لە نێوان غەزە و رۆژئاوای کوردستاندا

09:43 - 2023-10-25
ئازاد جۆڵا
249 خوێندراوەتەوە

مرۆڤەکان لەهەر شوێنێک بن، سەر بە هەر ئایین و مەزهەب و نەتەوەیەک بن، پێویستە رێزلێگراو بن و دووربن لە کوشتار و دەربەدەری و شکاندنی شکۆی مرۆڤایەتییان، پێویستە ئازادی و ژیان و مافەکانیان مسۆگەر و پارێزراو بێت، نابێت جیاکاری لە نێوان مرۆڤەکان بکرێت و دەبێت لە ئەرک و مافدا یەکسان بن. 
هەموو ئەم مافانەش لە دەستوور و دەقە ئایینیەکان و کارنامەی حکومەتەکان و بەرنامەی حزبە سیاسییەکان بە ئاشکرا راگەیاندراوە،  هیچ کەس و لایەنێک بە ئاشکرا ئەم مافانەی رەتنەکردۆتەوە. 
جیاوازی کردن لە نێوان گەلانی جیهان
بۆچی جیاوازی دەکرێت لە نێوان نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی تر یان نیشتمانێک بۆ نیشتمانێکی تر؟
زۆر بە ئاشکراو بە روونی جیاوازی دەبینرێت لە هەڵوێست و کاردانەوەکان لە هێرش و پەلاماری ناڕەوای داگیرکارییانە لە نێوانی داگیرکارێک لەگەڵ داگیرکارێکی تر.
مێژوویەکی دوور و درێژە کوشتن و راوەدوونان و دەربەدەرکردنی کورد لە نیشتمانی خۆی بەردەوامە، گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، هەموو شێوازێکی دوژمنکارانە و نا مرۆڤانە بەکارهێندراوە بۆ لەناوبردنی، کەچی تائێستاش لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان، کورد دۆستێکی هەمیشەیی و پارێزەرێکی مرۆڤ دۆستانەی نەبووە، هەمیشە دۆستەکانی ئەگەر هەبووبێ کاتیی بووە و دواجار هەر بە تەنها رووبەڕووی داگیرکەر و دوژمنەکانی بۆتەوە. 
هێرشەکان بۆ سەر کوردستان و غەزە
ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان هێرشی بەردەوامی تورکیا بۆ سەر سێ پارچەی کوردستان و  ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، ئەگەر سەیری کاردانەوە و هاوسۆزی نەتەوەیی و ئایینی بکەین، تەنانەت کوردە موسڵمانەکانیش، بەڕاستی کاتی ئەوە هاتووە پرسیارگەلێک ئاڕاستەی خۆمان و دیموکراسیخوازانی جیهان و تەواوی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستان بکەین، ئاخۆ هۆکاری ئەم جیاوازییە زەق و نامرۆڤانەیە چییە؟
ئەگەر هۆکارەکە هەست و سۆزی نەتەوەییە، زۆرن ئەوانەی عەرەب نین،  بەڵام پشتیوانی نەتەوەی عەرەب و خاکی غەزە و پرسی رەوای فەلەستین دەکەن. 
ئەی بۆچی پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان ناکەن؟ خۆ کوردیش وەکو عەرەبەکانی غەزە  مرۆڤە و مافی ژیانی هەیە!
ئەگەر هۆکارەکە ئایینە، کوردیش موسڵمانێکی بە گوڕ و تینەو زۆرجاریش هێندەی شانازی بە موسڵمانبوونی خۆیەوە دەکات هێندە بە کوردبوونییەوە ناکات. 
باوەڕ بە موسڵمانبوونی کورد دەکەن؟
ئەگەر عەرەب و نەتەوە موسڵمانەکانی جیهانیش  باوەڕ بە موسڵمانبوونی کورد ناکەن، ئەوا پێویسته کورد ئەم پرسیارە لەخۆی بکات و بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێت!
ئەگەر  هۆکارەکە زیرەکی و لێهاتوویی سەرکردە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی غەزە و فەلەستین بێت، لە دیپلۆماسیی و پەیوەندیی سیاسی و نێودەوڵەتی و باوەڕبوون بە دیموکراسی و حوکمڕانییەکی تەندروست، لەوەناچێت ئەوانەی غەزە لە سیاسییەکان و دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای کوردستان لێهاتووتر و دیموکراسیخوازتر بن !
راستە کورد یەک هەڵوێست و یەک دەنگ و یەک بڕیار نییە، بەڵام خۆ عەرەبیش سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی 22 دەوڵەتن، کەمجار روویداوە چواریان لەسەر بابەتێک هاوپەیمان و یەک هەڵوێست بن.
ئەگەر بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتانی زلهێزە، لەوەناچێ غەزە و تەواوی فەلەستینیش هێندەی کوردستان دەوڵەمەند بێت، ئاشکراشە وەبەرهێنان و قازانج  لەسەر خاکی کوردستان ئاسان تر و مسۆگەرترە.
هاوخەمی پرسە رەواکەی خۆی نییە
ئەوا گریمان وڵاتان و نەتەوەکانی تر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان هاوخەم و هاوکاری عەرەب و غەزەن، بەڵام ئەی بۆچی کورد خۆی هاوخەم و هاوکار نییە بۆ پرسە رەواکەی خۆی؟
بەتایبەتی لەوەی ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان  لە کوشتاری ژن و منداڵ و هێرش و خاپووکردنی سەرخان و ژێرخانی ئابووری و هەوڵی داگیرکاری و گەلەکۆمەکێی بەرامبەر دەکرێ.

نەهامەتی خەڵکی غەزە بەهۆی ململانێی حەماس و ئیسرائیل

وتارەکانی نوسەر