لە پەنجەرەی پەروەردەوە

منداڵ لەناو کارەساتەکاندا

10:03 - 2022-11-22
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
509 خوێندراوەتەوە

لە ئەگەری روودانی کارەسات و رووداوە دڵتەزێنەکاندا ترس و پرسیاری زۆر لای منداڵ دروستدەبێت، زۆرجاریش منداڵەکە نیگەران دەبێت لەوەی کارەساتێک بەسەر کەسێکی نزیکی خۆی یان خێزانەکەیدا بێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن و چوونە قۆناغی قوتابخانە، منداڵ زیاتر بەر هەواڵ و رووداوە دڵتەزێنە جۆراوجۆرەکان دەکەوێت، ئەگەری ئەوەی هەیە ئەو هەواڵانە لە هاوڕێکانی قوتابخانەیەوە ببیستێت، بە تایبەت منداڵ لەم تەمەنەدا زیاتر ئارەزووی زانینی هەواڵ و قسەوباسە جۆربەجۆرەکان دەکات، تێبینی کەسە گەورەکانی دەورووبەری دەکات گرنگی بە باسوخواسی رووداوەکان دەدەن و هەمیشە دووپاتی دەکەنەوە، بۆیە رەفتارکردن لەگەڵ کارەسات و رووداوە دڵتەزێنەکان وریایی و هۆشیارییەکی گەلێ لێهاتوانەی دەوێت، نابێت مامۆستاو ناوەندە پەروەردەییەکان ببنە بەشێک لە نیگەرانییەکان و پاڵپشتی بەهێزکردنی ئەنجامی کارەساتەکان بکەن، بەشداریپێکردنی منداڵان وەک هاوخەمی و تێکەڵکردنی راستەوخۆ لەگەڵ خەمبارییەکان لێکەوتەی زۆر نەرێنی لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێت، پێی بزانرێت یان نەزانرێت، لە منداڵدا ئاسەوارەکانی دەربکەوێت یان دەرنەکەوێت، لە هزر و نەستی منداڵدا گەلێ نموونە و واتای زۆر تەمومژاوی و بێ وەڵام و پڕ لەترس و نیگەرانی دەخاتەوە، دوور نییە ساتێک لە ساتەکان دەربکەون و دۆخی دەروونی منداڵ بەرەو نالەباری بەرێت، دەربڕینی هاوخەمی و تێگەیاندنی منداڵ لە لەدەستدانەکان بەوە نابێت منداڵ لە هەموو دیمەنە کارەساتباراوییەکان و وردەکارییە بیستراو و بینراوەکان ئاشنابکرێن، بەڵکو لەسەر ناوەندە پەروەردەییەکان پێویستە بەپێچەوانەوە  ورە و متمانە و دڵنیایی ببەخشێت بە منداڵ، ئارامیی و ئاسوودەیی دەروونی پێ ببەخشێت، دەبێت وەڵامی پرسیارەکانی منداڵان بدرێتەوە و ترسەکانی هێور بکرێتەوە، بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی رەنگە زۆرێک لە دیمەنەکان زیان بە منداڵ بگەیەنن بەتایبەت لە ئاستی سۆزداری منداڵ، بەداخەوە کاتێک نەریت کاریگەری لەسەر پەروەردەی دروست بەجێدەهێڵێت، بەهەڵە گوزارشت بۆ دەربڕینەکان دەکرێت و وەک لایەنێکی پۆزەتیڤی رەفتاری کۆمەڵایەتی لێکدەدرێتەوە، چونکە تێکەڵکردنێکی ئاشکرا لە نێوان خودی رەفتارە کۆمەڵایەتییەکە و چۆنیەتی گەیاندنی بە منداڵەکە هەیە، هێندەی مەبەستە شێوازە گشتییەکەی نەریتە کۆمەڵایەتییەکە بچەسپێت هێندە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ناکۆڵرێتەوە ئاخۆ لەگەڵ چ ئاستێکی منداڵدا رەفتاردەکرێت، بۆ و لەبەرچی دەبێت منداڵ لەم بابەتە تێکەڵبکرێت؟ لەبری هەموو ئەمانە چەندین رێگەی تر هەن بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەتوانرێت پەیامەکان بە منداڵان بگەینرێن و بێ ئەوەی تێکەڵ بکرێن لەنێو واقیعێکی نەگونجاودا لەگەڵ تەمەن و هەست و دەروونی منداڵدا، چالاکی و هونەر و ئەدەب و یاری و لێکدانەوەی ڕووداوەکان لەنێو رۆڵی تایبەتدا لە نێو دەقەکاندا بێ ئەوەی منداڵ هەست بە هیچ دوودڵی و نیگەرانییەک بکات لەهەمان کاتدا بە پێی گەشەو تەمەنی خۆی لە چەمکە جۆر بەجۆرەکانی ژیان بگات، چونکە توانا و تێگەیشتنی منداڵ بۆ رووداوەکان بە پێی ئاستی گەشەی دەگۆڕێت، منداڵێک هێشتا خەیاڵ و واقیع لە یەک جودا ناکاتەوە چۆن دەبێت هەلومەرجێکی بەسەردا بسەپێنرێت ناتوانێت بەشێوەیەکی واقیعی لێکدانەوەی بۆ بکات، بەجۆرێک ببێتە هۆی ئەوەی لە بری وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی چەندین پرسیاری تری بۆ دروست بکات.

وتارەکانی نوسەر