بۆ هەرێم چی پێویستە؟

10:47 - 2022-12-05
ئازاد جۆڵا
333 خوێندراوەتەوە

رەوشی جیهان بە گشتی لەهەموو روویەکەوە لە گۆڕانکاری خێرادایە، بۆ ئەمەش نەک ئێمەی کوردی بێ دەوڵەت و پشت و پەنا، بەڵکو وڵاتانی ناوچەکەش بارگاوین بەم گۆڕانکاریانە و ئاڵۆگۆڕی بەرچاو بەسەریاندا دێت. 
ئەم گۆڕانکاریانەش بێگومان شێوازی هاوپەیمانێتی و دۆخی ئابووری و سیاسی و سەربازی لە ناوخۆشدا دەگرێتەوە. 
ئەو هەلومەرجەی لە رابردوودا بۆ کورد لە باشوور رەخسا، هۆکارەکەی فاکتی ئەوکاتی جیهان بوو کەوا ئەمریکا 
رابەرایەتی دەکرد.
 ئەوکات ئەمریکا نەک هەر خۆی، بەڵکو هاوپەیمانییەکی بەهێزیشی پێکهێنا و هەر خۆشی سەرۆکایەتی دەکرد، ئەمەش لەپێناوی بەجێگەیاندنی ئامانجە دوور و نزیکەکانی بوو، بە تایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. 
کورد و هەندێک پێکهاتەی تریش لە ناوچەکەدا سوودمەند بوون لەم تاکڕەوییەی ئەوکاتی ئەمریکا و هاتنی بۆ ناوچەکە، سەرەنجام راپەڕین و جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی لە باشووری کوردستانی لێکەوتەوە. دوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆریش بە شێوەیەکی رەسمی و دەستووری وەک هەرێمی کوردستان ناسێندرا لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا. 
ئێستا هەرێم سەروەریی خۆی هەیە و پێویستە کورد رەچاوی داخراویی جیۆپۆلێتیک و ئەم دۆخەی ئێستای ناوخۆ و عیراق و ناوچەکە و جیهان وەک خۆی بخوێنێتەوە و ببینێ، گەرنا دۆخەکە بە خێرایی لە گۆڕانکاری گەورە و ریشەییدایە، رەنگە دواتر فریای نەکەوێ و ئەم دەرفەتەشی لە کیس بچێ.
 ئێستا کورد بۆ لەدەست نەچوونی ئەزموون و هەرێمەکەی و دووبارە جینۆساید نەبوونەوەی، تاکە بەڵگەیەک کە رەسمی بێ و بەهای یاسایی و نێودەوڵەتیشی هەبێ و بتوانێ لەداهاتوو بیپارێزێ و لە کارەساتەکانی مێژووی رابردووی دووری بخاتەوە، دەستووری هەمیشەیی ئێستای عیراقە و تاکە خاڵی بەهێزی کورد و بەڵگەی رەسمییە. 
بۆیە ئێستا کورد پێویستە لەسەر دوو ئاڕاستە کاربکات، یەکەمیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و چاکسازی راستەقینە و شەفافیەت و دابینکردنی بژێوی خەڵک و گەڕانەوەی جۆرێک لە متمانە لە نێوان خەڵک و حکومەت و دادپەروەری و یەکڕیزیی و کۆدەنگی نێوماڵی هەرێم و کرانەوەی زیاتر و پابەندبوون بە بنەما دیموکراسییەکان و رێزگرتن لە رای جیاواز و ئازادی بیروڕا و توانەوەی بەستەڵەکی چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمدا. 
دووەمیان پێویستە هەرێم بە شێوەیەکی جدی و لە ئاستێکی باڵای وەفدێکی سیاسی، بچێتە بەغدا و پێداگری بکات لەسەر جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە هەموو بوارەکاندا.
لەدەرەوەی ئەمانە هەرێم لەبەردەم مەترسی زۆر گەورە دایە، دۆخەکە لە بەرژەوەندی کورد نییە هەوڵ هەیە بۆ خراپترکردنی دۆخەکە بەمەش تا کات بڕوا بۆ کورد سەخت تر دەبێت. 
جگە لەم چارەسەرە هیچ ئاسۆیەکی تر لە ئارادا نییە، چاوەڕوانیش دەکرێ ئەگەر کورد ئەم دۆخە خراپەی ئێستای خۆی تێنەپەڕێنێ، لەداهاتووشدا و لەم گۆڕانکاریانەی بە دڵنییاییەوە روودەدەن، هیچ هێز و لایەنێک پاڵپشت و پشتیوان و بەرگریکاری کورد نابێ و کوردیش بەم دۆخەی ئێستای خۆی توانای پاراستنی خۆی و ئەزموونەکەی و مانەوەی نابێ.

کورد دەبێت ئامادەیی پێشوەختەی هەبێت لە ئەگەری روودانی هەر کارەساتێک

وتارەکانی نوسەر