هەرچی زووترە، هەڵبژاردن بکرێت

09:27 - 2024-03-24
ئازاد جۆڵا
103 خوێندراوەتەوە

هەرێمی کوردستان لە ئازاری 1991 -ەوە بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و یەکگرتوویی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و رەوایەتی دۆزەکەی و دیکتاتۆریی و دڕندەیی رژێمی بەعسی ئەوکات، توانیی راپەڕینێکی سەرتاسەری بکات. 

تاکە رێگە بۆ مانەوە و پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئەم ئەزموونە سیاسییەی هەرێمی کوردستان پابەندبوونە بە دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتەوە لە رێگەی هەڵبژاردنێکی پاکەوە لەکاتی خۆیدا

دەسەڵاتی شۆڕشگێڕیی ئەوکات، ئەو مافەی بەخۆی دا بۆئەوەی کاروباری رۆژانەی خەڵک و خزمەتگوزاری و ژیان بەردەوامیی هەبێ و لە هەمانکاتیشدا سۆز و سەرنجی وڵاتانی دۆست و جیهان بۆ دەرەنجامی راپەڕینەکە و باوەڕبوون و پابەندبوونی کورد بە دیموکراسی و ئازادی لەم ناوچەیە رابکێشێت و  بۆئەوەی بیسەلمێنێت کە کورد گەلێکی ئاشتیخواز و ئازادیخوازە و زوڵمی زۆری لێکراوە و وەک هەر گەلێکی تری ناوچەکە مافی ئازادی و خۆبەڕێوەبەری و پابەندییە دیموکراسییەکانی هەیە، دەسەڵاتی سیاسی ئەوکات لە چوارچێوەی (بەرەی کوردستانی)دا، یەکەم بڕیاری دەرکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان-عیراق، وەک قەوارەیەکی دیموکراسی هەڵبژێردراوی دیفاکتۆ لە دەرەوەی دەستوور و دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی عیراقی ئەوکات.
ئەم دیفاکتۆیە سەرەڕای هەوڵی زۆری وڵاتانی ئیقلیمی و ناوچەکە، سەرەڕای شەڕی ناوخۆ و وێرانکارییەکی زۆر، بەڵام بە پشتیوانیی خەڵکانی دڵسۆز و خۆڕاگریی گەل و هاوکاری هاوپەیمانان و وڵاتانی دۆست، درێژەی بە مانەوەی خۆی دا و هەرچۆنێک بێت لەسەر پێی خۆی وەستا. تا ئەوکاتەی لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق و دواتریش دەرچوونی دەستووری نوێ، هەرێمی کوردستان تەنها قەوارەیەکی دیفاکتۆی نادەستووری و نا یاسایی دان پێدانەنراو بوو، هەم لەلایەن عیراقەوە و هەم لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیشەوە. 
ئەوکاتە راپەڕین ئەنجامێکی دەستووری و دەستکەوتێکی نەتەوەیی مێژوویی یاسایی و دانپێدانراوی بەدەستهێنا. کە دەستووری نوێی عیراق دەرچوو و بەشێکی باش لە مافەکانی گەلەکەمانی تێدا جێگیرکرا، واتا ئەو کاتانەی هەرێم تەنها قەوارەیەکی دیفاکتۆ بوو، دەتوانین بڵێین هەمیشە لەژێر مەترسی و هەڕەشە و قابیلی لەناچوون یان گۆڕانکاریی نەرێنیدا بوو، بەڵام دوای بە دەستووریبوونی هەرێم وەک قەوارەیەکی نەتەوەیی، سیاسی، یاسایی، تایبەتمەند، هیچ دەرفەتێکی لەبەردەم دوژمنان و نەیاراندا نەهێشتەوە تا ئەم ئەزموونەی هەرێم پاشەکشە بکات و مەترسیی لاوازبوون و لەناوچوونی لێبکرێت، مەگەر تەنها خۆمان نەبین. 
ئێستاش دوای تێپەڕبوونی ئەم مێژووە تاڵ و نەخوازراوەی ئەم هەرێمە بەڕێیکرد، تاکە رێگە بۆ مانەوە و پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئەم ئەزموونە سیاسییەی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونە بە دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتەوە لە رێگەی هەڵبژاردنێکی بێگەردەوە لەکاتی خۆیدا، چونکە ئێستا گەورەترین هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان و ئەزموونە نەتەوەییەکەی، دواکەوتن و رەتکردنەوە و نەکردنی هەڵبژاردن و مانەوەی دۆخی نەخوازراوی هەرێمە بەم شێوەیەی ئێستا و رابردوو. 
بەردەوامیی ئەم چەقبەستنە سیاسییە بێ پەرلەمان و ئەو درێژەکێشانەی حکومەتی کاربەڕێکەر و دۆخی خراپی ئابووری و کارگێڕی و حکومڕانیی هەرێم، دەرفەتێکی زێڕین بۆ دوژمنان و نەیاران دەڕەخسێنێت بۆئەوەی غیابی دامەزراوەی هەڵبژێردراوی شەرعی و یاسایی و کارا و بەهێز بقۆزنەوە تا دووبارە و وەکو پێش پڕۆسەی ئازادیی عیراق و دەستووری نوێ، هەرێم بگەڕێننەوە دۆخی دیفاکتۆ  و دەستکەوتە نەتەوەییە یاسایی و دەستوورییەکانمان بکەوێتە مەترسییەوە. 
بۆیە باشترین کارێک بۆئەوەی رێگە لەم خواست و هەوڵ و پیلانەی نەیاران و دوژمنانی گەلەکەمان بگیرێت، ئەوەیە ئاشتەوایی گشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەیی بێتە ئاراوە و لەوە زیاتر دەرفەت لەدەست نەدرێت و هەڵبژاردن بکرێ و پەرلەمانێکی چالاکی خاوەن دەنگ و شەرعییەتی گەل دروستبکرێتەوە و حکومەتێکی کارا و بەهێزی پشتیوان بە گەل پێکبهێنرێت و متمانەی نێوان خەڵک و دامەزراوەکانی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمدا زیندوو بکرێتەوە و یەک گوتاری و یەک ئاراسەتەیی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا دروشم و ئامانج و کرداری هەموو لایەنەکان بێت.

وتارەکانی نوسەر