وەڵام و تەحەددایەک بۆ وتە و ژمارە پڕ لە چەواشەکارییەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان

09:51 - 2022-12-06
کاروان گەزنەیی
372 خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی، لە کەناڵی حزبەکەیەوە چەند داتا و رەقەمێکی بڵاوکردووەتەوە، کە پێویستە لێرەدا بە شێوەیەکی ئەکادیمی بۆی راست بکرێتەوە و وەڵامی بدرێتەوە!

یەکەم: باس لەوە دەکات کە مانگانە (356) ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی دەنێردرێت؛ 
- مانگانە لە فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان کە زیاترە لە (1,200) یەک ملیار و دوو سەد ملیۆن دۆلار، تەنها (187) ملیۆن دۆلار دەنێرێتە سلێمانی، کە دەکاتە (280) ملیار دینار. واتا مانگانە سلێمانی عجزێکی تەراکومی هەیە کە زیاتر لە (50) ملیار دینار بەهۆی نەناردنی پارە لە حکومەتەوە. 

دووەم: باس لەوە دەکات کە لە کابینەی (9)، بڕی (16) ترلیۆن دینار لە کۆی (40) ترلیۆن دینار بۆ سلێمانی خەرجکراوە؛
- لەم پارەیەی باس دەکرێت بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی خەرجکرابێت، یەک دیناریش خەرج نەکراوە. سەرۆکی حکومەت هەموو جارێک کە بڕیاری پارە خەرجکردنی داوە، لەسەر بودجەی سلێمانی بووە کە هیچ پارەیەک نەبووە، و 
پێشتر تەمویلی مووچەی پێکراوە. 

- نموونە، هەموو پڕۆژەکانی ئەم پارێزگایە بە هۆی نەبوونی 
بودجەوە وەستاون، لە ناویاندا دووسایدی رانیە سلێمانی، و کەلار و سەد مەتری و تەواوی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، کە نزیکن لە (2000) پڕۆژە. 

سێیەم: لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، بەو پەڕی تەحەدداوە دەنووسم، کە ئیدارەی سلێمانی زیاتر لە (1) ترلیۆن دیناری داوە بە مووچەی ئەو پارێزگایە لەبەرئەوەی حکومەت نەیناردووە و دەبوو ئەم پارەیە بۆ پڕۆژەکان خەرجبکرێت. 

چوارەم: باس لە چاکسازییەکانی حکومەت دەکرێت، کام چاکسازی ئەوانەی کە لە دوای چاکسازی داهاتی نەوت بەوتەی خۆیان (100) ملیۆن دۆلار کەمیکرد؟ یان ئەو چاکسازییە کە لە مووچەکرا، کە پێشتر (850) ملیار بوو، و لەگەڵ چاکسازی بوو بە (900) ملیار دینار.

پێنجەم: حکومەت گەمارۆیەکی ناشەریفانەی سلێمانی دەدات، و نە پارە دەنێرێت و نە رێگە بە تەواو بوونی پڕۆژەکانی دەدات، لە کاتێکدا زیاتر لە ترلیۆنێک دۆلار داهاتی هەرێمە و ئەم پارانە دیزە بەدەرخۆنە دەکرێن؛ تەنانەت داهاتی حانووتی خوێندنگەکانیش دەچێتەوە بۆ هەولێر، نەک هەر پارە لە هەولێرەوە نایەت. 

شەشەم: هەموو کەسێک وا قسەی بکردایە، نەدەبوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەم شێوەیە قسە بکات، چونکە جەنابیان باش دەزانن ئێمە داوای دانیشتنی پەرلەمانمان کردووە لەسەر پرسی سلێمانی و جەنابیان رێگرن لێی. هاوکات، دەبوو خۆی لیژنەیەک رابسپێرێت، لانیکەم لیژنەی دارایی کە دەسەڵاتی خۆیەتی بە پێڕەو، بۆ ئەوەی ئەو ژمارانەی بۆ راستبکەنەوە و نەکەوێتە ئەم هەڵەیەوە.

لە کۆتایدا دەڵێم، دەبوو لە بری پەلە کردن و هەڵەداوان بۆ فڕێدانی چەند ژمارەیەکی چەواشەکاری، تەئکیدی زانیارییەکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران بکردایەتەوە چونکە بەرپرسیارە لە بەردەم دادگای خودا و خەڵکدا بۆ کۆمەڵێک چەواشەکاری و بەشێکە لە نەخشەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان! 

لێرەشەوە تەحەددای جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەکەم، ئەگەر هەر سوورن لەسەر ژمارە ناڕاستەکانییان، هەر کەناڵێک خۆیان ئیختیاری دەکەن بۆ هەر کاتێک با دیبەیتێک ساز بکەین لەسەر کۆی ئەم پرسانە و دوای بینینی بەڵگەکانیش با خەڵکی کوردستان بڕیار بدات.

تێبینی: قسەکانی زۆری ماوە و هەمووی بە بەڵگەوە وەڵام دەدەمەوە؛ ئەگەر تەحەدداکەشم قوبووڵکرا، دەیبەینە دیبەیتەکە.

وتارەکانی نوسەر