گرنگیی رۆڵ و پەروەردەی گەنج لە پێنجەمین کۆنگرەدا

09:54 - 2023-10-01
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
577 خوێندراوەتەوە

کارکردن لەگەڵ گەنجان بووەتە یەکێک لەو ئاڕاستە سەرەکییانەی لە زۆربەی وڵاتان و کۆمەڵگەکاندا رێچکەی خۆی گرتووە، بە ئامانجی دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی کەسایەتی گەنجانە و دەستەبەرکردنی لێهاتویی و ئەزموونی زانستی و کردەیی گەنجان و شایستەکردنیان لەگەڵ ئەو تواناو کارامەییانەی پێویستن بۆ دڵنیابوون لەگونجانی دروست لەگەڵ پێشهاتەکاندا و لە هەمانکاتدا راهێنان و پێگەیاندنی سەرکردەی گەنج لەبوارە جیاوازەکانی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتییەکاندا، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هەنگاوێکی جدی بۆ نوێگەری و ژیانەوەی کاری حزبی و رێکخراوەیی و برەودان بەتوانا و وزەی گەنجان و بەڕاسپاردەی راستەوخۆی خودی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وەک وتی:»سەرمایەی راستەقینەی ئێمە نەوت و غاز نییە، گەنجەکانمانن» بەگرنگییەوە گەنج و پەروەردەکردنی سیاسی گەنجانی لەبەرچاو گرتووە، رۆڵێکی پۆزەتیڤی بە گەنجان بەخشیوە کە جێگەی دڵخۆشی و ئومێدێکی گەورەیە بۆ کاری ئایندەی یەکێتی، وەک حزبێکی سۆسیال دیموکرات و نوێخواز و میکانیزمی کارکردن لەنێو کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمڕۆدا،  گرنگی کاری سیاسی گەنجان لەوەدا دەردەکەوێت تەمەن رۆڵێکی هێجگار سەرەکی دەگێڕێت لە دیاریکردنی پلەی بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا، لە چوارچێوەی ئەم چەمکەدا گەنجان لیبراڵترین و کراوەترین و رادیکاڵترین هێزی سیاسین، راپەرمونە سەر گەنج ئاسۆکانی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و سۆسیال دیموکراتییەکان چەسپاوتر و مسۆگەرتر دەکات.

بۆچی گەنجان کاریگەرترن لە نوێگەرییەکاندا؟
گەنجان لە هەمووکەس زیاتر خواستی گۆڕانکارییان هەیە، ئەم راستییە لەدونیای سیاسەتدا یەکێکە لە بنەماسەرەکییەکانی کارکردن، چونکە دونیای سیاسەتکردن دونیایەکی گۆڕاو و هەمیش پڕ نوێگەرییە، ئەمەش زۆرجار بە گەنج نەبێت ناکرێت، ئامادەیی بابەتییانەی گەنجان و قبوڵکردنی نوێکاری و مامەڵەکردن لەگەڵیدا بە گیانێکی داهێنەرانە دڵنیایی ئەوە دەبەخشێت کاروانی بەرەوئایندە مسۆگەرتر دەبێت، بێ هیچ گیروگرفت و ئاستەنگییەک دەتوانرێت کاربکرێت، چونکە لەگەڵ گۆڕانکاری هەلومەرجەکانی ژیان و گوزەران و تەکنەلۆژیا و زانست و پێشکەوتندا، خواست و ویست و بیرکردنەوەی نەوەکانیش دەگۆڕێن، گەنجان زیاتر دەتوانن لە پێویستییە سەردەمییەکان تێبگەن، زیاتریش شارەزای بەکارهێنان و مامەڵەکردنن لەگەڵ داهێنانە نوێیەکانی دونیادا. چێژ وەرگرتن لە جۆش و خرۆش و زیندویی لە فیکر و جوڵەدا، وزەیەکی گەورەی بەرەوپێشکەوتن پێکدەهێنێت، گەنجانی پڕ لە حەماسەت و زیندویی لە کارلێککردنیان لەگەڵ داتاو گۆڕاوە سیاسییەکان و پێداویستییەکانی کۆمەڵگە گەرەنتی پێشکەوتنێکی بەردەوامن.

گرنگی پەروەردەی سیاسی گەنجان
لە راستیدا زۆر ئامانج هەیە بە پەروەردەی سیاسی دەتوانرێت بەدی بهێنرێت، چ راستەوخۆ بێت یان درێژخایەن بە ئاماژەدان بەوەی ئەو ئامانجانەی کۆمەڵگە و ستراتیژی کارکردنی حزبی دایناوە، لە سروشتی هەیکەلی سیاسی، ئابووری دامەزراوەی حزبی دابڕاو نین، بەڵکو بەشێکن لە سیاسەت و ئاڕاستەکانی، لێرەدا کۆمەڵێک ئامانجی گشتی بۆ پێویستی پەروەردەی سیاسی دەخەینەڕوو کە بریتین لە:
1- ئاڵۆزی پێداویستییەکانی ژیانی هاوچەرخ و زیادبوونی ژیان و فشارە دەروونییەکان لەسەر گەنجان ئاماژەیە بۆئەوەی ئەو رۆڵە پەروەردەییەی قوتابخانە یان خێزان دەتوانێت بیگێڕێت بەس نییە، ئەمەش پێویستی بە پەروەردە و ئامادەکاری جدی هەیە بۆ گەنجان لەلایەن ئۆرگانە بنەڕەتییەکانی حزبەوە، ئامادەکاری جدی واتە بوونی پڕۆسەیەکی پەروەردەیی دامەزراوەیی کە پلان و کار و بەرنامەی هەبێت، تیمی شارەزا و راهێنراو بەپێی ستانداردە مۆدێرنەکان لە رێگەیانەوە حزب دەتوانێت هۆشیاری و ئامادەکارییەکی گونجاو بۆ گەنجان دابین بکات.
2- بڵاوکردنەوەی زانست و کەلتور لەناو ئەم گروپەدا لە سەردەمی ئێستادا بووەتە پلەیەکی بەرزی گرنگ لای گەنجان وەک چۆن لەڕێگەی ئەم پڕۆسەیەوە دەتوانرێت پەرە بە زانیاری کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتوری لەنێو گەنجاندا بدرێت، ئاشنا بکرێن بەگرنگترین کێشە جیهانی و مرۆییەکان، وەک برسێتی، هەژاری، مەترسی شەڕ، پیسبوونی ژینگە و مەترسییەکانی تیشکدانەوە، شێوازی کارامەیی کارکردنی حزبی و گفتوگۆ و ستراتیژیەتی ئامانجی کارکردن بۆ ئێستا و داهاتوو.
3- راکێشانی گەنجان بەرەو گۆڕەپانی کردەی سیاسی و بەرژەوەندی سیاسی، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی گەنجان و ئەو ئومێدانەی لەسەریان دانراوە، بۆئەوەی پڕۆسەی پەروەردەی سیاسی بتوانێت سەرکەوتنی ویستراو بەدەستبهێنێت، بڕیارە پێویستی و خواست و ویستەکانی داهاتووی گەنجان لەبەرچاو بگرێت، هەر گرنگی بە ئاوات و مەیلی گەنجان بدات، هەروەها رەوتە گشتییەکانی کۆمەڵگە و بەها و چەمکەکانی لەبەرچاو بگرێت.
4- بەهێزکردنی هاووڵاتیبوون لای گەنجان بەبڵاوکردنەوەی رۆحی نەتەوەیی، قوڵکردنەوەی رۆحی بەرپرسیاری و پێداویستییەکانی میللەت، پاراستنی ناسنامەکەی و خۆئامادەکردن بۆ بەرگریکردن لێی ئەگەر کەوتە بەر مەترسی، جا مەترسییەکی ناوخۆیی بێت (تایفەگەری، ململانێی ئایینی، یان نەتەوەیی)، یان مەترسییەکی دەرەکی وەک پرسی سەربەخۆیی و سەروەری.
5-  بنیاتنانەوەی یادەوەری نەوەی گەنج، کە پەیوەندی کەلتوری و شارستانی لە نێوان نەوەکاندا پشتڕاست دەکاتەوە و زانینی راستییەکانی مێژوو و جیۆپۆلەتیک و هەموو شتێک کە پەیوەندی بەپرسی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە هەیە.
6- کۆکردنەوەی وزەی گەنجان و یەکخستنیان بەرەو ئامانج و ئەولەویەتی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی لە هەموو قۆناغێکی گەشەسەندنی کۆمەڵگەدا و بەکارهێنانی ئەم وزانە بەباشترین شێوە بەرەو ئەم ئامانج و ئەولەویەتانە.
7- بەرزکردنەوەی هەستی بەرپرسیارێتی و دیسیپلین لای گەنجان لەڕێگەی پڕۆسەی پەروەردە و پاڵاوتنی ئەخلاقی و رەفتاری و ناساندنی بناغەکانی سیستم و یاساکانی و سەروەری یاسا و مەرجەکانی گەنجان بۆ پێکهێنانی بەربەستێکی تێنەپەڕێنراو دژی هەوڵەکانی چاندنی ئاژاوە و پێشێلکردنی بەهاکان و یاسا.
8- پێشخستنی بەهاکانی هاوکاری و هاوپشتی و لێبوردەیی لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە بەتایبەت گەنجان بەشێوەیەک کە جەخت لەسەر هاودەنگی و یەکگرتویی کۆمەڵایەتی و دەستپێکردنی دەستپێشخەرییەکانی گەنجان بکاتەوە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری خۆبەخشانە کە یارمەتیدەرە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی بارگرانی چینە جەماوەرییەکان.
9- عەقڵانیکردنی یاخیبوونی خۆبەخۆ لە نێوان گەنجاندا، بە بەستنەوەی بەهاکانی رەتکردنەوەی نادادپەروەری و پابەندبوون بەو بەها بەرزە مرۆییانەی لە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و یاسای مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، بەتایبەتی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لەسەر مافە مەدەنی و سیاسییەکان و مافە کەلتوری و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا.
ئەمانە و زۆر ئامانجی تر وادەکات بەشی پەروەردەکردنی گەنجان وەک پێویستییەکی سەرەکی کاری داهاتوو سەیربکرێت، تا کارکردنی گەنجان تەنها روکەشی نەبن، بەڵکو هاوتەریب بێت لەگەڵ فیکر و مەعریفە و عەقڵانی کارکردن لەگەڵ دۆخ و هەلومەرجەکاندا، لێرەدا دەتوانێت بەکورتی هاوکێشەی گەنج و پەروەردە لە دوو خاڵی بنچینەییدا بخەینەڕوو، چۆن گەنجان بتوانن بەو دوو مەرجە ببنە پایەی سەرەکی کارکردن، مەرجی یەکەم قەناعەتە بە مانای رێزگرتن لە عەقڵ و مامەڵەکردن لەگەڵ گەنجاندا بەمانایەکی بوون، نەک تەنها وەک ئامڕازی جێبەجێکردن. مەرجی دووەم هۆشیارییە لەوەی گەنجان چی دەکەن، واتە ئاشنابوون بە ئامانجەکان و قەناعەت بەو ئامڕاز و میتۆدانەی دەبنە هۆی گەیشتن بە ئامانجەکە. ئەگەر ئەم دوو مەرجە پێویستە جێبەجێ بکرێن، ئەوا بەخشینی گەنجان بێ سنوور دەبێت و بە هەموو دڵسۆزی و خۆبەخشییەوە رێگەکانی کارکردن بەرەوپێش دەبەن، بێگومان هەرئەوەش ئامانج و ستراتیجی کارکردنی داهاتوو و کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

دیمەنێک لە پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا

وتارەکانی نوسەر