تەقە و قاقا: 7

كێخوا: 4

10:35 - 2022-11-23
رەهبەر سەید برایم
263 خوێندراوەتەوە

ساڵی 1981 لە بارەگای لقی سێی (ی.ن.ك) دکتۆر خدر مەعسووم هەورامی لێپرسراوی بوو لە زەڵێ، بارەگا هەر مشەماو قوڕ و دار بوو، مشك تەراتێنی تێدا دەكرد بە فاقە و دەرمان چارەسەرنەدەكرا، چونكە دەرگای ژوور كۆنە بەتانی بوو، كۆمەڵە پێشمەرگەیەكی پێكەوە گونجاو بووین لە بارەگا، دکتۆر شادمان مەستی و حسێن سنجاری و دکتۆر هەژار نێرگسەجاڕی و لالۆ عەبدولڕەحمان پێنجوێنی هەموومان لەوێ بە سادەیی دەژیان، پێمان راگەیاندرا كە مام جەلال دێت بە میوانی، بۆیە مریشك زیاد لە پێویستی بارەگا ئامادەكرا و لێنرا، بەڵام مام جەلال نەهات، بۆیە ئەو خواردن و مریشكە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر، بەڕێكەوت كێخوا (خەفەر) بوو، دەبوو چێشت و چا ئامادە بكات! كێخواش لە ئێوارەوە خۆی ئامادەكردبوو بۆ بەیانی، داری قەلاش قەلاشی لەسەر یەك هەڵچنی بوو لەسەر تەندوور وشكی كردبۆوە بۆ زووتر سووتان و گڕگرتن! كێخوا دەسرۆكەیەكی هەبوو وەك دەستەسڕ بەكاری دەهێنا و كردبوویە بەركۆش دەزانرا كە خەفەرە!! مەنجەڵە گۆشتە مریشك كە مابۆوە لەسەر ئاگری دانابوو وردە وردە گەرمی دەكردەوە، ناوبەناو كێخوا تێكی داو باڵ و ملەقووتەك و پارچە گۆشتێكی عافێت دەكرد، راست دەم و پلی دەسڕیەوە كە پێوەی دیار نەبێ خواردوویەتی!
جا بە كەوگیر تێكی دەدا و دەیویست پارچە گۆشتێكی دیكە دەربهێنێ و قووتی بدات وایزانی بوو باڵە مریشكە كەچی كلكی مشك بوو، نزیكی دەكاتەوە لە دەمی كێخوا سەرو دڵی تێك چوو، چووم یەك جامە خوێواوێكم بۆ گرتەوە لە دەمی وەردەدا نە دەڕشاوە، هەر عوو عووی بوو بە ئامان و زەمان نەدەڕشایەوە، منیش بێزم بۆوە رشامەوە، ئەو هەر نەڕشاوە!! ئەو هەموو مشكاوەشی خواردبوو!!
ساڵی 1983 لە خۆشناوەتی بووین هاتینە گوندی (سوسێ)لە هەواری لەرزەك (ئاوێكی ئێجگار سازگاری هەبوو شووتی و میوەی شەق دەكرد) لەبەر سادی، بووینە میوانی مام عومەری عەوڵاشەلی برا گەورەی سیاسەتمەدار (عەلی عەبدوڵڵا) دابەش بوو بووین دەیناسین، من و كێخوا و حەمیدی قالە دزەیی بووین، خوان رازاوە كێخوا چوو دەستی بشوات، مام عومەری عەوڵاشەل پرسی ئەرێ كوڕی مام رەزای قەڵادزێ چ مەسئوولیەتی هەیە؟ حەمیدی قالە دزەیش زۆر شەیتان و نەوسن بوو! گوتی نەوەڵا هیچ نییە بەس من و ئەو ئاماژەی بۆمانكرد كە مەسئول و شتمان بەدەستە!! كێخوا قوڕ بەسەر ئەو دەم فەرماندەی كەرت بوو، حەمید تا ئەو كات چ لێپرسراوەتییەكی نەبوو، منیش لێپرسراوی ناوچەی (ی.ن.ك) بووم، كە نان دانرا سینی من و حەمیدی قالە دزەیی پڕ گۆشت و ڕازاوە بوو، كێخوا و مام عومەری عەوڵاشەلی پێكەوە لەسەر سینیەك بوون گۆشتی زۆر كەم لەسەر دانرابوو، كێخواش تەماشای دەكردین نەیدەزانی مەسەلە چییە و پێی سەیر بوو، ئێمەش بە رووخۆشی و زەوق و خۆشییەوە نانمان خوارد، كێخوا سەری سوڕمابوو!! 

وتارەکانی نوسەر