نادیاری گۆڕینی خود لە پەروەردەدا

10:56 - 2024-04-21
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
439 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ بەرەوپێشچونی زانست و تەکنۆلۆژیا و میتۆد و سەرجەم ئەو کەرەستە و بینا و پێکهاتانەی لە پرۆسەی پەروەردە بەکار دێن، لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی لە پرۆگرام و چاپەمەنی و رێسا و رێنماییانەی بەردەوام لە پڕۆسەی پەروەردە دەردەچن و ئەو کۆنفرانس و نوێگەریانەی لە سیستمی پەروەردەدا ئەنجام دەدرێن، کەچی هێشتا لە ناوەڕۆکدا گۆڕانکارییەکی جەوهەری پەرەپێدارا و لە بە ئەنجامگەیاندنە پەروەردەییە کردارییەکاندا وەک پێویست نابینرێن، بگرە پەروەردە زۆرجار زۆر ونە لە نێو پڕۆسەی پەروەردەدا و ئەوەی هەیە تێپەڕاندن و خوێندنەوەو وەرگرتنی سەرتوێژی زانیارییەکانە لە پێدەرەوە بۆ وەرگر.

ئەوەی دەوروژێنرێت ئەوەیە چۆن بتوانین ئەپدەیتی بیرکردنەوەی پەروەردەکاران بکەین، نەک کەرەستەکانی بەردەم پەروەردەکاران

بۆچی تا ئێستا ناتوانرێت ئامانجەکانی گۆڕانکاری جەوهەری لە پڕۆسەی پەروەردەدا بەدیبێت؟ پرسیارێکی گرنگ و پێویستە کە دەبێت بە جدی کاری لەسەر بکرێت، لەگەڵ ئەوەی دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە چیمان گۆڕیوە لە پەروەردە و دەبێت چی مابێت بیگۆڕین لە پەروەردە؟ ئەوەی حەقیقەتە لێرەدا زۆربەی شتەکان گۆڕاون، بەڵام ئەوەی کە کەمترین کات دەگۆڕێت، یان هەر ناگۆڕێت، جۆری بیرکردنەوە و ئەو شێوازە پێڕاهاتووەی کەسی خودی پەروەردەکارە لە بڕوابوون بە گۆڕانکارییەکان، نەگۆڕانی ئەو بڕوا و قەناعەتانەیە کە دەستی بەسەر مێشک و بڕیاردان و ئاکار و رەفتارەکانی تاکی ئێمەدا کێشاوەو وای لێدەکات لەهەمان بازنەی داخروادا بخولێتەوە و نەتوانێت تیایدا دەرباز ببێت.
بۆیە پێش هەر گۆڕانکاری و نوێگەرییەک ئەوەی پێویستە کاری لەسەر بکرێت، گۆڕینی خودی پێهەڵسێنەرانی ئەو کەسانەن کە پڕۆسەی پەروەردە بەکرداری ئەنجام ئەدەن، لە بەرزترین پلەوە بۆ نزمترین ئاستی ئەو کەسانەی ئەرکی پەیڕەوکردنە پەروەردەییەکانیان لە ئەستۆدایە، پێش هەموو کەس لە خێزانەوە تا دوا ناوەندە پەروەردەییەکان، بێ لە گۆڕانکاری لە جۆر و بیرکردنەوەو بڕوا و ئامانجەکانی خود، زۆر ئەستەمە هیچ گۆڕانکاری و پێشخستنێک رۆڵی کاریگەری هەبێت لەوەی پەروەردەیەکی باشتر بەدەست بهێنرێت.
دەربازکردنی تاکەکان لە بازنەی چەقبەستوویی بیرکردنەوە و مەزاج و کەلتورە پێڕاهاتوو کۆنەباوەکان و تێپەڕاندنی بۆ ئاسمانێکی کراوەی بیرکردنەوە و فڕین و گەڕان و نوێگەریی و دۆزینەوە و پەرەپێدانی خودی، ئاسۆیەکی گەشتر لە چارەنووسی پەروەردە و گۆڕانکارییە پەروەردەییەکان دەخوڵقێنێت کە بە هیچ گۆڕانکارییەکی تر قەرەبوو ناکرێتەوە.
ئەوە راستییەکە کە بە هێزترین و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا بە بیرکردنەوەی کۆنەباو، یان نەزانین لە شێوازی بەکارهێنان و پەیڕەکردنەکانی بەگونجاوی لەگەڵ پێداویستییەکانی مرۆڤی  سەردەمداو، تێنەگەیشتن لە خواست و داخوازییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەم و هەلومەرجانە، نەک هەر سەرکەوتوو نابێت بگرە ئەنجامەکان لەچاو رابردوودا پاشەکشەش دەکەن، ئێمە چەند پێش ئەوەی بچینە پڕۆسەیەکی نوێوە هەوڵی گۆڕینی خودمان بدەین، ئەوەندە گەرەنتی گۆڕانێکی باشتر و پێشکەوتووتر  دەتوانین بەدی بهێنین لە ناوەندی پەروەردەیی و پرۆسەی پەروەردەدا، ئەم راستییە دەبێت بەهەند وەربگیرێت، ئەوەی لە خول و کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و پانێلەکاندا دەوروژێنرێت ئەوەیە چۆن بتوانین ئەپدەیتی بیرکردنەوەی پەروەردەکاران بکەین، نەک کەرەستەکانی بەردەم پەروەردەکاران لە پرۆگرام و رێنماییە ئەبستراکتەکان، کە بەشێک لەو رێنماییانە ئەستەمە بێ بڕواپێبوونێکی خودی تێگەیشتن لێیان بچنە بواری کردارییەوە. 

وتارەکانی نوسەر