خوێندنەوەیەک بۆ بڕیارەکانی دادگای باڵا

09:33 - 2024-02-25
ئازاد جۆڵا
134 خوێندراوەتەوە

هەرچۆنێک خوێندنەوە بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عیراق بکرێت، تەواو یاسایی بێت یاخود رەهەندی سیاسی لە پشتەوە بێت وەک (هەندێک کەس و لایەن پێی نیگەرانن و تەنگەتاو بوون)، بەڵام لە کۆتاییدا چەند سوودێکی گرنگ و ستراتیژی هەیە . 
٭دەبێ مووچە نەدراوەکان بدرێنەوە. 
٭هەموو عیراقییەکان وەکو یەک و لەیەک کاتدا مووچەکانیان پارێزراو بێ و وەریبگرن.
٭یەک سیستمی کارتی بانکی عیراقی هەموو عیراقییەکان دەتوانن مووچەی پێ وەربگرن.
 ٭شێوازی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەیەک بازنەوە بوو بە چوار بازنە.
 ٭11کورسی کۆتا، مسۆگەری بەکارهێندراو نەما.

راپرسی لەناو خەڵکدا بکرێت
 ئێستا هەر هێز و لایەن و گروپ و دامەزراوەیەک، ئەگەر پێیوایە ئەم بڕیارانەی دادگای باڵا نادروست و دژ بە هەرێم و قەوارەکەیەتی، یان لەبەرژەوەندیی گشتی هەرێم و گەلەکەی نییە، دەتوانێ راپرسییەکی راست و دروست و پاک و بێگەرد لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات و دواتریش ئەنجامەکان بەیان بکات.
 من بۆ خۆم لەدوای خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستانەوە، دەیان جار داوای ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵیم کردووە بۆ هەڵبژادن و کێشە و شێوازی بەشداریی کۆتاکان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیکردنی راستەقینە.
 چەندین بەرنامەم لەسەر ئەم بابەتە کردووە، دەیان وتارم لەسەر هەمان بابەت نووسیوە. 

بەکارهێنانی کۆتا لەسوودی  لایەنێکی دیاریکراو
ئەمە جگە لە کۆبوونەوەی رەسمی و گەیاندنی پەیام و گفتوگۆی زۆر و چڕ و پڕ و بێ ئەنجام، چونکە روون ئاشکرابوو لایەنە نەرێنییەکانی ئەم شێوازەی نوێنەرایەتی کۆتاکان و بەکارهێنانیان لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە، چەند گرفتێکی گەورەیە و نە خزمەت بە پێکهاتەکان دەکات، نە خزمەت بە هەرێمی کوردستان و پڕۆسە دیموکراسییەکەی، ئەمە جگە لەوەی کە بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان نەدەکرد و بارێکی قورس و گرانیش بوون بەسەر تەواوی هەرێمی کوردستان و پرسی دیموکراسی و پێکەوەژیان و سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هۆکاریش بوون بۆ دەیان کێشە و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و هەڕەشەی زۆرینەی پشت بەست بە 11 کورسیی کۆتاکان. هەموو ئەمانە کۆتاییان هات.

لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی کورد
دوای بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و پڕۆسەی هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەبردن و حکومڕانیی گۆڕانکاری ریشەیی بەخۆوە ببینێ و رووە و ئاڕاستەیەکی دیموکراسیانە تر و شەفافانەتر و دادپەروەرانەتر و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەلەکەمان زیاتر و زیاتر هەنگاو بنێ و ریزەکانی خۆی رێکبخات و ئەزموون لە رابردووی تاڵی رەنج بە خەساری وەربگرێ .

وتارەکانی نوسەر