سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هاوڕێیە پێش ئەوەی رەخنەگر بێت

09:50 - 2023-10-11
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
841 خوێندراوەتەوە

سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، ئێستا و لەپڕۆسەی بونیادنانی تواناکان لە سیستمی پەروەردەدا، رۆڵی هاوڕێی رەخنەگر دەبینێت، بەو واتایەی چیتر کاری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی پشکنەر و گەڕان نییە کە تەنها بەدوای هەڵە و کەموکوڕییەکانی قوتابخانە و کارەکانی نێو قوتابخانە و خوێندنگەکاندا بگەڕێت، بەڵکو هاوڕێیەکی پۆزەتیڤی قوتابخانە و خوێندنگەکانە، رۆڵێکی راوێژکاری و هاوکاری و پاڵپشتی هەیە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە سەرجەم توانا مرۆیی و مادییەکانیشەوە.
بۆچی هاوڕێ؟
هاوڕێ کەسێکە مرۆڤ متمانەی پێی هەبێت و تا ئاستێکی قووڵ لێتێگەیشتن و پەیوەندی گونجاو و بڕواپێکراو لە نێوانیاندا هەبێت، ئەو پەیوەندییەش پێی دەوترێت هاوڕێیەتی.
هاوڕێیەتی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە دوو کەس یان زیاتر بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەسەر بنەمای متمانە و سۆز و هاوکاری نێوانیان، هاوڕێیەتی پەیوەندییەکی مرۆییە لەسەر کۆمەڵێک بناغەی پتەوی وەک راستگۆیی، خۆشەویستی، هاوکاری، دڵسۆزی، لێکتێگەیشتن و متمانە بنیات نراوە.
چەمکی هاوڕێی رەخنەگر
هاوڕێی رەخنەگر، ئەو کەسەیە ئەرکی پشتگیریکردنی کەسانی دیکەی پێ سپێردراوە تا بتوانن پێداچوونەوە و پەرەپێدانی ئەدای کارەکانیان بەشێوەیەکی کاریگەر و چالاکانە بکەن، هاوڕێی رەخنەگر هاوڕێی چاودێر نییە، بەڵکو هاوڕێی سەرچاوە و راوێژکارییە لە کارە پەروەردەییەکانی نێو ئەو دامەزراوەیەی سەرپەرشتییان دەکات، هەوڵدەدات یارمەتی ئەو کەس یان کەسانە بدات کە پاڵپشتییان دەکات، حوکم لەسەر ئەدای کارکردن دەرناکات، بەڵکو هەوڵ دەدات لە دۆخەکە تێبگات و تێبینییەکانی خۆی دەربارەیان دەخاتەڕوو، لەسەر بنەمای ئەو تێبینییانە دەتوانرێت لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ دەستنیشان بکرێن و پەرە بە باشەکان بدرێن و کاریش بۆ چاککردنی لاوازەکان بکرێن، ئەم رۆڵە نوێیەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هەندێکجار ئەگەر نەڵێین زۆرجار بەشێوازێکی گونجاو و لەبار تێگەیشتراو نییە  نە لەلایەن خودی سەرپەرشتیاری پەروەردەییەوە و نە لەلایەن کارگێڕی قوتابخانەکانەوە، بەو پێیەی بەشێوەیەکی پێڕاهاتووی چەندین ساڵە وا لەکاری سەرپەرشتیاری چاوەڕوانکراوە و بینراوە کە سەرپەرشتیار کەسێکی نێگەتیڤ و پشکنەر و چاودێرێکی یەک لایەنەی دۆخی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پەروەردە بێت، ئەرکی بنەڕەتی هەمیشە بەدواگەڕان و دۆزینەوەی هەڵە و کەموکوڕیی و نا تەواوییەکان بێت و سەرزەنشتی لایەنی کەمتەرخەم بکات، رەنگە تائێستاش زۆر سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بەو جۆرە بیربکاتەوە کاریگەری کارەکەی ئەوەبێت چەند هەڵە و کەموکوڕی لەنێو قوتابخانەیەک یان کەسێکی نێو دامەزراوەکە و کارگێری قوتابخانەکە بدۆزێتەوە بیکات بە نووسراو و بەرزی بکاتەوە، هەموو ئەمانە جۆرێک لە نا تەبایی لەنێوان ناو و ناوەڕۆکی رۆڵی هاوڕێی رەخنەگردا دروست دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی بەجۆرێک لە جۆرەکان کێشە و گرفتی لێ بکەوێتەوە و ئاستەنگ لەبەردەم ئەو ماناو چەمکی هاوڕێیەتییە دروست بکات کە ئامانج و مەبەستی پڕۆسەی نوێی پەروەردەیە.

 

هاوڕێی رەخنەگر ئەرکی پشتگیریکردنی کەسانی دیکەی پێ سپێردراوە تا بتوانن پێداچوونەوە و پەرەپێدانی ئەدای کارەکانیان بەشێوەیەکی کاریگەر و چالاکانە بکەن

 

کێشەکان بۆ دروست دەبن؟
بنەڕەتی کێشەکان لە یەک خاڵی سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرن ئەویش تێنەگەیشتنە لەڕۆڵ و ئەرکی نوێی کاری هاوڕێی رەخنەگر یان هەندێ کات قبوڵنەکردنی رۆڵی نوێی هاوڕێی رەخنەگرە لەلایەن هەندێک سەرپەرشتیار و کارکردنە بە هەمان میکانیزم و بیرکردنەوەی پشکنەر یان سەیرکردنی کاری سەرپەرشتیکردنە وەک دەسەڵات و حوکمکردن نەک هاوڕێ بوون و راوێژکاری پۆزەتیڤانەی لێتێگەیشتوو، هەوڵ دەدەین لێرەدا چەند خاڵێک لەو هۆکارانە بخەینەڕوو لە ئەنجامی کارکردنمان بەشێوەیەکی مەیدانی لە پڕۆسەکەدا وەک هۆکاری دروستبوونی گرفتەکان لە ئەدای کاری هاوڕێی رەخنەگردا پێشچاو کەوتوون:
بیرکردنەوەی نێگەتیڤ، هەڵگرتنی بیرکردنەوەی نێگەتیڤ کاریگەری زۆر نێگەتیڤ دەکاتە سەر جۆری پەیوەندییەکان، چونکە سەرجەم کارەکان و لێتێگەیشتنەکان دەخاتە بەردەم پرسیارەوە، وادەکات دەرگاکانی چوونە نێو کارەکان لە بری ئەوەی بکرێنەوە دابخرێن، رێگر دەبێت لە خستنەڕووی  دۆسیە و تۆمار و کارەکان بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەکرێت یەک لایەن بێت، هاوڕێی رەخنەگر هەڵگری بێت یان ستافی قوتابخانە و خوێندنگەکان یان هەردوولا بێت کاریگەری نێگەتیڤی هەیە لەسەر جۆری مامەڵە و ئەدای کارەکان بەشێوەیەکی باش و پێویست.
*بڕیاری پێشوەختە: کاری هاوڕێی رەخنەگر لەنێو پڕۆسەکەدایە، کارکردنە لەگەڵ ستافی قوتابخانە و هەندێ کات سەرنجەکانی دوای کردنی کارەکان دێت دوای ئەوەی بەڕێنمایی و هاوکارییەکانی لە کاتی بیرۆکە و ئەنجامدانەکاندا کاریکردووە، بەڵام هەر بڕیارێکی پێشوەختە و قسەکردن لەسەر ئەنجامەکان بەبێ بەڵگە و سەرچاوەیەکی بڕوا پێکراو کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکان و گرفت دێنێتەکایەوە.
*کار و کاردانەوە: کاری هاوڕێی رەخنەگر تەبایی و گونجاندنە، نەک کاردانەوە بەو شێوەیەی رەنگە هەڵچوونێک بێت بەرامبەر هەڵەیەک یان بۆچونێکی پێچەوانە لەلایەن ستافی کارگێڕیی قوتابخانەوە، کاردانەوە خێرا و بێ بیرکردنەوە  گرفت دروست دەکات، بەڵام چارەی ناکات، بگرە چارەسەرەکانیش زۆرکات دەگەیەنێتە بنبەست، بەجۆرێک ناچار پەنا دەبرێتە بەر لیژنەی تر بۆ چارەسەرەکان.
*مەزاج و بڕیاری کەسی: کارکردن بەپێی ئایدیۆلۆژیای کەسی یان مەزاج و تایبەتمەندییە کەسییەکان هەڵەیەکی گەورەی کاری پیشەییە لە هەر لایەنێکەوە بێت، چونکە ئەوە پێچەوانەی بنەمای پێوەرە بڕیار لەسەر دراوەکانی کاری هاوڕێی رەخنەگر و هەڵسەنگاندنی کەسی و دامەزراوەییشە.
*گەورەکردنی گرفتە بچووکەکان: هەرچەندە گرفت یان کێشە هەر گرفت و کێشەیە، پێویستە چارە بکرێن، بەڵام هەندێ گرفت هەیە بەبیرکردنەوەیەکی پۆزەتیڤ یان بە نەرمی نواندن یان بە لێتێگەیشتن و توانای قەناعەت پێکردنی خودی هاوڕێی رەخنەگر چارە دەبێت، مەرج نییە هەموو کێشەیەک لە نواندێکی خوێندنگەییدا هەبێت بهێنرێتە دەرەوە و گەورە بکرێت و بکرێت بەلیژنە، توانا و لێهاتوویی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی وەک هاوڕێی رەخنەگر لە چارەسەرکردنی گرفتە نەک گەورەکردنی گرفت.
کەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دەبێت بە هاوڕێی رەخنەگر؟
تێگەیشتن لە رۆڵەکان کات و راهێنانی پێویستە، یەکێک لە کەموکوڕییەکانی پڕۆسەی پەروەردە ئەوەیە زۆرجار بڕیارەکان هێندە کار لەسەر شێوە دەکەن هێندە کار لەسەر ناوەڕۆکی بابەتەکان ناکەن، راسپاردە و رێنمایی نوێ تەنها بەگۆڕینی لۆگۆ و ناو نایەنە دی، بەڵکو پێویست  بە گۆڕینی هەنگاو بە هەنگاوی بیرکردنەوە و ناوەڕۆکی بابەتەکان هەیە، پێویستی بەبڕوا و متمانە هەیە بە گۆڕانکارییەکان، روونی ئامانجەکان، گەشبینی و ئایندەی کارەکان، بەڕاستی ناکرێت مرۆڤ خۆی بڕوا و متمانەی بە پڕۆسەیەک نەبێت بتوانێت بە دڵ کار لەسەر ئەو پڕۆسەیە بکات، کاری هاوڕێی رەخنەگر پێویستی بە خولی بەردەوام و سەرقاڵبوونی بەردەوام هەیە بە کارکردن لەسەر بنەماکانی کاری سەرپەرشتیاری و شێوازە نوێیەکانی پەیوەندی و کارلێک و کاریگەرییەکانی زمانی ئاخاوتن و ئەخلاقیاتی کاری پیشەیی و ئەتەکێتی رەفتار و بنەماکانی رێککەوتن و گەلێ بابەتی تر کە تەنها بە وتن و رێنمایی دەرکردن جێبەجێ نابن، بەڵکو بەشێوەیەکی کارا و کرداری دەبێت وەزارەتی پەروەردە کاری لەسەر بکات، هیچ کات و لە هیچ زەمەنێکدا پڕۆسەیەکی تاقیکردنەوە بەس نییە مرۆڤ پیشەکەی بگۆڕێت، بەڵکو کارکردن بەردەوامییە و ئەو بەردەوامییەش کاری بەردەوامی دەوێت لەگەڵ پێشکەوتنە سەردەمییەکاندا، دەخوازین لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەجدی وەزارەتی پەروەردە کار بۆ هاوڕێی رەخنەگر بکات.
پەرەدان بە لێهاتوییەکانی  هاوڕێی رەخنەگر 
1-
توانا و کارامەییەکانی گوێگرتن.
2-  توانا و کارامەییەکان ئاخاوتن
3-  توانای تێگەیشتن و لێوەرگرتن.
4- توانای رازیکردن.
5- توانای شیکاری گرفتەکان و چارەسەرەکان.
6- وردبینی لە چاودێریکردندا.
7-  توانای بەڕێوەبردنی گفتوگۆ.
8-  توانای پرسیارکردنی وروژێنەر و سەرنجڕاکێش بۆ بیرکردنەوە.
9- توانای بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی کات.
10- توانای چارەسەرکردنی ناکۆکی.
11- لێبوردەیی و سەبر و راستگۆیی و بابەتیبوون.
12- توانای بەدەستهێنانی متمانەی کەسانی تر.
لە سەرووی هەمووشیانەوە خودی هاوڕێی رەخنەگر ئەوەی پێویستە دەبێت خۆ راهێنەر و خۆ فێرکارێکی جدی بێت لەسەر رۆڵ و پێگەی خۆی و بە متمانەوە کاری بۆ بکات.

کۆبوونەوەی لیژنەی پەرەپێدانی قوتابخانەیەک لەگەڵ هاوڕێی رەخنەگر

وتارەکانی نوسەر