەوە و سەرنجی پێویست دەکات، چونکە خاوەن پێداویستی تایبەت وەک لە ناوەکەیدا ئاشکرایە و پێویست بە پێناسە ناکات پێویستی و تایبەتیی خۆیان هەیە، ئەمە بەواتای کەمی لە توانا و داهێنان و بەشداریکردنی ئەوان نایەت، بەڵکو دەکرێت لەچیرۆک و هۆنراوە و نووسینەکانی تری بواری ئەدەبی منداڵاندا رۆڵی سەرەکی و پاڵەوانێتیان هەبێت و بە شیوازێکی ئەرێنی پاڵپشت بێت بۆ سەرخستن و گەشەپێدانی تواناکانیان. لێرەوە هەر هەوڵێک  لە هەوڵە ئەدەبییەکان بۆ تێکەڵکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە رووی ئەدەبییەوە بە مەبەستی گەیشتن بە تێکەڵبوونیان لە پەروەردە و کۆمەڵگادا و گەیشتن بە چەمکی ئەدەبی گشتگیر و گەیشتن بە ئەدەبێکی یەکگرتوو کە جیاوازی لە نێوان منداڵێکی ئاسایی و کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت نەکات جێگەی گرنگیپێدان و پەرەپێدان و کارلەسەرکردنی زیاترە. 
بۆچی ئەدەبی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت؟
رەنگە تایبەتمەندییکردنی جۆرێکی نووسینی ئەدەبی وەک ئەدەبێکی تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، جێگەی پرسیار یان قبووڵنەکردن بێت لای هەندێک، بەو پێیەی ژانرێکی تری ئەدەبی لە ئەدەبی منداڵان کە خۆی لە ئەدەبی گەوران جوداکراوەتەوە، جۆرێک لە جیاوازی و جیاکاری بهێنێتەکایەوە و پەیوەندییان بەیەکەوە نەمێنێت، بەڵام لەحەقیقەتدا پێچەوانەکەی درووستترە، واتا نووسین بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت جیاکردنەوەی منداڵانی خاوەن پێداویستی نییە، چونکە ئەو جۆرە نووسینە ئەدەبییەی کە پێویستە بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بنووسرێت، تەنها نووسیین ناگرێتەوە، بەڵکو شیوازی پێشکەشکردن و سەرجەم ئەو پێداویستی و هۆکارانەش دەگرێتەوە کەوا لە نووسیینەکە دەکات بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت گونجاوبێت. 
بۆ وێناکردنی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئەدەبیاتی منداڵاندا گرنگە کار لەسەر ئەوە بکرێت چۆن نووسەرانی ئەم ئەدەبیاتە (منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت) و پرسە مرۆیی و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانیان وێنا دەکەن بۆ ئەوەی سەرنجی کۆمەڵگا بۆ دۆخێکی مرۆیی رابکێشن بەو شیوازە داهێنەرانەیە تایبەتییانەی ئەدەبیاتی خەیاڵی کە بۆ منداڵان نووسراون نزیک بێتەوە کە منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بکاتە پاڵەوان و کارەکتەری سەرەکی خۆی، یان یەکێک لە کارەکتەرەکانی بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەدەبی منداڵان، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی تایبەتمەندییەکانیان و سروشتی ئەو نوێنەرایەتیانەی کە تێیدا دەردەکەون، بۆ خستنەڕووی دیدگای کۆمەڵگا و هەڵوێستی لەسەر منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بۆ تێگەیشتن لەو دیدگایەی کە کەمئەندام سەیری خۆی و تێڕوانینی کۆمەڵگەکەی پێ دەکات و، هەڵوێستی دەربارەی خۆی و کۆمەڵگە و تێگەیشتن لە ئازار و هیواکانی، بە ئامانجی دەرخستن و تیشک خستنە سەر لایەنەکانی هاووڵاتیبوونی باش بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و وێناکردنی مۆدێلەکانی قارەمانێتی مرۆیی و کۆمەڵایەتی چاوەڕوانکراو و مومکین لەم کارەکتەرانە و بونیادنانەوە و پەروەردەکردنیان، تیشک خستنە سەر توانا و بەهرە و وزەکانیان لە بەخشین و کارکردن لەسەر راهێنانیان بۆ خۆگەشەپێدان، ئەمانەش هەموو دەکرێت لەڕیی سەرجەم چالاکییەکانی رۆژانەیان لەگەڵ تێکەڵبوونی کۆمەڵگە و جۆری ژیانیان لە رێگەی کارلێککردنیان لەگەڵ خێزان، ماڵ، گەڕەک، کەسوکار و خزم و قوتابخانە و هەرشوێنێک کە خاوەن پێداویستی تایبەت بتوانێ پێیبگات و لەوێبێت.
بۆچی رۆڵپێدانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئەدەبی منداڵاندا گرنگە؟
پرس و کێشەکان، کۆمەڵایەتی، کەلتوری و مرۆیی، لایەنە پەروەردەیی و تەندروستی و دامەزراوەییەکان لە سەردەمی ئێستای ئێمەدا وەک پرسێکی گرنگ خۆیان خستۆتە روو، پرسی تێکەڵکردنی کەمئەندامان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بووەتە ئەرکێک لە بەها ئەخلاقییە سەردەمییەکان، چاودێری کۆمەڵگا و خەمی کەمئەندامان بووەتە پێوەرێک بۆ حوکمدان لەسەر پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی دوای گرنگیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر کێشەکانی کەمئەندامان و، هاوکاری ئۆرگان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە دابینکردنی چاودێری پێویست بۆ ئەم کۆمەڵە گرنگە، ئەدەبی منداڵان وەک بەشێکی کاریگەر لە قۆناغەکانی گەشە و هەڵکشانی کەسێتی منداڵدا دەبێت رۆڵی کاریگەی هەبێت لەم ئامانجی تێکەڵکردنەدا، ئیتر چ هاندان و پاڵپشتیکردنی نووسەران و بەهرەمەندانی ئەدەبی بێت لە خودی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، یان نووسەرانی دی لەبارەی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە بنووسن، نووسەر کاتێک کارەکتەری پاڵەوان لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا دەکاتە کەم ئەندام لە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، گومانی تێدا نییە کە ئامانج و مەبەستێکی هەیە، خستنەڕووی پرسێکی مرۆڤدۆستانەیە بۆ بەردەم خوێنەر و کۆمەڵگا، یان بۆ پشتگیریکردن لە بیرۆکەیەکی ئەرێنی یان بەپێچەوانەوە هەوڵی لابردن و کەمکردنەوەی بیرۆکە نەرێنییەکانە، یاخود مەبەستی وروژاندنی پرسێکە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن هەیە، یان سەرنجی کۆمەڵگا بۆ دۆخێکی مرۆیی ڕابکێشێت کە ئێمە لێی بێئاگاین. لەهەمووشی گرنگتر خستنەڕووی ئەم بابەتانەیە بەشێوەیەکی بابەتی و ئەرێنی نەک لەسەر بنەمای سۆز و بەزەیی و خستنەڕووی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەک ئەوەی کە جێگەی بەزەیی بن، بەڵکو رۆڵەکان چەند سەربەخۆ و پشتبەخۆ بەستووبن لەسەر بنەمای توانا و کارامەییەکانیان بێت زیاتر کاریگەری ئەرێنی دەبەخشێت و زیاتریش دەکرێت کاریان لەسەر بکرێت، لەبنەڕەتدا خودی ئامانجەکەش هەر ئەوەیە کە ئەدەبی منداڵان پاڵپشت بێت بۆ گۆڕینی سەرنجە نەرێنییەکانی کۆمەڵگە و تێگەیاندنی رای گشتی بێت کە هەموو مرۆڤێک جیاوازە و هەر جیاوازییەکیش تایبەتمەندی خۆی هەیە کە لە کەسێکی تردا نییە و گەڕان و دۆزینەوەی تایبەتمەنییە شاراوەکان و هاندان بۆ گەڕان و لێوردبوونەی خود بۆ دۆزینەوەیان لەڕیی نموونەی کرداری و کارلێککردنەکانەوە و خەیاڵ و وروژاندنی ئەندێشەوە ئەرکی جوانتری ئەدەب دەنەخشێنێت بە دوور لەزمانی ئامۆژگاری و رێنمایی راستەوخۆ و بریندارکردنی هەستی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە.
پەرەپێدانی ئەدەبی منداڵان بەگونجاوی لەگەڵ خاوەن پێداویستی تایبەتدا
پەرەپێدانی سەرچاوەکانی کتێب و گۆڤار و بڵاوکراوەکانی ئەدەبی منداڵان بە گونجاوی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی خاوەن پێداویستی تایبەتدا خاڵێکی جەوهەریی و گرنگە، نەک تەنها بۆ ئەو چیرۆک و شیعر و نووسینانەی کە باس لە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەگەن بەڵکو زۆرێک لە سەرچاوە ئەدەبییە گرنگەکان بە جۆرێک بخرێنە بەردەست کە زۆرینەی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان لیی سوودمەندبن، وەک چاپکرنی کتێب بە  زمانی بڕایل تایبەت بە نابینایان، یاخود تۆمارکردنی چیرۆک بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستان، فراوانکردنی کتێبی دەنگی و چاپی تایبەت بە هەستی دەستلێدان و وێنەی بەرجەستە و هەموو ئەو جۆرانەی تر کە بە ئاسانی دەتوانرێت سوودیان لێ وەربگیرێت، خۆشبەختانە لێرە و لەوێ هەوڵی جدی لەم بوارەوە هەیە و بەهیوای لە ئایندەدا کاری جدییتر و گەشەپێدانی زیاتری لەبارەوە بکرێت.

گرنگە نووسەری ئەدەبی منداڵان جیاوازی نەکات لە نێوان منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و منداڵانی ئاساییدا

وتارەکانی نوسەر